بەپێی ڕاپۆرتەکانی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا؛ بەرەبەیانی دووشەممە ٤ی جۆزەردانی ١٤٠٥، سێ هاووڵاتیی کوردی خەڵکی گوندی «بەفرەوان» سەر بە ناوچەی «شامات»ی شارستانی مەهاباد، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کران و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزران.
بەپێی سەرچاوە زانیاردارەکانی هانا؛ «مەنسوور عەباسی»، «ئەحەد خیری» و «واحید خیری» لە کاتی هێرشی هێزە ئەمنییەکان بۆ سەر ماڵە تایبەتییەکانیان، بەبێ نیشاندانی هیچ جۆرە بڕیارێکی دادوەری دەستبەسەر کراون.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، «ئەحەد خیری» و «واحید خیری» کە بران، لەگەڵ «مەنسوور عەباسی» بە شێوەیەکی هاوکات دەستبەسەر کراون و دوای ڕاگواستنیان بۆ شوێنێکی نادیار، لە مافی پەیوەندیکردن بە بنەماڵەکانیان و دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەش کراون.
تا کاتی ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە، بە تێپەڕبوونی چەندین کاتژمێر بەسەر کاتی دەستبەسەرکردنیاندا، هیچ زانیارییەکی فەرمی سەبارەت بە شوێنی ڕاگرتن، دۆخی جەستەیی و ئەو تۆمەتانەی ئاراستەی ئەم هاووڵاتییانە کراون، بڵاو نەکراوەتەوە.
دەستبەسەرکردنی هاووڵاتییان بەبێ نیشاندانی بڕیاری دادوەری، ڕاگرتنیان لە شوێنی نادیار و بێبەشکردنی دەستبەسەرکراوان لە دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر و پەیوەندیکردن بە بنەماڵەکانیان، بە نموونەی پێشێلکاریی ئاشکرای بنەماکانی دادگاییکردنی دادپەروەرانە و مافە بنەڕەتییەکانی ناو بەڵگەنامە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ، لەوانەش پەیماننامەی نێودەوڵەتیی مافە مەدەنی و سیاسییەکان دادەنرێت.
