بڵاوکردنەوەی لیستی ٤٤ کەس لە داواکارانی مۆڵەتی یاسایی پارێزەری، بە پشتبەستن بە ماددەی ٨ی پڕۆژە یاسای سەربەخۆیی سەندیکای پارێزەران، جارێکی دیکە شێوازی چوونە ناوەوەی دادوەران و بەشێک لە کارمەندانی پێشووی دامودەزگاکانی حکوومەتی بۆ پیشەی پارێزەری لە ئێراندا خستە بەرچاو. ژمارەیەک کەس لەم لیستەدا دادوەری دەزگای قەزاین کە دەتوانن بە بەکارهێنانی ئیمتیازاتی یاسایی و بەبێ ئەوەی بە ڕێگای ئاسایی تاقیکردنەوە و مەشقکردندا تێپەڕن داوای مۆڵەتی یاسایی پارێزەری بکەن.
بەپێی بەندی “ب”مادەی ٨ پڕۆژە یاسای سەربەخۆیی سەندیکای پارێزەران، خاوەن بڕوانامەی یاسایی کە لانیکەم پێنج ساڵ ئەزموونی خزمەتی دادوەرییان هەیە و لێهاتوویی دادوەرییان لەلایەن دادگای باڵای ئینتیزامی دادوەرییەوە هەڵنەوەشاوەتەوە، دەتوانن سوود لەم ئیمتیازە وەربگرن. ئەم بڕگەیە ئەزموونی دادوەری و نەبوونی هەڵوەشاندنەوەی لێهاتوویی دادوەری دەکاتە بنەمای سەرەکی، بەبێ ئەوەی تۆماری بەڵگەنامەیی دادوەرێک لە کەیسەکانی پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤدا بە شێوەیەکی سەربەخۆ وەک یەکێک لە پێوەرەکانی هەڵسەنگاندنی لێهاتوویی پیشەیی خۆی پێشبینی بکرێت.
لێکۆڵینەوەکانی هانا دەریدەخەن کە لە نێو داواکاراندا، ناوی لانیکەم دوو دادوەر کە تۆماری مافی مرۆڤیان بەڵگەدارە دەبێنرێت. عەلی حەسەن پوور دادیاری دادسەرای باڵای وڵات و دادستانی پێشووی بوشێهر یەکێکە لەوانە. ناوی ناوبراو لە بەڵگەنامەکانی مافی مرۆڤدا تۆمارکراوە کە پەیوەندی بە سەرکوتکردنی ناڕەزایەتییەکانی خەزەڵوەری ١٣٨٩ەوە هەیە و بەرپرسیارێتیی پەیوەندیدار بە دەستگیرکردنی بەکۆمەڵی خۆپیشاندەران و بەکارهێنانی هێزی کوشندە بەرامبەر بە خۆپیشاندەرانی بێ چەکی خراوەتە پاڵ. ئەم حاڵەتانە پەیوەندی ڕاستەوخۆیان بە مافە بنەڕەتییەکانی وەک مافی ژیان، ئازادی و ئاسایشی کەس، و ئازادی کۆبوونەوە هەیە.
هەروەها محەمەد ڕەزا محەمەدی کەشکولی لە نێو داواکاراندایە. ئەو لەو کەیسانەی کە بەهۆی پێشێلکردنی گەرەنتی دادگاییکردنی دادپەروەرانە کە لەلایەن ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤەوە ڕەخنەیان لێ گیراوە دادوەر بووە. محەممەد سەلاس لەلایەن لقی ٩ی دادگای تاوانەکانی تاران کە ئەو سەرۆکایەتیی دەکرد، سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندرا. لە پڕۆسەی پێڕاگەیشتن بە دۆسیەکەدا، چەندین ڕاپۆرت دەرکەوتن سەبارەت بە ئەشکەنجەدان، دانپێدانانی زۆرەملێ، سنووردارکردنی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر و نەبوونی دەرفەتی گونجاو بۆ بەرگریکردن. کاشکولی لە ڕێوشوێنی یاسایی دژی ڕۆژنامەنووسان و چالاکانی ڕاگەیاندنیش ڕۆڵی هەبووە.
پێشتریش عەباس جەعفەری دەوڵەتابادی، دادستانی پێشووی تاران، لە ڕێگەی ڕێڕەوێکی یاسایی تایبەتی بۆ دادوەرانی پێشوو، بە سەرکەوتوویی مۆڵەتی یاسای پارێزەری پایە یەکی بەدەستهێنابوو. دەوڵەتابادی بەهۆی ڕۆڵی لە پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤدا لە ژێر سزاکانی مافی مرۆڤی یەکێتیی ئەورووپادا ماوەتەوە و پێشتریش ئەمریکا بەهۆی ڕۆڵی لە پێشێلکارییە جدییەکانی مافی مرۆڤ سزای بەسەردا سەپاندووە. دەرکردنی مۆڵەتی یاسا بۆ وەها بەرپرسێک ئەوە نیشان دەدات کە بوون لە لیستی سزاکانی مافی مرۆڤ یان هەبوونی تۆمارێکی بەڵگەدار لە ئەدای دادوەری، خۆی لە خۆیدا بەربەستێک نییە بۆ چوونە ناو پیشەی یاسایی لە ئێراندا.
ئەم بارودۆخە لە ڕوانگەی ستانداردە نێودەوڵەتییەکانی پیشەی پارێزەری زۆر گرنگە. بنەما سەرەکییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان سەبارەت بە ڕۆڵی پارێزەران جەخت لەسەر سەربەخۆیی پیشەی یاسایی لە حکومەت و خۆبەڕێوەبەری و سەربەخۆیی کۆمەڵەی پارێزەران و دەستڕاگەیشتن بەم پیشەیە بەبێ جیاوازی دەکەنەوە. بەپێی ئەم پێوەرانە، پارێزەران دەبێ لە ڕاپەڕاندنی ئەرکە پیشەییەکانیاندا، مافی مرۆڤ و ئازادییە بنەڕەتییەکان بپارێزن و ڕێز لە سەربەخۆیی و کەرامەت و ئەخلاقی پیشەکە بگرن.
یاساکانی ئێران داوا لە داواکارە ئاساییەکانی چوونە ناو ئەم پیشەیە دەکات جگە لە بڕوانامەی ئەکادیمی و پیشەیی بارودۆخێک وەک باوەڕ بە ئیسلام بە کردەوە، پابەندبوون بە کۆماری ئیسلامی و ویلایەتی فەقیە بسەلمێنن.لە ئەنجامدا، بیروباوەڕی ئایینی یان سیاسی هاووڵاتی دەتوانێت کاریگەر بێت لە شایستەکردنی بۆ پیشەی پارێزەری، لە کاتێکدا تۆماری بەڵگەنامەیی بەرپرسێکی دادوەری لە حاڵەتەکانی پێشێلکردنی مافی ژیان، ئەشکەنجەدان، سەرکوتکردنی ناڕەزایەتییەکان، یان پێشێلکردنی مافی دادگاییکردنی دادپەروەرانە مەرج نییە ڕێگری بکات لە کەڵک وەرگرتن لە ئیمتیازاتی چوونە ناو پیشەکە.
لە ڕوانگەی مافی مروییەوە، بابەتەکە تەنها بەخشینی ژمارەیەک دادوەر نییە لە تاقیکردنەوەی پارێزەرایەتی، بەڵکو دووانەیە لە پێناسەکردن و هەڵسەنگاندنی لێهاتوویی پیشەیی.
سیستەمێک کە وەفاداری عەقیدەتی و سیاسی هاووڵاتیان بۆ چوونە ناو پیشەی پارێزەری پێوانە بکات، بەڵام پێوەرێکی سەربەخۆ و شەفاف و کاریگەری بۆ پشکنینی تۆماری مافی مرۆڤی ئەو بەرپرسانەی کە ساڵانێکە دەسەڵاتی دادوەرییان بەدەستەوە بووەی نیە، لەگەڵ بنەماکانی سەربەخۆیی یاسایی و جیاکاری نەکردن و بەرپرسیارێتی پیشەیی پارێزەران لە پاراستنی ماف و ئازادییە بنەڕەتییەکان ناکۆکە.
سەربەخۆیی پیشەی یاسایی واتا و ئەرکی ڕاستەقینەی کاتێک هەیە کە سەندیکانی پارێزەران بتوانن هەڵسەنگاندن بۆ بڕوانامەی پیشەیی داواکاران بە شێوی سەربەخۆ لە پێکهاتەی دەسەڵات، لەسەر بنەمای پێوەرە یاساییەکان و ئەخلاقی پیشەیی و ڕێزگرتن لە مافەکانی مرۆڤ بکەن و پیشەی پارێزەری نابێ وەک ڕێگایەک بۆ گواستنەوەی ئیمتیازاتی بەرپرسانی پێشووی دادوەری کەڵکی لێ وەربگیرێت.
