بەپێی ئەو زانیارییانەی گەیشتوونەتە دەستی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا، مەرزییە مورادویسی، مامۆستای دەرکراو و یەکێک لە بەندکراوانی سیاسیی دەیەی ٦٠، و سۆهراب بەهرامی، چالاکوانی مەدەنیی خەڵکی سنە، لە دوو دۆسیەی جیادا لەلایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە بە بەندکردنی هەڵپەسێردراو (حبس تعلیقی) و سزای دارایی مەحکووم کراون.
مەرزییە مورادویسی پێشتر لە بانەمەڕی ١٤٠٠ دەستبەسەر کرابوو و لە ساڵی ١٤٠١ بە پێنج مانگ بەندکردنی تەعزیری و چوار ساڵ بەندکردنی هەڵپەسێردراو مەحکووم کرابوو. ناوبراو جارێکی دیکە لە ٢٠ی بەفرانباری ١٤٠٤ دەستبەسەر کرایەوە و دوای ٢٥ ڕۆژ دەستبەسەری ئازاد کرا.
لە درێژەی لێکۆڵینەوەی دادوەری بۆ دۆسیەی ئەم دواییە، خاتوو مورادویسی بە دوو ساڵ بەندکردنی هەڵپەسێردراو و پێدانی چوار ملیۆن تمەن سزای دارایی مەحکووم کراوە. ئەم حوکمە لە ڕێکەوتی ٨ی ڕەزبەری ١٤٠٥ پێی ڕاگەیەندراوە.
لە دۆسیەیەکی جیادا، سۆهراب بەهرامی، چالاکوانی مەدەنیی خەڵکی سنە، ڕۆژی ٥ی ڕێبەندانی ١٤٠٤ بەهۆی هەڵکوتانی هێزە ئەمنییەکان بۆ سەر ماڵی خۆی دەستبەسەر کرا. ناوبراو نزیکەی سێ مانگ لە دەستبەسەریدا مایەوە و سەرەنجام لە ٢ی بانەمەڕی ١٤٠٥ بە دانانی بارمتە، بەشێوەی کاتی و تا کۆتایی قۆناغەکانی دادگاییکردن ئازاد کرا.
بەپێی زانیارییە بەدەستگەیشتووەکانی هانا، بەڕێز بەهرامی لە درێژەی لێکۆڵینەوەی دۆسیەکەیدا بە پێنج ساڵ بەندکردنی هەڵپەسێردراو و پێدانی سزای دارایی مەحکووم کراوە.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا نیگەرانیی قووڵی خۆی سەبارەت بە ڕەوتی بەدواداچوون، دەستبەسەرکردن و دەرکردنی ئەم حوکمانە دەردەبڕێت. بنەما سەرەکییەکانی یاسای دادڕەسیی سزایی ئێران، لەوانە بنەمای بێتاوانی، یاساییبوونی سنووردارکردنی ئازادی و مافی بەرگریکردنی کاریگەر، بەرپرسانی دادوەری پابەند دەکات بە ڕەچاوکردنی دەستەبەرییەکانی دادگاییکردنی دادپەروەرانە. یاسای بنەڕەتیش پشتیوانی لە ئازادیی بیروباوەڕ، مافی کەسەکان و کۆبوونەوەی ئاشتییانە کردووە.
ئەم پێویستییانە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش لە ماددەکانی ٩، ١٤، ١٩ و ٢١ی پەیماننامەی نێودەوڵەتیی مافە مەدەنی و سیاسییەکاندا ڕەنگیان داوەتەوە. هەر جۆرە سنووردارکردنێک لەسەر ئازادی، دەربڕین یان چالاکیی مەدەنی دەبێت خاوەنی بنەمای یاسایی ڕوون، پێویستییەکی دیاریکراو و گونجاو لەگەڵ ئامانجی ڕەوای پاگەندەکراودا بێت.
ئەگەر بنەمای ئەم بەدواداچوونانە چالاکیی مەدەنی، دەربڕینی بیروڕا یان بەشداریی ئاشتییانەی ئەم دوو هاووڵاتییە بووبێت، سەپاندنی سزای کیفەری، تەنانەت لە چوارچێوەی بەندکردنی هەڵپەسێردراو و سزای داراییدا، لەگەڵ ئەم پێویستییە باسکراوانەدا یەک ناگرێتەوە. مانەوەی حوکمی بەندکردنی هەڵپەسێردراویش دەتوانێت بۆ ماوەیەکی درێژخایەن کەسەکە بخاتە بەر مەترسیی جێبەجێکردنی سزا و لە کرداردا کاریگەرییەکی پێشپێگرانە لەسەر چالاکییە مەدەنییەکانی بەجێ بهێڵێت.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا داوای دەستەبەرکردنی تەواوی مافەکانی بەرگریکردنی مەرزییە مورادویسی و سۆهراب بەهرامی و پێداچوونەوەی کاریگەر بە هەر حوکمێکدا دەکات کە لە پەیوەندی لەگەڵ بەکارهێنانی ئاشتییانەی ماف و ئازادییە بنەڕەتییەکانیاندا دەرکرابێت.
