بەپێی ئەو زانیارییانەی گەیشتوونەتە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا، بڕیاری سێ ساڵ و شەش مانگ و یەک ڕۆژ بەندکردنی تەعزیریی «ناسر هیمەتی»، دەروونناس، نوسەر و چالاکی مەدەنیی خەڵکی ئاودانان سەر بە پارێزگای ئیلام، کۆتایی پێهاتووە و یەکلابووەتەوە و وەک بڕیارێکی جێبەجێکراو ڕاگەیەندراوە.
بەپێی زانیارییە وەرگیراوەکان، دادوەر ڕەجەب محەممەدی بەرپرسی پێڕاگەیشتن بەم دۆسیەیە بووە.
ئەم حوکمە پێوەندی بە دۆسیەیەک هەیە کە لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ئیلام لە مانگی پووشپەڕدا دەربارەی ئەو دەنگی دابوو. لەم دۆسیەیەدا، ناسر هیمەتی بە تۆمەتی “هەوڵدان بۆ بەهێزکردن و دانپێدانان بە ڕژێمی داگیرکەری قودس” بە سێ ساڵ و شەش مانگ و یەک ڕۆژ بەنـدکردن، بە تۆمەتی “سووکایەتیکردن بە ڕێبەر” بە ١٥ مانگ و یەک ڕۆژ بەنـدکردن و لە پێوەندی لەگەڵ تۆمەتێکی تایبەت بە کەناڵێکی تێلێگرام بە شەش مانگ بەنـدکردن سزا درابوو.
لە کۆی گشتیی ئەم سزایانە، سزای سێ ساڵ و شەش مانگ و یەک ڕۆژ بەنـدکردن وەک سزای هەرە قورس بۆ جێبەجێکردن دیاری کراوە.
ناسر هیمەتی پێشتریش لە مانگی بەفرانباردا دەستبەسەر کرابوو و لەلایەن دادگای شۆڕشی ئەسفەهانەوە بە تۆمەتەکانی “سووکایەتیکردن بە ڕێبەر” و “پڕوپاگەندە دژی نیزام” بە بەنـدکردن سزا درابوو. ناوبراو لە مانگی گەلاوێژی هەمان ساڵدا بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکە بۆ بەندیخانەی دەستگردی ئەسفەهان ڕاگوێزرا و لە مانگی ڕەزبەریشدا لە دۆسیەیەکی جیاوازدا بە ساڵێک بەنـدکردنی تر سزا درا.
هەروەها لە مانگی سەرماوەزدا، دوای بانگ کردنی بۆ دادسەرای گشتی و شۆڕشی ئاودانان، دەستبەسەر کرا و پاشان بە دانانی بارمتە ئازاد کرا.
