مەحکووم کردنی میلاد ئەسعەدی بە دوو ساڵ و شەش مانگ زیندانیی تەعزیری لە ئیلام

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا ئاگادار کراوەتەوە کە لە ڕۆژانی ڕابردوودا میلاد ئەسعەدی هاووڵاتیی خەڵکی سۆر‌تەنگ سەر بە ناوچەی بەدرە لە پارێزگای ئیلام لە پێوەندی لەگەڵ ناڕەزایەتییەکانی مانگی بەفرانباری ١٤٠٤ لەلایەن دادگای شۆڕشی ئیلامەوە بە دوو ساڵ و شەش مانگ زیندانیی تەعزیری سزادراوە.

بەپێی زانیارییە وەرگیراوەکان، میلاد ئەسعەدی بە تۆمەتەکانی (تێکدانی نەزمی گشتی) و (تێکدانی مۆڵکی گشتی)ئەم حوکمەی بەسەردا سەپاوە و لە ئێستادا لە زیندانی ناوەندیی ئیلامدایە.حوکمی دەرکراو دژی ئەم هاووڵاتییە خراوەتە قۆناغی جێبەجێکردنەوە.

میلاد ئەسعەدی ڕۆژی ٢٧ی ڕێبەندانی ١٤٠٤ لە دوای هێرشی هێزە ئەمنییەکان بۆ سەر ماڵی تایبەتیی خۆی و بێ نیشاندانی هیچ جۆرە حوکمێکی دادوەری دەستبەسەر کرا.ئەو لە ماوەی دەستبەسەرکردن و لێپرسینەوەدا لە یەکێک لە دەستبەسەرگە ئەمنییەکان و لە شوێنێکی نادیاردا ڕاگیرابوو و لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر،چاوپێکەوتن و پێوەندی لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەش کرابوو.ناوبراو دوای تەواوبوونی قۆناغەکانی لێپرسینەوە بۆ زیندانی ناوەندیی ئیلام گواستراوەتەوە.

شایانی باسە،میلاد ئەسعەدی لە کاتی دەستبەسەرکرانییەوە تا ئێستا،نزیکەی هەشت مانگە لە دەستبەسەریدایە و مافی ئازادکردنی کاتی پێ نەدراوە.

زۆرتر لەسەر ئەم بابەتە

بە نەرخترین