ڕاپۆرتی هانا سەبارەت بە ئۆپەراسیۆنی دامودەزگا ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی لە ئەوروپا

سزادرانی دوو کەسی سەر بە هێزی قودسی سوپای پاسداران لە ئەڵمانیا، جارێکی دیکە مەودای چالاکی دەزگا ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی لە خاکی ئەوروپای ئاشکرا کردەوە.

دادگای باڵای ئەیاڵەتیی هامبۆرگ ڕۆژی پێنجشەممە ١٥ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٦، دوو تۆمەتباری بە هەشت ساڵ و شەش مانگ و چوار ساڵ و شەش مانگ زیندانیکردن مەحکووم کرد.

بەپێی دۆزینەوەکانی دادگا تۆمەتباران بە ڕێنوێنی و سەرپەرشتیی کارگێڕانی هێزی قودس لە ناسینەوەی کەسایەتییە یەهودیەکان و لایەنگرانی ئیسرائیل و ئامادەکاری بۆ تیرۆر و هێرشی توندووتیژانە لە ئەڵمانیادا بەشداریان کردووە.

ئەم دۆسیەیە نیشانی دەدات کە ئۆپەراسیۆنە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی لە دەرەوەی وڵات دەکرێت لە ڕێگەی تۆڕە نێوانگیرەکان و ئەو کەسانەی کە ڕەگەزنامەی وڵاتانی دیکەیان هەیە ڕێک بخرێن.

پێشینەی ئەم کارانە لە ئەورووپا بەتایبەت دژ بە ڕێبەرانی کورد، مێژوویەکی بەڵگەداری لە دادگاکاندا هەیە. تیرۆرکردنی سادق شەرەفکەندی سکرتێری گشتیی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران و سێ هاوڕێی لە چێشتخانەی میکۆنۆسی بەرڵین لە ساڵی ١٩٩٢ یەکێک لە دیارترین نموونەکانە.

دادگای باڵای بەرڵین لە ساڵی ١٩٩٧دا بەرپرسیارێتی دەرکردنی فەرمانی ئەم تیرۆرانەی خستە ئەستۆی بەرپرسانی باڵای کۆماری ئیسلامی.هەروەها مەحکوومکردنی ئەسەدوڵڵا ئەسەدی، دیپلۆماتی پێشووی کۆماری ئیسلامی لە ئۆتریش، بە ٢٠ ساڵ زیندانیکردن لە بەلژیک بەهۆی بەشداریکردنی لە داڕشتنی پلانی دانانی تەقینەوە بۆ کۆبوونەوەی ناڕازیانی ئێرانی لە فەڕەنسا ڕەهەندێکی دیکەی پەیوەندیی پۆششی دیپلۆماتیک لەگەڵ ئۆپەراسیۆنی ئەمنیی دەرەکی ئاشکرا کرد.

لە ڕوانگەی یاسای نێودەوڵەتییەوە،یەکێک لە نیگەرانییە بنەڕەتییەکان،ئەگەری خراپ بەکارهێنانی پارێزبەندیی سزایی کارگێڕانی دیپلۆماتیک و پێشێلنەکردنی شوێن و بارەگاکانی نوێنەرایەتییە. ئەم پاراستنە بەربڵاوانەی کە بۆ ڕاپەڕاندنی ئەرکە ڕەوا دیپلۆماتییەکان پێشبینی کراون،لەوانەیە ببنە پۆششێک بۆ چالاکییە هەواڵگرییە نایاسایییەکان.

لە کاتێکدا کە بەپێی ماددەی ٤١ی کۆنفرانسی ڤییەن ١٩٦١ کارگێڕانی دیپلۆماتیک پابەندن بە ڕێزگرتن لە یاساکانی وڵاتی خانەخوێ و خۆپاراستن لە دەستێوەردان لە کاروباری ناوخۆیی ئەو وڵاتە، و بەکارهێنانی شوێنە دیپلۆماتییەکانیش بەپێچەوانەی ئەرکەکانی نوێنەرایەتی قەدەغەیە.
ئەم جۆرە خراپ بەکارهێنانە لەگەڵ نیەتپاکی لە جێبەجێکردنی ئەرکە نێودەوڵەتییەکان ناکۆکە.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا بە سەرنجدان بە پێشینە دێکۆمێنتیاری ئۆپەراسیۆنە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی،جەخت لەسەر پێویستی پێشگرتن لە گۆڕینی پارێزبەندییە دیپلۆماتییەکان بۆ قەڵغانێک لە بەرامبەر لێپرسینەوەدا دەکاتەوە.حکومەتە ئەورووپییەکان دەبێت لە چوارچێوەی ئەو دەسەڵاتانەی کە لە کۆنفرانسی ڤییەن دا دیاری کراون،سنووردارکردنی ئامادەبوون و چالاکیی کارگێڕانی گومانلێکراو،ڕاگەیاندنی ئەوان وەک توخمی نەخوازراو کەمکردنەوەی ئاستی نوێنەرایەتییەکان و لێکۆڵینەوە لە خراپ بەکارهێنانی ئەگەریی شوێنە دیپلۆماتییەکان بە جیدی وەربگرن.ڕێزگرتن لە پێشێل نەکردنی شوێنە دیپلۆماتییەکان نابێت لەگەڵ چاوپۆشیکردن لەو کارانەی کە دژی ئەرکەکانی نوێنەرایەتین تێکەڵ بکرێت.

هانا هەروەها نیگەرانی خۆی سەبارەت بە ئاسایشی ڕێبەرانی حیزبە کوردییەکان،چالاکوانانی سیاسی، ڕۆژنامەنووسان و داکۆکیکارانی مافی مرۆڤی ئێرانی لە ئەورووپا دەربڕیوە. ناسینەوەی شوێنی نیشتەجێبوون، چاودێریی هەواڵگری،دزەکردنە ناو پەیوەندییە کەسییەکان و هەڕەشەکردن لە بنەماڵەی نەیاران،لە پاڵ مەترسیی هێرشی فیزیکی،دەکرێت ئازادی و ئاسایشی ئەوان تەنانەت لەو وڵاتانەش کە مافی پەنابەرێتییان لێ وەرگرتووە بخاتە مەترسییەوە.

حکومەتە ئەورووپییەکان لە بەرامبەر ئەم هەڕەشانەدا تەنیا بەرپرسیار نین لە بەداوا کەوتن و سزادانی ئەنجامدەران دوای ڕوودانی تاوانەکە،بەڵکوو ئەرکی سەرشانیانە کە بە ناسینەوەی تۆڕە ئۆپەراسیۆنییەکان،گرتنەبەری ڕێوشوێنی پێشوەختە و لێکۆڵینەوە لە پەیوەندیی ئەگەریی ئەوان لەگەڵ دامەزراوە فەرمییەکانی کۆماری ئیسلامی،پاراستنێکی کاریگەر لەو کەسانە بکەن کە لە ژێر مەترسیدان. پاراستنی نێودەوڵەتی لە پەنابەران و نەیارانی سیاسی،بێگومان بەبێ دەستەبەرکردنی ئاسایشی ئەوان لە بەرامبەر دەزگا ئەمنییەکانی وڵاتی بنچەک،لە گرینگترین کارکردە یاسایییەکانی خۆی بەتاڵ دەبێتەوە.

زۆرتر لەسەر ئەم بابەتە

بە نەرخترین