نیگەرانیی هانا لە مانۆڕی ئەمنییەتیی گیان فیدا (جان فدا) و پەرەپێدان و چڕکردنەوەی کەشی ترس و تۆقاندن لە سنە

بەپێی ڕاگەیەندراوە بڵاوکراوەکان، سوپای پاسداران بەنیازی ئەوەیە ڕۆژی سێشەممە ٢٨ی ڕەزبەر ، مانۆڕێک لەژێر ناوی گیان فیدا (جان‌فدا) لە سنە، بە بەشداریی بەسیج و کەڵک وەرگرتن لە کەرەستە و توانای ناوەندە حکومییەکان و ناوەندەکانی پەروەردە و خوێندن بەڕێوە ببات.

ئامادەبوونی حوسێن تائیب، بەرپرسی پێشووی ڕێکخراوی هەواڵگریی سوپا و یەکێک لە ناوە ناسراوەکانی دەزگای سەرکوتی کۆماری ئیسلامی کە بەهۆی دەستتێدابوونی لە پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ کەوتووەتە ژێر گەمارۆ نێودەوڵەتییەکانەوە، لە تایبەتمەندییە بەرچاوەکانی ئەم بەرنامەیەیە.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا نیگەرانیی قووڵی خۆی سەبارەت بە بەڕێوەچوونی ئەم مانۆڕە دەردەبڕێت و وەک هەنگاوێکی دیکە بۆ زیاتر ئەمنییەتیکردنی سنە و پەرەپێدانی کەشی ترس و تۆقاندن لە کوردستاندا دەینرخێنێت. لە ڕوانگەی هانادا، نمایشکردنی ڕێکخراوی هێزی سوپا لە شارێکدا کە مێژوویەکی درێژی لە سەرکوتی ناڕەزایەتییەکان هەیە، لە بەرنامەیەکی پڕوپاگەندەیی زیاترە و پەیامێکی هەڕەشەئامێزە بۆ سەر کۆمەڵگەی مەدەنی و هاووڵاتییانی ناڕازی.

ئەم هەنگاوە ناتوانرێت جیا لە نیگەرانییەکانی کۆماری ئیسلامی بەرانبەر بە جموجووڵە سیاسییەکانی حیزبە کوردستانییەکان و ئەگەری هاوڕابوونی بەشێک لە کۆمەڵگەی کوردستان لەگەڵ داخوازییەکانیاندا لێک بدرێتەوە. هەوڵ بۆ سەپاندنی دەسەڵات و هێزی ئەمنییەتی بەسەر کۆمەڵگەدا، پێش ئەوەی نیشانەی دابینکردنی ئەمنییەت بێت، دەربڕی ڕوانگەی دەسەڵاتە لە ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ داخوازییە سیاسییەکانی خەڵکی کوردستان لە ڕێگەی تۆقاندن و پیشاندانی هێزی زۆرەملێ.

هانا کەڵکوەرگرتن لە سەرچاوە گشتییەکان و توانای قوتابخانەکان، زانکۆکان و فەرمانگەکان بۆ نمایشی دەسەڵاتی دامەزراوەیەکی سەربازی و ئەمنییەتی بە توندی ئیدانە دەکات.

هەر چەشنە گوشارێک بۆ سەر هاووڵاتییان بە مەبەستی بەشداریکردن لەم بەرنامەیەدا، پێشێلکردنی ئازادیی بیروڕا و ئیرادەی تاکەکەسیی ئەوانە. پەرەپێدانی ئامادەبوون و نمایشی دەسەڵاتی دامەزراوە ئەمنییەتییەکان لە شوێنە مەدەنییەکاندا، مەترسی دەخاتە سەر ئازادیی ڕادەربڕین، کۆبوونەوەی ئاشتییانە و بەشداریی سیاسی. هانا پێداگری دەکات کە ئەمنییەتی خەڵکی کوردستان بە مانۆڕی تۆقێنەر و توندوتۆڵکردنی کەشی سەربازی دابین ناکرێت، بەڵکوو بە کۆتاییهێنان بە سەرکوت، ڕێزگرتن لە ئازادییە بنەڕەتییەکان و بەفەرمی ناسینی مافی خەڵک بۆ دەربڕینی ئاشتییانەی داخوازییە سیاسییەکانی خۆیان بەدی دێت.

زۆرتر لەسەر ئەم بابەتە

بە نەرخترین