ڕاپۆرتی هانا لە سەر بێسەروشوێن کردنی زۆرەملێی ئارمان خالق پەنا؛ حەوت مانگ بێ هەواڵی و بێدەنگی بەرپرسانی دادوەری و ئەمنی

بەپێی ئەو زانیارییانەی گەیشتووەتە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا،بە تێپەڕبوونی نزیکەی حەوت مانگ لە دەستبەسەرکردنی ئارمان خالق‌پەنا هاووڵاتی تەمەن ٣٥ ساڵەی خەڵکی سەقز،شوێنی ڕاگرتن و چارەنووسی ناوبراو هێشتا نادیارە. بنەماڵەکەی لەم ماوەیەدا چەن جار سەردانی مەرجەعە دادوەری و ئەمنییەکانیان لە سەقز،سنە و تاران کردووە،بەڵام هیچ ناوەندێکی فەرمی تا ئێستا بەرپرسیارێتی ڕاگەیاندنی شوێنی ڕاگرتن،دۆخی جەستەیی یان ئەساسی بەردەوامبوونی بێبەشکردنی لە ئازادی نەگرتووەتە ئەستۆ.

ئارمان خالق‌پەنا ڕۆژی ١٧ی ڕەشەمێی ١٤٠٤ لەگەڵ شێخ زاھید شەهابی،لە کاتی چوونە ناو شاری سەقز، لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سوپاوە دەورە دران.
بەپێی زانیارییەکانی هانا،مامورەکان بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوو تەقەیان لە ماشینەکەیان کردووە و ئارمان خاڵق‌پەنا لە بەشی کەمەر بۆ خوارەوە بریندار بووە.
دوای ئەوە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوەتەوە. شێخ زاھید شەهابیش دەستبەسەر و بۆ زیندانی ناوەندیی سەقز نێردراوە،بەڵام لەو ڕۆژەوە هیچ شوێنێکی فەرمی بۆ ڕاگرتنی ئارمان خاڵق‌پەنا ڕانەگەیەندراوە.

نزیکەی دوو مانگ دوای ئەوە،نامەیەک سەبارەت بە گواستنەوەی ئەو بۆ قەرەنتینەی زیندانی ناوەندیی قوروە دەرچوو،بەڵام مەسئولانی ئەم زیندانە لە دوای سەردانی بنەماڵەکەی ڕایانگەیاند کە ناوبراو بۆ ئەوێ نەهاتووە. بنەماڵەکەی لە درێژەدا ناچار بوون بۆ دۆزینەوەی نیشانەیەک لە کوڕەکەیان تەنانەت گوڕستانەکانی پارێزگای کوردستان بگەڕێن.
دوایین ئیستعلام لە سەبتی ئەحواڵ لە ١١ی ڕەزبەری ١٤٠٥ نیشانی داوە کە دۆخی ئەو هێشتا بە (لە ژیاندا ماوە) تۆمار کراوە. ئارمان خاڵق‌پەناه لە کاتی دەستبەسەرکردنیدا هیچ مەدرەکێکی ناسنامەی پێ نەبووە و لە گشت ئەم ماوەیەدا هیچ ناوەندێکی فەرمی بۆ وەرگرتنی مەدرەکەکان یان ڕوون کردنەوەی دۆخی ئەو تەلەفۆنی بۆ بنەماڵەکەی نەکردووە.

کۆی ئەم ڕاستییانە،یانێ دەستبەسەرکردن لەلایەن مامورانی سەر بە ناوەندێکی حوکمی، گواستنەوەی کەسی بریندار بۆ شوێنێکی نادیار،بڕانی بەتەواوی پێوەندی لەگەڵ بنەماڵە،نەبوونی ڕاگەیاندنی شوێنی ڕاگرتن و وەڵام نەدانەوەی بەردەوامی مەرجەعە فەرمییەکان لە ڕوون کردنەوەی چارەنووسی، توخمە جیدی بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێی لەم پەروەندەدا وەسەر یەک خستووە. بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێ لە مافی نێودەوڵەتیدا تەنیا دەستبەسەرکردنێکی نایاسایی نییە،بێبەشکردنی کەسێک لە ئازادی و پاشان شاردنەوەی سەرنووشت یان شوێنەکەی،لە ڕاستیدا ئەو کەسە لەژێر حیمایەتی یاسا دەرئەکات و کۆمەڵێک مافی بنەڕەتی، لەوانە ئازادی و ئەمنییەتی شەخسی، سڵامەتیی جەستەیی، دەسڕەسی بە حیمایەتی دادوەری و لە هەندێ دۆخیشدا مافی ژیان ئەخاتە بەر مەترسیی پێشێلکردنەوە.
لە ئەگەری هاتنەدیی مەرجی تایبەتی هێرشی بەربڵاو یان ڕێکخراو دژی خەڵکی سڤیل،ڕەفتارێکی لەو شێوەیە ئەتوانێت وەک تاوان دژی مرۆڤایەتیش بخرێتە ڕوو.

بێسەروشوێنکردنی کەسەکان لە دەستبەسەرگەی دامەزراوە حوکمییەکانی ئێراندا دیاردەیەکی تازە نییە و نموونەکانی لە ماوەی دەیەکانی ڕابردوودا لە بەڵگەنامە و پەروەندەکانی میکانیزمەکانی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکاندا تۆمار کراوە.
بەم هۆیەشەوە، بێدەنگیی چەن مانگە سەبارەت بە سەرنووشتی کەسێک کە دواجار بە برینداری و لەژێر دەسەڵاتی دامەزراوەیەکی ئەمنیدا بینراوە، ناتوانرێت بە ناوی مەحرەمانەبوون یان ئەمنیبوونی پەروەندەکەوە پاساو بدرێت.هیچ تێبینییەکی ئەمنی ئیجازەی سڕینەوەی ئینسانێک لە سیستەمی تۆماری دادوەری،بڕانی پێوەندیی ئەو لەگەڵ دونیای دەرەوە و بێخەبەر هێشتنەوەی بنەماڵەکەی لە زیندووبوون، شوێنی ڕاگرتن یان دۆخی جەستەیی ناوبراو نادات.

ئەم دۆخە تەنانەت لەسەر ئەساسی یاسا ناوخۆییەکانی کۆماری ئیسلامیش ناتوانرێت پاساو بدرێت.ئەسڵی ٣٢ی دەستوور و ماددەکانی ٤٩ تا ٥٣ی یاسای ئایینی دادرەسیی کەیفەری، دەستبەسەرکردن و ڕاگرتنی کەسانیان بەستووەتەوە بە تۆمارکردن،زانیاری دان چاوەدێریی دادوەری و ڕەچاوکردنی مافەکانی کەسی ژێر چاوەدێری.پێویستە پولیسی دەسبەر بە زووترین کات داواکاری گشتی ئاگادار بکەنەوە لە ناسنامەی کەسەکە و هۆکاری بوونی لەژێر چاودێریدا و لە کورتترین مەودادا بە دادسەرای ڕابگەیەنن و داواکاری گشتی مەسئولی چاوەدێریکردنی یاساییبوونی ئەم دۆخەیە.دوای حەوت مانگ ئیتر پرسیارەکە تەنیا ئەوە نییە ئارمان خاڵق‌پەنا لەکوێیە پرسیارەکە ئەوەیە کە دەستبەسەرکردنی ئەو لە کام مەرجەعی دادوەری تۆمار کراوە،چە مەقامێکی دادوەری چاوەدێریی ڕاگرتنی کردووە، چ بڕیارێکی یاسایی لەسەر دەرچووە و کام ناوەند دواجار مەسئولی تەحوێل گرتن و ڕاگرتنی بووە.

ئیتلاعاتی سوپا کە بەپێی زانیارییە بەردەستەکان دەستبەسەرکردنی سەرەتایی بە هێزەکانی ئەو نیسبەت ئەدرێت، مەجبوورە بە وەڵامدانەوە سەبارەت بە شوێنی گواستنەوە،دۆخی جەستەیی و زنجیرەی ڕادەستکردنی ئارمان خاڵق‌پەنا هەر ناوەندێکی ئەمنیی دیکە،لەوانە وەزارەتی ئیتلاعات، ئەگەر ئەویان تەحویل گرتبێت،ڕایانگرتبێت یان زانیارییەکیان لەسەر چارەنووسی ببێت،ناتوانن بە پشتبەستن بە مەحرەمانەبوون لە وەڵامدانەوە بە مەرجەعی دادوەری و بنەماڵەکەی خۆیان بدزنەوە.ماددەکانی ٢٨ و ٢٩ی یاسای ئایینی دادرەسیی کەیفەریش مامورانی ئەم ناوەندانەی وەک زابیت خستووەتە ژێر چاوەدێریی داواکاری گشتییەوە.بۆیە بەردەوامبوونی ئەم دۆخە،بەرپرسیارێتیی داواکاری گشتی بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ دێنێتە گۆڕێ و بێدەنگیی دەزگای دادوەری لە هەمبەر بێسەروشوێنبوونی کەسێک لە دەستبەسەرگەی ئەمنیدا قبووڵکراو نییە.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا بێسەروشوێن کرانی ئارمان
خاڵق پەنا و بەردەوامبوونی دامودەزگا بەرپرسەکان لە نەدرکاندنی چارەنووسی بە توندی ئیدانە ئەکات و داواکارە دەسبەجێ شوێنی ڕاگرتن و دۆخی جەستەیی ناوبراو ڕابگەیەنێت، هەروەها دەرفەتی چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵە و پارێزەری پێ بدرێت، پشکنینی پزیشکیی سەربەخۆی بۆ بکرێت و لێکۆڵینەوەی دادوەری لەسەر تەقەکردن لە کاتی دەسبەسەرکردن و لە کاتی گواستنەوەیدا ئەنجام بدرێت. دادسەرا ئەرکدارە بێ هیچ دواخستنێک، تەواوی پێشینە و بەڵگەنامەکانی دەسبەسەرکردن، گواستنەوە و ڕاگرتنی ناوبراو لێک بداتەوە و بەرپرسیارێتی هەر مەقام یان دەزگایەک کە لە شاردنەوەی چارەنووسی ئەودا دەستی هەبووە،ڕوون بکاتەوە.

تا ئەو کاتەی شوێن و چارەنووسی ئارمان خاڵق‌پەنا بە شێوەی فەرمی و شیاوی سەڵماندن ڕوون نەبێتەوە،هانا ئەم دۆسیەیە وەک نموونەیەکی جدی لە بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێ بەدواداچوونی بۆ دەکات.هیچ دەزگایەکی ئەمنی و هیچ مقامێکی دادوەری ناتوانێت مرۆڤێک دەسبەسەر بکات و پاشان بوونی ئەو لە پشت دیواری بێدەنگی،نهێنیبوون و وەڵامنەدەرەوەیدا بشارێتەوە.دۆخێکی ئاوا،پێشێلکردنی ڕاستەوخۆی سەروەریی یاسا و مافە بنەڕەتییەکانی تاکێکە کە کەوتووەتە ژێر دەسەڵاتی دەوڵەتەوە و دەوڵەت لە ئاست گیان، تەندروستی و چارەنووسی ئەودا بەرپرسیارە.

مقالات مرتبط

پر بیننده ترین ها