هانا: بەپێی راپۆرتێک کە بۆ رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا هاتووە، ئەمڕۆ هەینی ٩ی رەزبەری ١٤٠٠ – (١ی ئۆکتۆبری ٢٠٢١)، شارۆمەندێکی کورد لە کاتی کار و تەکاندنی گوێز، بە هۆی بەربوونەوە لە سەر داری گوێز گیانی لەدەستداوە.
بەپێی ئەم راپۆرتە ناسنامەی ئەم شارۆمەندە کوردە "رەسووڵ هوشەنگی" خەڵکی ئاوایی "کڵاش" و دانیشتووی "کەچەڵاوا" لە ناوچەی جوانڕۆ راگەیەندراوە.
شایانی باسە بە هاتنی وەرزی پاییز و رنین و تەکاندنی باخەکان، رووداوی دڵتەزێنی لێ دەکەوێتەوە و بەپێی راپۆرتی هاوکارانی رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا، لە ماوەی سێ رۆژی رابردوودا ئەمە دوویەمین شارۆمەندی کوردە کە لە کاتی تەکاندنی گوێزدا گیانی لەدەستداوە. رۆژی ٦ی رەزبەری ١٤٠٠ – (٢٨ی سپتەمبری ٢٠٢١)، "محەممەد رەزگی" خەڵکی ئاوای "قەبری وسێن" لە ناوچەی پیرانشار، لە کاتی تەکاندنی گوێز لە سەر دار بەربۆوە و گیانی لەدەستدا.
