ڕاپۆرتی هانا لەسەر چڕکردنەوەی سەرکوتی سیستماتیک لە شارەکانی کوردستان

بەپێی ئەو ڕاپۆرتانەی گەیشتوونەتە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا،لە ماوەی ڕۆژان و هەفتەکانی ڕابردوودا گوشارە ئەمنییەکان بۆ سەر هاووڵاتییان لە ژمارەیەک لە شارەکانی کوردستان بە شێوەیەکی بەرچاو زیادیان کردووە.

زانیارییە بەدەست گەشتووەکان ئاماژە بە چڕکردنەوەی بانگ کردنەکان،هەڕەشە و چاوترسێنکردنی هاووڵاتییان،دانانی بازگەکانی پشکنین، پشکنینی موبایلەکان و سەپاندنی گوشار بۆ سەر چالاکوانانی مەدەنی، گەنجان، وەرزشوانان، مامۆستایان و توێژەکانی دیکەی کۆمەڵگە دەکەن. بەشێکی بەرچاو لەم کارانە خراونەتە پاڵ هێزە ئەمنی وئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامی بەتایبەت ئەو دامەزراوانەی کە سەر بە بەشی هەواڵگریی سوپای پاسدارانن.

لەسەر بنەمای زانیارییە بەدەست گەشتوەکانی هانا لە چەندین حاڵەتدا مأمورانی ئەمنی لە ڕێگەی پەیوەندییە تەلەفۆنییە یەک لەدوای یەکەکانیانەوە کە زیاتر بە ژمارەی نەناسراو بوون هاووڵاتییانیان خستووەتە ژێر گوشار و بە هەڕەشە و چاوترسێنکردن ناچاریان کردوون سەردانی دامەزراوە ئەمنی و هەواڵگرییەکان بکەن. هاوکات، ڕاپۆرتگەلێک لەسەر جێگیرکردنی بازگەکانی پشکنین لە دەروازەکان و مەیدانەکانی هەندێک لە شارەکانی کوردستان،ڕاگرتنی هاووڵاتییان و پشکنینی مۆبایلەکانیان بەتایبەت گەنجان وەرگیراوە.

لە هەندێ حاڵەتیشدا موبایلی هاووڵاتییان بێ پێشکەشکردنی هیچ بنەمایەکی یاسایی ڕوون دەستی بەسەردا گیراوە. پشکنینی ناوەڕۆکی موبایل و دەستڕاگرتن بەسەر زانیارییە کەسییەکان بێ مۆڵەتی یاسایی و گەرەنتییە دادوەرییە پێویستەکان بە بەزاندنی حەرەمی تایبەتی و مافە بنەڕەتییەکانی هاووڵاتییان دادەنرێت.

ڕاپۆرتە وەرگیراوەکان هەروەها ئاماژە بەوە دەکەن کە ژمارەیەک لە هاووڵاتییان دوای سەردانیکردنی دامەزراوە ئەمنییەکان لە دوای ئەم بانگهێشتکردنانە لەگەڵ ڕەفتاری سووکایەتیپێکراو و توندوتیژانە ڕووبەڕوو بوونەتەوە.هەڕەشە،بێڕێزی،بەکارهێنانی دەستەواژەی نەشیاو،شکاندنی کەسایەتی و ڕەفتارگەلی پێشێلکەری کەرامەتی مرۆڤی لەو حاڵەتانەن کە ڕاپۆرتیان لەسەر دراوە.
هانا هەروەها ڕاپۆرتگەلێکی سەبارەت بە لێدان و بەکارهێنانی شۆکی کارەبایی دژی هەندێک لە کەسە بانگهێشتکراوەکان پێگەیشتووە.ئەمجۆرە کارانە،بەپێی توندی و بارودۆخی ڕوودانیان،دەکرێ ببنە نموونەی ڕەفتاری زاڵمانە، نامرۆڤانە یان سووکایەتیپێکارانە و لە حاڵەتە توندەکاندا دەکرێت هاوشێوەی ئەشکەنجە دان بێت ئەو کارانەی لە یاسا نێودەوڵەتییەکان بە تەواوی قەدەغەن و هیچ دۆخێکی نائاسایی،تێبینییە ئەمنییەکان یان بارودۆخی شەڕ ناتوانێت پاساویان بۆ بهێنێتەوە.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا جەخت دەکاتەوە کە ڕوودانی شەڕ،ململانێی چەکداری یان هەر دۆخێکی نائاسایی دیکە دەوڵەتەکان لە ئەرکە بنەڕەتییەکانیان لە هەمبەر مافەکانی مرۆڤدا مەعاف ناکات.یاسای نێودەوڵەتی مافەکانی مرۆڤ لە بارودۆخی شەڕیشدا لەسەر بنەمای خۆی دەمێنێتەوە و لە ئەگەری بوونی ململانێی چەکداریدا لە پاڵ ڕێساکانی یاسای مرۆڤی نێودەوڵەتیدا جێبەجێ دەکرێت.تەنانەت لە بارودۆخی نائاساییدا هەر جۆرە سنووردارکردنێک لەسەر مافەکانی تاکەکەس دەبێ بنەمای یاسایی پێویستی ڕاستەقینە،گونجاوی و چاودێری کاریگەری هەبێت و ئەو مافانەی وەک قەدەغەکردنی ئەشکەنجە و ڕەفتارە نامرۆڤانە یان سووکایەتیپێکارانەکان لە ژێر هیچ بارودۆخێکدا ناکرێ ڕابگیرێن.

لەم ڕوانگەیەوە،پەنابردن بۆ دۆخی شەڕ یان ڕەچاوکردنی ئەمنییەکان بۆ فراوانکردنی کۆنترۆڵی ئەمنی بەسەر کۆمەڵگەدا،بانگهێشتکردنەکانی بێ ڕێوشوێنی یاسایی،پشکنینی سەرەڕۆیانەی کەلوپەلە کەسییەکان و ئەنجامدانی توندوتیژی دژی هاووڵاتییان فاقدی پاساوی یاساییە. ئەم بابەتە بەتایبەت لەبەر ئەوە نیشانەی نیگەرانییە چونکە دامەزراوەکانی کۆماری ئیسلامی پێش شێوەگرتنی بارودۆخی ئێستاش، پێشینەیەکی بەردەوامیان لە پێشێلکردنی مافە بنەڕەتییەکانی هاووڵاتییان بەتایبەت لە شارەکانی کوردستاندا هەبووە. بارودۆخی شەڕ ناتوانێت ببێتە پۆششێک بۆ توندکردنەوەی هەمان شێوازە درێژخایەنەکانی سەرکوت و پاراستنی مأمورانی ئەمنی لە لێپرسینەوە.

بەردەوامی ئەم شێوازانە لە شارەکانی کوردستاندا هەروەها بیرهێنەرەوەی شێوازە مێژووییەکانی سەرکوتی ئەمنییە کە لە ماوەی دەیەکانی ڕابردوودا لەوانەش لە دەیەی ١٣٦٠ی هەتاویدا دژی کۆمەڵگای کوردستان بەکار هێنراون.
سەرلەنوێ بەرهەمهێنانەوەی ئەم جۆرە شێوازانە بەتایبەت لە ڕێگەی دروستکردنی کەشوهەوای تۆقاندنی گشتی،دەستێوەردانی بەربڵاو لە حەریمی شەخسی و بەکارهێنانی توندوتیژی بۆ کۆنترۆڵکردنی کۆمەڵگا بە پێشێلکارییەکی جیدیی بنەماکانی سەروەری یاسا و بەڵێنە مافە مرۆییەکانی کۆماری ئیسلامی دادەنرێت.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا وێڕای ئیدانەکردنی توندکردنەوەی گوشارە ئەمنییەکان لە شارەکانی کوردستان داوای ڕاگرتنی دەستبەجێی بانگهێشتکردنە سەرەڕۆیانە،هەڕەشە و چاوترسێنکردنی هاووڵاتییان،پشکنینی نایاسایی موبایلەکان و هەر جۆرە ئەشکەنجە یان ڕەفتارێکی توندوتیژانە و سووکایەتیپێکارانە لەگەڵ تاکەکەسەکان دەکات.

هانا جەخت دەکاتەوە کە بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی پابەندن لە هەموو بارودۆخێکدا لەوانەش لە دۆخی شەڕ و ئەمنیدا کەرامەتی مرۆڤی،مافی ئاسایشی کەسی،حەریمی شەخسی، قەدەغەکردنی ئەشکەنجە و گەرەنتییە بنەڕەتییەکانی دادگاییکردنی دادپەروەرانە ڕەچاو بکەن و پێویستە ئەو بەرپرس و مامورانەی کە دەستیان لە حاڵەتەکانی پێشێلکردنی ئەم مافانەدا هەیە لە چوارچێوەی میکانیزمێکی سەربەخۆ،کاریگەر و بێلایەندا لێکۆڵینەوە و لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بکرێت.

زۆرتر لەسەر ئەم بابەتە

بە نەرخترین