هێرشکردنە سەر هاووڵاتییەک لە بانە، نیگەرانیی هانا لە توندوتیژیی ڕەوتە ئیسلامییە توندڕەوەکان

بەپێی ئەو زانیارییانەی بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا گەیشتوون، ڕۆژی یەکشەممە ٢٦ی ڕەزبەری ١٤٠٥، یادگار ڕەستگار، هاووڵاتییەکی تەمەن نزیکەی ٤٠ ساڵانی خەڵکی بانە، لە لایەن تاقمێک لە کەسانی سەر بە ڕەوتە سەلەفییەکانەوە هێرشی کرایە سەر و بەهۆی سەختیی برینەکانیەوە ڕەوانەی نەخۆشخانەی سەلاحەدینی ئەیوبی ئەم شارە کراوە.

هەتا ئێستا زانیارییەکی ورد سەبارەت بە پاڵنەری هێرشبەران، چۆنیەتیی پێوەندییان لەگەڵ ڕەوتە توندڕەوەکان و باری تەندروستیی ئەم هاووڵاتییە لە بەردەستدا نییە.

ئەم هێرشە جارێکی دیکە نیگەرانییەکان سەبارەت بە چالاکیی ڕەوتە ئیسلامییە توندڕەوەکان لە کوردستان و مەترسیی پەرەسەندنی توندوتیژیی سەرچاوەگرتوو لە توندڕەوی و دەمارگرژیی مەزهەبی زەق دەکاتەوە.

ئەزموونی چالاکیی گرووپە سەلەفییە جیهادییەکان دەریخستووە کە خوێندنەوەی توندوتیژانە بۆ ئایین، بەتایبەت ئەو کاتەی لەگەڵ ڕەتکردنەوەی بیروباوەڕی جیاواز و پاساوهێنانەوە بۆ توندوتیژی دژ بە کەسانی دیکەدا ئاوێتە دەبێت، هەڕەشەیەکی جیددی بۆ سەر ئەمنییەتی هاووڵاتییان، ئازادیی بیروڕا و پێکەوەژیانی کۆمەڵایەتی دێتە ئەژمار.

هانا پێشتریش سەبارەت بە هەڵسوکەوتی بژاردەیی دامەزراوە ئەمنییەتییەکانی کۆماری ئیسلامی بەرانبەر بە ڕەوتە ئایینییە توندڕەوەکان لە کوردستان هۆشداریی دابوو. لە کاتێکدا چالاکییە مەدەنی و سیاسییە ئاشتیخوازانەکان ڕووبەڕووی دەسبەسەرکردن و سەرکوت دەبنەوە، ڕاپۆرتە ناوخۆیییەکان باس لە بەردەوامیی چالاکیی ژمارەیەک لە تاقمە توندڕەوەکان و بێدەنگی و کەمتەرخەمی بەرانبەر بە کردەوەکانیان دەکەن. ئەم جیاوازییە لە هەڵوێست و ڕوانگەدا، گومانی جیددی سەبارەت بە بەرپرسیارێتیی دامەزراوە حوکمییەکان لە پێشگرتن بە توندوتیژی و دابینکردنی ئەمنییەتی یەکسان بۆ هاووڵاتییان دەخوڵقێنێت.

هانا پێداگری دەکات کە هیچ باوەڕ یان لایەنگرییەکی ئایینی ناتوانێت دەستدرێژیکردنە سەر گیان و ئەمنییەتی تاکەکان تەوجیهـ بکات. ئاشکراکردنی ناسنامەی تاوانبارانی ئەم پەلامارە، لێکۆڵینەوەیەکی بێلایەنانە لە پاڵنەرەکانی و پێشگرتن بە تەشەنەسەندنی توندوتیژیی توندڕەوانە، لە ئەرکە بنەڕەتییەکانی ناوەندە بەرپرسەکانە.

پارێزبەندی و بێ‌سزا مانەوەی ئەگەریی تاوانبارانی توندوتیژیی ئایینی، هاوکات لەگەڵ سەرکوتی چالاکیی ئاشتیخوازانە، هەڕەشەیەکی دووقاتە دژ بە ماف و ئازادییە بنەڕەتییەکانی خەڵکی کوردستان.

زۆرتر لەسەر ئەم بابەتە

بە نەرخترین