هانا: رۆژی دووشەممە ١١ی رێبەندانی ١٤٠٠ – (٣١ی ژانوییەی ٢٠٢٢)، “جەبار دوستی” مامۆستای خانەنشین و ئەندامی ئەنجومەنی یەکێتی مامۆستایانی کوردستان – مەریوان لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراوە.
ناوبراو لە کاتێک بە مەبەستی کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی مامۆستایان لە ماڵە خۆیان چووەتە دەرەوە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی حکومەتەوە قۆڵبەست و بۆ شوێنێکی نادیار گوازراوەتەوە.
جێگای وەبیرهێنانەوەیە دوێنێش "شەعبان محەممەدی" یەکێکی تر لە ئەندامانی یەکێتی مامۆستایانی کوردستان – مەریوان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە ماڵەکەی خۆی دەستبەسەر کرابوو. هەروەها بۆ سێیەمین رۆژی بەردەوام مامۆستایانی خوێندنگەکانی مەریوان هاوڕێ و هاوکات لەگەڵ مامۆستایانی باقی شارەکانی ئێران گردبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوەبردووە و خوازیاری ئازادی مامۆستایانی بەندکراو و هەوروەها وەڵامدانەوەی داواکاری و چارەسەری کێشەکانیان بن.
