لە هەواڵەکانی کوشتنی ژناندا،زۆر جار ڕووبەڕووی دەستەواژەیەک دەبینەوە کە لەبەر زۆریی دووبارەبوونەوەی وەک بڵێی سامناکیی تاوانەکەی شاردبێتەوە: (پاڵنەری نامووسی) بەڵام چە پێوەندییەک لە نێوان ئابڕووی پیاوێک و گیانی ژنێکدا هەیە؟ چۆن دەکرێت کەرامەتی مرۆڤێک کە دەبێ بەرهەمی کردار و ڕەفتاری خۆی بێت بە جەستە،ڕەفتار و هەڵبژاردنەکانی مرۆڤێکی دیکەوە ببەسترێتەوە؟ و کێ ئەم دەسەڵات و مۆڵەتەی بە پیاوان داوە کە بۆ ئەوەی ناوی دەنێن (لەکەداربوونی نامووس) بڕیار لەسەر مەرگ و ژیانی ژنان بدەن؟
(نامووس) لە مێژووی زماندا،ماناگەلێکی جۆراوجۆری هەبووە،لە یاسا و ئایینەوە تا حورمەت و پاکداوێنی.بەڵام لە کەلتووری پیاوسالاریدا،ژن لە جیاتی ئەوەی خۆی خاوەن حورمەت بێت،بووەتە پاسەوانی حورمەتی پیاو. (ئابڕوو)یش کە دەبێ نیشاندەری پێگەی کۆمەڵایەتیی هەر تاکێک بێت،بە جۆرێک پێناسە کراوە کە وەک بڵێی پیاو خاوەنیەتی و ژن بەرپرسە لە پاراستنی.لەم دابەشکارییە نادادپەروەرانەیەدا،پیاو خاوەنی پێگەیەکی خەیاڵییە و ژنیش لەوانەیە بە تۆمەتی لەکەدار کردنی ئەو پێگەیە، گیانی ڕاستەقینەی خۆی لەدەست بدات.
لە کەلتوورێکی ئاوەهادا پیاوەتی بە دەسەڵات و سەرپشکبوون دەناسرێتەوە و ژنایەتی بە سنووردارکردن. پیاو دەتوانێت هەڵبژێریت،هەڵە بکات،پەشیمان بێتەوە و هێشتا وەک تاکێکی سەربەخۆ بمێنێتەوە،بەڵام هەمان ئەو سەربەخۆییە لە ژندا، هەندێک جار بە سەرکێشی و بێئابڕوویی ناو دەبرێت.ژن نە بە کەسایەتیی سەربەخۆی خۆی،بەڵکوو بەو پێوەندییەی کە لەگەڵ پیاواندا هەیەتی دەناسرێتەوە:کچی فڵان کەس،هاوسەری فڵان کەس یان خوشکی فڵان کەس.وەک بڵێی بۆ پیاوبوون،مرۆڤبوون بەسە،بەڵام ژن بۆ ئەوەی ددانی پێدا بنرێت دەبێ هەمیشە شتێک بۆ ئەوانی دیکە بسەلمێنێت.
سەیر ئەوەیە کە لە زۆرێک لە وڵاتاندا،ساڵانێکە پێوەندیی سێکسیی خۆویستانە لە دەرەوەی هاوسەرگیری لە چوارچێوەی تاوان چۆتە دەرێ و تەنانەت خیانەتی هاوسەرییش ئیتر بنەمایەکی سەربەخۆ و یەکلاکەرەوە نییە بۆ تەڵاق.لەم سیستمە یاساییانەدا،ئەوەی گرینگیی هەیە هەڵوەشانەوەی پێوەندیی هاوسەرگیرییە،نەک دادگاییکردنی ڕەوشتی تایبەتیی تاکەکان.ئەم گۆڕانکارییە بە مانای پەسندکردنی خیانەت نییە،بەڵکوو بە مانای جیاوازیکردنە لە نێوان حوکمی ڕەوشتی و سزای یاساییدا.بەڵام لە ئێراندا،یاسا هێشتا پێوەندیی سێکسیی دەرەوەی هاوسەرگیری بە تاوان دەزانێت و کەلتووری نامووسیش هەندێک جار تەنانەت بە سزای یاساییش ڕازی نابێت. چۆنە کە ڕەفتارێک لە کۆمەڵگەیەکدا لە چوارچێوەی مافی سزادان هاتووەتە دەرێ،بەڵام لە کۆمەڵگەیەکی دیکەدا تەنانەت گومان لێکردنیشی دەتوانێت ببێتە بەهانەی لێسەندنەوەی ژیان؟ مەودای ئەم دوو ڕوانگەیە، تەنیا مەودای یاساکان نییە،مەودای دوو تێگەیشتنی جیاوازە لە مرۆڤ و مافی ئەو بەسەر ژیانی خۆیدا.
کوشتنی ژنێک کە ئەندامی جەستەی بە ئەنقەست بڕدراوە،شێوازە سامناکەکەی ئەم تێگەیشتنە خاوەندارییەتییەیە. بکوژ نەک هەر گیانی ژنەکە دەسێنێت،بەڵکوو جەستەیشی دەکاتە بابەتی سزا دان وەک بڵێی دەیەوێت تەنانەت دوای مردنیش ئەوەی کە بە سەرچاوەی شەرمەزاری زانیوە لەناوی ببات.تاوانێکی لەم شێوەیە ناتوانرێت کورت بکرێتەوە بۆ تووڕەیییەکی کاتی یان کێشەیەکی خێزانی.لێرەدا مرۆڤێک خۆی بە خاوەنی مرۆڤێکی دیکە زانیوە و پێی وابووە دەتوانێت گومانی شەخسیی خۆی بگۆڕێت بۆ حوکمی مەرگ.
مافی ژیان ڕێک لە بەردەم ئەم تێگەیشتنەدا مانا پەیدا دەکات. ژیانی مرۆڤ پاداشتی پاکداوێنی،گوێڕایەڵی یان پەسندکردنی خێزان نییە. تەنانەت ئەگەر ژنێک بەپێچەوانەی تەواوی باوەڕەکانی خێزان و کۆمەڵگەکەی بژی،تەنانەت ئەگەر هەڵەش بکات یان ڕەفتاری لە ڕوانگەی ئەوانی دیکەوە نەشیاو بێت،هیچ کام لەمانە هیچ شتێک لە مافی ئەو بۆ زیندوومانەوە کەم ناکاتەوە. تاکایەتیی ژنیش تەنیا هەبوونی ناو و ناسنامەیەکی جیاواز نییە،واتە ئەو درێژەی کەسایەتیی باوک،برا یان هاوسەرەکەی نییە و هیچ کەس ناتوانێت بە ناوی شەرەفی خۆیەوە بڕیار لەسەر چارەنووسی ئەو بدات.
کارەساتەکە لێرەدایە کە لە هەندێک پێوەندیی کۆمەڵایەتیدا، هێشتا کوژرانی ژنێک بە ئەندازەی ئەوەی کە بە (بێئابڕوویی) ئەو ناو دەبرێت،بە شەرمەزاری دانانرێت.پیاوێک گیانی مرۆڤێک دەسێنێت و هێشتا کەسانێک هەن کە بۆ ڕەفتارەکەی پاساوی لە ڕەگەزی غیرەت و شەرەف دەتاشن.چە سەرەوژێربوونەوەیەکی سامناکە کە کوشتن،وەک ڕێگایەک بۆ گێڕانەوەی ئابڕوو تەماشا بکرێت وەک بڵێی مرۆڤ بتوانێت بە ڕشتنی خوێن،پێگەیەکی ڕەوشتی بەدەست بهێنێت.تا ئەو کاتەی کە خێزان،کۆمەڵگا و یاسا،تاکێتیی سەربەخۆی ژن بێ هیچ مەرجێک بە فەرمی نەناسن، سەرکۆنەکردنی ئەم تاوانانە دوای ڕوودانیان بەس نابێت.کێشەکە تەنیا سزادانی بکوژ نییە،دەبێ خودی ئەو تێگەیشتنە بخرێتە ژێر پرسیارەوە کە مافی خاوەندارییەتی بە پیاو دەدات و مافی هەڵبژاردن لە ژن دەسێنێت.
ئەگەر شەرەف مانایەکی هەبێت،دەبێ لە ڕێزگرتن لە گیان و ئازادی ئەوانی دیکەدا دەرکەوێت،نەک لە سەپاندنی دەسەڵات بەسەریاندا.ئابڕوویەک کە بۆ پاراستنی،مرۆڤێک بکوژرێت،ئیتر ئابڕوو نییە،ناوێکی موحتەرەمانەیە کە لەسەر تاوانێکیان داناوە.
