بەپێی ئەو زانیارییانەی گەیشتوونەتە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا خێزانێکی پەنابەری کورد لە تورکیا دوای ۱۱ ساڵ بێ چارەنووسی،لەم چەند ڕۆژەی ڕابردوودا بۆ جاری دووەم لەلایەن فەرمانگەی کۆچی ئەو وڵاتەوە وەڵامی نەرێنییان پێدراوەتەوە،ئەم بابەتەش مەترسی گەڕاندنەوەی زۆرەملێی ئەوانی بۆ ئێران زیاتر کردووە کە لەوێ لەژێر مەترسیی دەستبەسەرکردن، ئەشکەنجەدان و دەرکردنی سزای قورسی دادوەریدان.
ڕزگار شێخ جگەری،چالاکی سیاسی کورد و توێژەری بواری مافەکانی منداڵان،لەگەڵ سوهەیلا ئەحمەدی هاوسەری و دوو منداڵەکەیان بە ناوەکانی باران و ئاران، لە ساڵی ٢٠١٦ی زاینییەوە وەک پەنابەر لە تورکیا نیشتەجێن و لەم ماوەیەدا لە دۆخێکی نادیاردا ژیاون.ئەم خێزانە بە وەرگرتنی دووەم وەڵامی نەرێنی لەم چەند ڕۆژەی دواییدا لەلایەن فەرمانگەی کۆچی تورکیاوە،ڕووبەڕووی مەترسییەکی جیدی دیپۆرتکردنەوە بۆ ئێران بوونەتەوە.
ڕزگار شێخ جگەری بەهۆی چالاکییە سیاسییەکان، توێژینەوەکان و هەڵوێستە ئاشکراکانی لە بواری داکۆکیکردن لە مافەکانی منداڵان لە ئەگەری گەڕاندنەوەی بۆ ئێران، لەگەڵ مەترسیی چاودێری دادوەری و دروستکردنی دۆسیەی ئەمنی ڕووبەڕوو دەبێتەوە.
گەڕاندنەوەی زۆرەملێی ڕزگار شێخ جگەری بۆ ئێران دەکرێ مەترسیی دەستبەسەرکردن لەلایەن دەزگا ئەمنییەکان،ئەشکەنجەی جەستەیی و دەروونی بە مەبەستی دانپێدانی زۆرەملێ و دەرکردنی سزای قورسی دادوەری،لەوانەش زیندانییکردنی درێژخایەن و ئەگەری دەرکردنی سزای سێدارەی لێبکەوێتەوە.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا لە کاتێکدا نیگەرانیی خۆی بەرامبەر بە چارەنووسی ئەم خێزانە پەنابەرە دەربڕیوە،داوای ڕاگرتنی دەستبەجێی پرۆسەی دیپۆرتکردنەوەیان و ڕێگریکردن لە گەڕاندنەوەی زۆرەملێی ئەم خێزانە بۆ ئێران دەکات.
