دادگای کارگێڕیی ویسبادن لە ئەڵمانیا بە ڕاگرتنی جێبەجێکردنی ئاگادارنامەی دەرکردنی منداڵێکی سێ مانگە،ڕەخنەی لە کارکردی فەرمانگەی فیدراڵیی کۆچ و پەنابەرانی ئەو وڵاتە (BAMF) گرت بەهۆی پشتگوێخستنی مافە بنەڕەتییەکانی خێزان و ڕێوشوێنی دادوەریی بەردەست.
بەپێی پێداچوونەوەی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا بۆ بڕیاری دادوەریی ۲٥ی سێپتامبری ۲۰۲٦،فەرمانگەی فیدراڵی پەنابەری داواکاریی پاراستنی نێودەوڵەتیی ئەم منداڵەی لە ڕەوتێکی خێراکراودا ڕەتکردبووەوە و تەنیا یەک هەفتە مۆڵەتی بۆ دەرچوونی لە ئەڵمانیا دیاری کردبوو،لە کاتێکدا دایک و باوکی منداڵەکە بەهۆی بەردەوامیی ڕێکارە دادوەرییەکان لەسەر دۆسیەکانی پەنابەرییان بەپێی یاسا مافی مۆڵەتی نیشتەجێبوونی کاتییان لەو وڵاتەدا هەبوو.
دادگا بە پشتبەستن بە مادەی شەشەمی یاسای بنەڕەتیی ئەڵمانیا جەختی لەسەر پێویستیی پاراستنی یەکپارچەیی خێزان و سەرنجی تایبەت بۆ دۆخی منداڵانی ساوا کردەوە. هەروەها دادوەر خۆدزینەوەی فەرمانگەی فیدراڵی پەنابەری لە قبووڵکردنی ڕێوشوێنی دادوەریی بەردەست سەبارەت بە مافی نیشتەجێبوونی ئەندامانی خێزانی بە (تێنەگەیشتوو) ناودێر کرد.
گرنگی ئەم دۆسیەیە لە بڕیارێکی کارگێڕیی زیاتر تێدەپەڕێت. لێکۆڵینەوەکان دەری ئەخەن کە ڕێنمایی ناوخۆیی فەرمانگەی فیدراڵی پەنابەری،بە بەرواری ۱۲ی ژۆئێنی ۲۰۲٦، هێشتا لەخۆگری لێکدانەوەیەکی سنووردارکەرەوەی دۆخی نیشتەجێبوونی پەنابەردایە کە لەگەڵ بڕیارە جۆراوجۆرەکانی دادگا باڵاکانی کارگێڕیی ئەڵمانیادا لە دژایەتیدایە.
ئەم جیاوازییە،پرسیاری جیدی سەبارەت بە ڕەچاوکردنی زامنی یاسایی لە ڕاگەیشتن بە دۆسیەکانی پەنابەریدا دەوورووژێنێت.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا کە پێشتریش هۆشداری دابوو لەسەر لاوازبوونی زامنی بنەڕەتی مافی پەنابەری لە ئەڵمانیا،ئەم دۆسیەیە بە نموونەیەکی نیشاندەری نیگەرانی لە دەرئەنجامەکانی زاڵبوونی سیاستەکانی دەرکردن بەسەر پاراستنە یاساییەکانی پەنابەراندا دەزانێت.
شێوازێکی لەم جۆرە دەتوانێت بەتایبەتی مافەکانی منداڵان،بنەمای یەکپارچەیی خێزان و مافی بەهرەمەندبوون لە پاراستنی کاریگەری دادوەری بخاتە مەترسییەوە.
