ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا لێدوانەکانی سەردار یەحیا ئیلاهی،فەرماندەی هێزە ئینتزامییەکانی پارێزگای کوردستان، سەبارەت بە دەستبەسەرکردنی ٧ هەزار و ٢٤١ کەس و ناوهێنانیان بە (تاوانبار)، (ئاژاوەگێڕ) و (نەریتشکێن) بە توندی سەرکۆنە دەکات. ئەم لێدوانانە تەنیا هەڵەیەکی زاری نین بەڵکو دەربڕی ڕوانگەیەکەن کە تێیدا سنووری نێوان دەستبەسەرکردن، تۆمەتبارکردن و سزای دادوەری بە تەواوی سڕدراوەتەوە و پۆلیسی خستووەتە پێگەی دەسەڵاتی دەستنیشانکردنی تاوانبارییەوە.
پۆلیس جێبەجێکاری دادپەروەرییە نەک دادگا.
هیچ بەرپرسێکی ئینتزامی دەسەڵاتی ئەوەی نییە پێش ڕێوشوێنی دادوەری و دەرچوونی بڕیاری کۆتایی،کەسانی دەستبەسەرکراو وەک تاوانبار بناسێنێت.
ئەسڵی ٣٧ی دەستوور بە ڕوونی دەڵێت هیچ کەسێک بە تاوانبار دانانرێت مەگەر ئەوەی تاوانەکەی لە دادگایەکی شیاودا بسەلمێنرێت.
ئەسڵەکانی ٣٢ و ٣٩ی دەستوور و ماددەی ٤ی یاسای دادبینی سزایی زەوتکردنی ئازادی تەنیا لە سنووری یاسا و بە ڕەچاوکردنی ماف و کەرامەتی کەسەکان بە ڕەوا دەزانن.
هانا هەروەها بەکارهێنانی دەستەواژە ناڕوونەکانی وەک (نەریتشکێنی) و ( لات و لووت ) بۆ پاساوھێنانەوەی ڕووبەڕووبوونەوەی پۆلیسی، بە پێچەوانەی ئەسڵی یاساییبوونی تاوان و سزا دەزانێت. چەمکە ناڕوونە کۆمەڵایەتی،ئەخلاقی یان ئەمنییەکان ناتوانن شوێنی ئەو ناونیشانە تاوانکارییانە بگرنەوە کە لە یاسادا دیاری کراون، و پۆلیس مافی نییە لەسەر بنەمای ئەم جۆرە ناونیشانانە پانتایی دەسەڵاتەکانی خۆی فراوان بکات.
ئەمنییەتی گشتیش مۆڵەت نییە بۆ ڕاگرتنی یاسا یان پێشێلکردنی مافە بنەڕەتییەکانی هاووڵاتییان.
دەستەواژەی (لێیان دراوە و دەستبەسەر کراون)بە شێوەیەکی تایبەت پێویستی بە وەڵامدانەوەی خێرا هەیە. ئەگەر مەبەست لەم دەستەواژەیە بەکارهێنانی هێز و توندوتیژی بووبێت دژی کەسەکان فەرماندەی ئینتزامی ئەرکدارە بنەمای یاسایی، پێویستی و هاوسەنگیی کارێکی وەها ڕوون بکاتەوە. بەکارهێنانی توندوتیژی ناتوانێت ببێتە سزای دەستبەجێ و سەرشەقامیی مرۆڤەکان، و هیچ مامورێکی ئینتزامی مافی نییە شوێنی دادگا و سزای یاسایی بگرێتەوە.
ئەم جۆرە وتارە لەگەڵ بەڵێننامە نێودەوڵەتییەکانی ئێران، لەوانەش مادەکانی ٩ و ١٤ی پەیماننامەی نێودەوڵەتی مافە مەدەنی و سیاسییەکان، ناکۆکە. ئەسڵی بێتاوانی و ڕێگریکردن لە دەستبەسەرکردنی هەڕەمەکیانە،دەخوازێت کە بەرپرسانی گشتی لە هەر جۆرە لێدوانێک کە تاوانباربوونی کەسەکان پێش حوکمی دادگا دەسەڵمێنێت خۆبپارێزن.
هانا داوا لە فەرماندەیی ئینتزامی پارێزگای کوردستان دەکات، لەجیاتی پێشکەشکردنی ئاماری دەستبەسەرکردن وەک نیشانەی سەرکەوتن بە ڕوونی ڕایبگەیەنێت بنەمای یاسایی دەستبەسەرکردنی ئەم ٧ هەزار و ٢٤١ کەسە چی بووە،چەند کەسیان تەنیا دەستبەسەر یان تۆمەتبار کراون،
چەند دۆسیە ڕەوانەی سەرچاوەی دادوەری کراوە و چەند کەسیش بە بڕیاری کۆتایی دادگا سزا دراون.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا جەخت دەکاتەوە کە گۆڕینی کەسی دەستبەسەرکراو بۆ (تاوانبار) لە وتاری فەرمیدا، بەکارهێنانی چەمکە ناڕوونەکان بۆ پاساوھێنانەوەی دەستێوەردانی پۆلیس و ئاساییکردنەوەی بەکارهێنانی هێز، پێشێلکردنی ڕاستەوخۆی بنەماکانی سەروەری یاسایە.
پۆلیسێک کە خۆی بە سەرچاوەی ناسینی تاوانبار،دیاریکردنی نەریت و جێبەجێکردنی سزا بزانێت، لە سنووری دەسەڵاتە یاساییەکانی خۆی لایداوە و مافە بنەڕەتییەکانی هاووڵاتییانی خستووەتە بەردەم پێشێلکاریی ڕاستەوخۆ.
