تۆڕی نێونەتەوەیی مافی مرۆڤی کوردستانی ئێران کوشتن و بریندارکردنی خەڵکی بەلووچ بەدەستی هێزەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران مەحکوم دەکات

تۆڕی نێونەتەوەیی مافی مرۆڤی کوردستان:
کوشتن و بریندارکردنی خەڵکی بەلووچ مەحکوم دەکات

بەپێی ئەو هەواڵانەی کە رۆژی ٢شەممە رێکەوتی ٤ی رەشەممەی ١٣٩٩ی هەتاوی بەرامبەر بە ٢٢ی فێورییەی ٢٠٢١ی زایینی لە ناوچە سنوورییەکانی شاری سەراوان‌ی سەر بە پارێزگای سیستان‌وبەلوچێستانی ئێران لە لایەن چالاکوانانی مەدەنی بەلووچ بڵاو بۆتەوە، تا ئێستا زیاتر لە ١٠ کەس لە شارومەندانی بەلووچ بەدەستی هێزەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران کوژراون و ژمارەیەکی زۆریش بریندار کراون.

سەرچاوەکانی هەواڵ باس لەوە دەکەن بەدوای ئەوەیکە سپای پاسداران بە رێگەگرتن و هەڵکەندنی چاڵە لە ناوچە سنوورییەکانی سەراوان ویستوویەتی بەر بە رێگای هاتوچۆیی سووتەمەنیی لە لایەن کاسبکارانەوە بگرێت، ژمارەیەک لە کاسبکارانی ئەو ناوچەیە بە مەبەستی ناڕەزایەتی دەربڕین کۆبوونەتەوە، بەڵام لەلایەن هێزەکانی سپای پاسدارانەوە تەقەیان لێکراوە.

بنەماڵەی کوژراوان و برینداربووان رۆژی ٣ شەممە بەدوای ئەوەیکە بە مەبەستی ناڕەزایەتی دەربڕین لەبەردەم فەرمانداریی سەراوان کۆبوونەتەوە، جارێکی دیکە هێزەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران بە گازی فرمێسک‌رێژ و چەکی ساچمەیی تەقەیان لە خەڵکی ناڕازی کردووە و لە ئاکامدا ژمارەیەک لە خەڵک بەم بۆنەوە بریندار کراون.

تۆڕی نێونەتەوەیی ماڤی مرۆڤی کوردستانی ئێران کوشتنی خەڵکی مەدەنی و کاسبکاری ناوچەی سەراوان بە دەستی هێزەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران مەحکوم دەکات و داوا لەسەرجەم رێکخراو و ناوەندە مرۆییە جیهانییەکان دەکات لە هەمبەر کوشتن و بریندارکردنی خەڵکی مەدەنیی ئەو ناوچانە بێ دەنگ نەبن و هەڵوێستی شیاو و گونجاو لەم‌بوارەوە بگرنە بەر.

 هەروەها پشتیوانیی لە ناڕەزایەتی دەربڕینی هێمنانەی خەڵکی ئەم ناوچەیە دەکات و وێڕای ئەوەیکە سەرەخۆشی لە بنەماڵەی کوژراوانی ئەو رووداوە دەکات، هیوای ساغ‌بوونەوە بۆ برینداربووان دەخوازێت.

تۆڕی نێونەتەوەیی مافی مرۆڤی کوردستانی ئێران

 

RELATED ARTICLES

Most Popular