ڕاپۆرتدەری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ناڕەزایەتی بەرامبەر شەپۆلی لەسێدارەدانەکان لە ئێران مانی لە خواردن گرت

جینا ڕۆمێرۆ ڕاپۆرتدەری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری ئازادی کۆبوونەوە ئاشتییانییەکان و ڕێکخراوەکان، لە هەنگاوێکی کەم وێنەدا ڕایگەیاند کە ڕۆژی سێشەممە ۲۱ی ڕەزبەر،لە ناڕەزایەتی بەرامبەر بە زیادبوونی لەسێدارەدانەکان لە ئێران، پەیوەندی بە مانگرتن لە خواردنی هەڵمەتی (سێشەممەکانی نا بۆ ئێعدام) دەکات.

ڕۆمێرۆ لە پەیامێکدا کە ڕۆژی یەکشەممە ۱۹ی ڕەزبەر بڵاوی کردەوە،بە ئاماژەدان بە لەسێدارەدانی خۆپیشاندەران و پێشێلکاری بەرفراوانی دادگاییکردنی دادپەروەرانە لە ئێران ڕایگەیاند، کە سزای لەسێدارەدان بۆ سەرکوتکردنی ئەو کەسانە بەکاردەهێنرێت کە مافە بنەڕەتییەکانی خۆیان،لەوانە ئازادی دەربڕین،کۆبوونەوە و چالاکی سیاسی بەکارهێناوە.ناوبراو وێڕای داواکاری بۆ ڕاگرتنی دەستبەجێی لەسێدارەدانەکان،هاوپشتی خۆی لەگەڵ زیندانیانی مەحکوم بە مەرگ و بنەماڵەکانیان ڕاگەیاند.

ئەم هەنگاوە لەو ڕووەوە گرنگی هەیە کە ڕاپۆرتدەرێکی تایبەتی ئەنجومەنی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە دەرەوەی دەرکردنی بەیاننامە و دەربڕینی نیگەرانی،بە شێوەیەکی کەسیی پەیوەندی بە شێوازی ناڕەزایەتی زیندانیانەوە دەکات. هەڵمەتی (سێشەممەکانی نا بۆ ئێعدام) کە لە زیندانی قزلحسارەوە دەستی پێکرد، ئێستا بەوتەی ڕێکخەرانی لە ۶۶ زیندانی ئێراندایە.

پەیوەست بوونی ڕۆمێرۆ بەم هەڵمەتەوە،ناڕەزایەتی زیندانیان دژی سزای لەسێدارەدان دەبەستێتەوە بە ئاستێکی نوێ لە هاوپشتی نێودەوڵەتی.

مای ساتۆ، ڕاپۆرتدەری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری مافی مرۆڤ لە ئێران، بە بڵاوکردنەوەی پەیامەکەی ڕۆمێرۆ،باسی لە گرنگی ئەم هەنگاوە کردووە.

زۆرتر لەسەر ئەم بابەتە

بە نەرخترین