غوڵامرەزا خانی شەکرئاب بە تۆمەتی جاسوسی بۆ ئیسرائیل لە سێدارە درا

هەواڵنێری «میزان» سەر بە دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامی ئێران ڕاێگەیاند کە بەرە بەیانی ڕۆژی سێشەممە ٥ی جۆزەردانی ١٤٠٥، سزای سێدارەی «غوڵامرەزا خانی شەکرئاب»، زیندانیی سیاسی بە تۆمەتی «هاوکاریی هەواڵگری و سیخوڕی بۆ ئیسرائیل»، دوای پشتڕاستکردنەوە لەلایەن دیوانی باڵای وڵاتەوە جێبەجێ کراوە.

غوڵامرەزا خانی شەکرئاب، وەرزشکار و زیندانیی سیاسی، لە ڕەزبەری ١٤٠٤ دەستبەسەر کرا و پاشان لەلایەن لقی ٢٦ی دادگای شۆڕشی تاران بە تۆمەتی «هاوکاری لەگەڵ ئیسرائیل و بە تایبەت دەزگای هەواڵگریی موساد» سزای سێدارەی بەسەردا سپا .

دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامی ئێران، بانگەشەی کردوە ناوبراو لە پەیوەندی لەگەڵ دەزگای هەواڵگریی موساد دا، لە بواری هێزگرتن، ناردنی وێنە لە شوێنە تایبەتەکان و ئەنجامدانی کردەوی «دژە ئەمنیەتی»دا چالاکی هەبووە. هەروەها دەزگای دادوەری ئەویی بە ئامادەکاری بۆ تیرۆرکردنی ڕەبەنێکی جولەکە لە یەکێک لە وڵاتانی ناوچە تۆمەتبار کردووە.

بەڵام، هیچ وردەکارییەکی سەربەخۆ سەبارەت بە ڕەوتی لێکۆڵینەوە، شێوازی وەرگرتنی دانپێدانان، دەستگەیشتن بە پارێزەری هەڵبژێردراو و ئەگەری بەهرەمەندبوون لە دادگای دادپەروەرانە بڵاونەکراونەتەوە.

بەپێی ڕاپۆرتەکان، غوڵامرەزا خانی شەکرئاب پێش جێبەجێکردنی سزاکەی لە زیندانی ئێڤین بۆ ژوری تاکەکەسیی زیندانی قزڵ‌حەسار گواسترابووەوە.

سزای سێدارەی ناوبراو لە کاتێکدا جێبەجێ کراوە کە پێشتر دامەزراوەکانی مافی مرۆڤ نیگەرانیی خۆیان سەبارەت بە دۆخی ئەم زیندانییە سیاسیە دەربڕیبوو و ئاگادارییان لە نەبوونی وردەکاری ڕوون لە ڕەوتی دادگایی، ئەگەری وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ، بێبەشکردن لە دەستگەیشتنی کاریگەر بە پارێزەری سەربەخۆ و پێشێلکردنی بنەما بنەڕەتییەکانی دادگایی دادپەروەرانە دابوو.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا هاوکات لە گەڵ مەحکوومکردنی لە سێدارە دانی غوڵامرەزا خانی شەکرئاب و بەردەوامی لە سێدارەدانی زیندانیان لە دۆسییە سیاسی و ئەمنیەتیەکان، بە تایبەت لە سێدارەدانی نەهێنی و بێ‌ئاگادری پێشووی بنەماڵەکان، ئەم ڕەوتە بە پێشێلکردنی مافی ژیان و پێچەوانەی پابەندییە نێودەوڵەتییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران، لەوانە بنەماکانی دادگایی دادپەروەرانە و کەرامەتی مرۆڤایەتی، دەزانێت و داوای ڕاگرتنی دەستبەجێی جێبەجێکردنی سزای سێدارە و دڵنیابوون لە مافە بنەڕەتییەکانی زیندانیان لە ئێران دەکات.

زۆرتر لەسەر ئەم بابەتە

بە نەرخترین