ڕاپۆرتی هانا سەبارەت بە بەردەوامیی زیندانیکردنی پەرهام پەروەری، زیندانیی سیاسیی کورد

پەرهام پەروەری، وەرزشوان، ڕاهێنەری مەلەوانی و دەرچووی ئەندازیاریی میکانیک، لە ڕەزبەری ١٤٠١ەوە هەتا ئێستا لە زینداندایە. چوار ساڵ زیندانییەکەی لە دۆخێکدا بەردەوامە کە لە کاتی دەستبەسەرکردنیەوە تا لێکۆڵینەوەی دادوەری و جێبەجێکردنی سزاکەی، نیگەرانیی جددی لەبارەی ڕەچاوکردنی مافە بنەڕەتییەکانی وەک تۆمەتبارێک و سوودمەندبوونی لە دەستەبەرییەکانی دادگاییکردنێکی دادپەروەرانە لە ئارادابووە.

پەرهام پەروەری ڕۆژی ١١ی ڕەزبەری ١٤٠١، لە کاتی ناڕەزایەتییەکانی ژن، ژیان، ئازادی و لە کاتی گەڕانەوەی لە شوێنی کارەکەی لە تاران دەستبەسەر کرا. ناوبراو دوای دەستبەسەرکردنی بۆ ماوەیەک لە بەندی ٢٠٩ی زیندانی ئێڤین خرایە ژێر لێکۆڵینەوە و دۆسیەیەک بە تۆمەتگەلێکی وەک «محاربە» و بابەتە پەیوەندیدارەکان بە ئاسایشی نەتەوەیی لە دژی پێکهێنرا.

دۆسیەکەی لە جۆزەردانی ١٤٠٢ لە لقی ٢٨ی دادگای شۆڕشی تاران لێکۆڵینەوەی بۆ کرا. پەروەری لە کۆتاییدا بە ١٠ ساڵ زیندانی هاوکات لەگەڵ دوورخستنەوە و پێنج ساڵ زیندانیی تەعزیری مەحکووم کرا و سزاکەش لە دیوانی باڵای وڵاتدا پەسەند کرا.

لە بەفرانباری ١٤٠٢دا، ناوبراو بێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەختەی بنەماڵە و پارێزەرەکەی لە بەندیخانەی ئێڤینەوە بۆ بەندیخانەی ئێرانشار گوازرایەوە. گواستنەوەی بەندکراوێک بۆ شوێنێک بە دوورییەکی بەرچاو لە شوێنی نیشتەجێبوونی بنەماڵەکەی، جگە لە لێکەوتەکانی بەندکردن، دەستڕاگەیشتنی بەردەوام بە چاوپێکەوتن و پەیوەندیی بنەماڵەییش بە شێوەیەکی بەرچاو سەخت دەکات. لە ڕەزبەری ١٤٠٣دا ڕاپۆرتگەلێک سەبارەت بە برینداربوونی پەرهام پەروەری لە ئەنجامی هێرشی ژمارەیەک لە بەندکراوانی تاوانە گشتییەکان لە بەندیخانەی ئێرانشار بڵاوکرایەوە. ناوبراو بۆ ماوەیەک بۆ بەندیخانەی زاهیدان گوازرایەوە و لە بەفرانباری هەمان ساڵدا جارێکی دیکە بۆ بەندیخانەی ئێرانشار گەڕێندرایەوە.

لە ڕەشەمەی ١٤٠٣دا، مازیار تاتایی، پارێزەری پەرهام پەروەری، هەواڵی قبووڵکرانی سێیەمین داواکاریی پێداچوونەوە بە حوکم (اعاده دادرسی) و ڕەوانەکردنی دۆسیەکەی بۆ لێکۆڵینەوەی دووبارە ڕاگەیاند. پارێزەرەکەی پێشتریش ناڕەزایەتیی خۆی سەبارەت بە نەگونجانی ڕەفتاری دراوەتە پاڵ موەکیلەکەی لەگەڵ بنەما یاساییەکانی تۆمەتی «موحاربە» دەربڕیبوو.

بەپێی دوایین زانیارییە بەردەستەکان، پەرھام پەروەری ھێشتا لە زیندانی ئێرانشار ڕاگیراوە.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ھانا، بەردەوامیی چوار ساڵ بەندکرانی پەرھام پەروەری لە ژێر تیشکی کۆی بارودۆخی ئەم دۆسیەیەدا، لەوانە شێوازی دەستبەسەرکردن، خستنەڕووی تۆمەتی قورسی موحارەبە، چۆنیەتیی پێڕاگەیشتنی دادوەری، گواستنەوەی بۆ زیندانێکی دوور لە شوێنی نیشتەجێبوونی بنەماڵەکەی و نیگەرانییە ڕاگەیەندراوەکان سەبارەت بە ئاسایشی ناوبراو لە زینداندا، بە تەواوی نادادپەروەرانە دەزانێت. بێبەشکردنی کەسێک لە ئازادی بۆ ماوەیەکی ئەوەندە درێژخایەن، بەبێ دڵنیابوون لە ڕەچاوکردنی کاریگەری کەمترین مافەکانی بەرگری و گرەنتییە بنەڕەتییەکانی دادگاییکردن، ناکرێت تەنیا بە دەرکردنی بڕیارێکی دادوەری پاساو بدرێت.

ھانا نیگەرانیی قووڵی خۆی سەبارەت بە بەردەوامیی ئەم دۆخە دەردەبڕێت و جەخت لەسەر پێویستیی ڕوونکردنەوەی خێرا و ئاشکرای دۆخی دادوەریی پەرھام پەروەری، پێڕاگەیشتنی دادپەروەرانە بە دۆسیەکەی و مسۆگەرکردنی مافەکانی بەرگری، ئاسایشی تاکەکەسی و کەرامەتی مرۆیی ناوبراو لە ماوەی بەندکرانیدا دەکاتەوە. بەردەوامیی بێبەشبوون لە ئازادی لە دۆسیەیەکدا کە بەرامبەر بە بنەماکانی تۆمەت و ڕەوتی پێڕاگەیشتنەکەی تێبینی و ڕەخنەی جیددی خراوەتەڕوو، پێویستی بە چاودێری و وەڵامدانەوەی کاریگەری دادوەری هەیە.

زۆرتر لەسەر ئەم بابەتە

بە نەرخترین