بەیاننامەی هانا سەبارەت بە چوارەمین ساڵیادی قەتڵی حکومەتی ژینا (مەهسا) ئەمینی و بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی

چوار ساڵ بەسەر قەتڵی حکومەتی ژینا (مەهسا) ئەمینی تێدەپەڕێت, ئەو ژنە گەنجە کوردەی کە مردنی لە دەستبەسەریی گەشتی ئیرشاددا، یەکێک لە ڕوونترین نموونەکانی ستەمی لێکبەستراو لە کۆماری ئیسلامیدا ئاشکرا کرد. ژینا هەم وەک ژن، کەوتە بەر سیستەمێک کە دەسەڵات بەسەر جەستە، پۆشاک و هەڵبژاردنی ژناندا دەسەپێنێت و هەم وەک کورد، سەر بە کۆمەڵگەیەک بوو کە دەیان ساڵە لەگەڵ جیاکاری و سەرکوتی سیاسی ڕووبەڕووە.

ژنبوون و کوردبوونی ئەو دوو ڕاستیی جیا لە یەک نەبوون؛ لە چارەنووسی ئەودا بەیەک گەیشتن و نیشانیان دا کە چۆن جیاکاریی ڕەگەزی و ستەمی نەتەوەیی دەتوانن بە هاوکات بەسەر ژیانێکدا بسەپێندرێن. ڕێک لەم خاڵەوە بوو کە (ژن، ژیان، ئازادی) لە ناڕەزایەتی بەرانبەر بە کوشتنی ژنێکی گەنج تێپەڕی و بوو بە داواکارییەکی گشتگیر بۆ ئازادی، یەکسانی و کەرامەتی مرۆیی.

ئەم بزووتنەوەیە تەنیا دەربارەی حیجابی زۆرەملێ نییە. مافی ژن بەسەر جەستە و چارەنووسی خۆی، یەکسانی لە هاوسەرگیری و تەڵاق، سەرپەرشتیاریی منداڵ، میرات، کار، خوێندن و بەشداریی سیاسی، هەمان ئەندازە بەشێکن لەو بزووتنەوەیە کە مافی کورد و نەتەوە و نەتەوایەتییەکانی تری ژێر جیاکاری بۆ ژیان لەگەڵ ناسنامە و کەرامەتی خۆیان، مافی کرێکاران بۆ ژیانێکی شایستە، مافی خوێندکاران بۆ ناڕەزایەتی و مافی بنەماڵەکان بۆ دادخوازی. پەیامی ئەم بزووتنەوەیە ڕوون بوو: (ئازادی ناتوانرێت پارچەپارچە بکرێت.)

وەڵامی کۆماری ئیسلامی بۆ ئەم داواکارییانە، گفتوگۆ یان چاکسازی نەبوو, گوللە، دەستبەسەرکردن، ئەشکەنجە، توندوتیژیی سێکسی و ڕەگەزی، بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێ، دادگاییکردنە نادادپەروەرەکان و سێدارە بوو. کوردستان، لە سەقز و سنەوە بگرە تا مەهاباد و جوانڕۆ، دووبارە بووەوە بە یەکێک لە ناوەندە سەرەکییەکانی توندوتیژیی دەوڵەتی. لێژنەی ڕاستی‌دۆزی سەربەخۆی نێودەوڵەتیی نەتەوە یەکگرتووەکانیش گەیشتە ئەو دەرەنجامەی کە ژمارەیەک لەو پێشێلکارییانەی لە کاتی ئەم سەرکوتەدا ئەنجام دراون، لە چوارچێوەی هێرشێکی بەرفراوان و ڕێکخراو دژی دانیشتووانی مەدەنی، ڕەگەزەکانی تاوان دژی مرۆڤایەتییان تێدایە.
ئەم دۆزینەوەیە تەنیا شەرمەزارکردنێکی سیاسی نییە. لە یاسای نێودەوڵەتیی سزاییدا، بەرپرسیارێتی نابێت لە ئاستی ئەو مەئموورەی تەقەی کردووە یان لێکۆڵەرەکەدا ڕابوەستێت.

دەبێت ڕوون بێتەوە کێ سیاسەتی سەرکوتی داڕشتووە و ئاراستەی کردووە، کێ فەرمانی داوە، چ بەرپرسانێک کۆنتڕۆڵیان بەسەر هێزە ئەنجامدەرەکاندا هەبووە و چ ناوەندێک دوای ڕوودانی تاوانەکە بۆ شاردنەوەی ڕاستی و پاڵپشتی لە ئەنجامدەران هاتۆتە ناوەوە. پێگەی حکوومی، پلەی سەربازی یان ناوبانگی سیاسی نابێت ببێتە قەڵغانێک لە بەرانبەر وەڵامدەرەوەبوونی سزایی.

چوار ساڵ دواتر، یەکێک لە گرنگترین هۆکارەکانی بەردەوامیی توندوتیژی لە ئێراندا هێشتا بێ‌سزا مانەوەیە. بنەماڵەی قوربانییەکان لە جیاتی دەستڕاگەیشتن بە ڕاستی و عەدالەت، چەندین جار ڕووبەڕووی هەڕەشە و گوشار بوونەتەوە و ئەو دەزگایانەی بەرپرسی سەرکوت بوون، نەک هەر وەڵامدەرەوە نەبوون، بەڵکوو دەسەڵاتیان بەسەر ژیانی گشتی و تایبەتیی هاووڵاتییاندا پەرەی سەندووە.

دووبارەبوونەوەی سەرکوتە خوێناوییەکان، لەوانەش دوای ناڕەزایەتییەکانی بەفرانبار، هاوکات لەگەڵ کەشی جەنگی، هەژاری، گرانی و نائەمنی ئابووری، نیشانی دەدات کە کێشەی ئەمڕۆی ئێران کۆمەڵە پێشێلکارییەکی پێکەوەبەستراوی سەرکوتی سیاسی، جیاکاریی بونیادی و نادادیی کۆمەڵایەتییە.

هانا جەخت دەکاتەوە کە دادخوازی بۆ ژینا و تەواوی گیانبەختکردووانی ژن، ژیان، ئازادی تەنیا پاراستنی یادی قوربانییەکان نییە. دادخوازی واتە ڕاستی، عەدالەت، قەرەبووکردنەوە و ڕێگریکردن لە دووبارەبوونەوە. بەڵگەکان دەبێت بپارێزرێن، زنجیرەی بەرپرسیارێتی دەبێت بناسرێت و ناوەندە دادوەرییە سەربەخۆکان دەبێت لە هەر شوێنێک بنەمای یاسایی هەبێت، سەلاحییەتی جیهانی و میکانیزمەکانی تری یاسای سزایی بۆ لێکۆڵینەوە و ڕاوەدوونانی ئەو کەسانەی گومانی ئەنجامدانی تاوانە نێودەوڵەتییەکانیان لێ دەکرێت، بەکار بهێنن.

ژینا ژن بوو و کورد؛ و ئەوەی بەسەری هات، یەکتربڕینی دوو پێکهاتەی جیاکاریی ئاشکرا کرد. (ژن، ژیان، ئازادی) داواکاریی گۆڕینی چەند یاسایەک نییە, داواکاریی کۆتاییهێنانە بە نەزمێک کە جیاکاریی کردووەتە یاسایی، سەرکوتی کردووەتە ئاسایی و بێ‌سزا مانەوەی کردووەتە گونجاو. چوار ساڵ تێپەڕیوە، بەڵام کەیسی ژینا هێشتا کراوەیە، کەیسێک بۆ ڕاستی، عەدالەت و ئازادی.

زۆرتر لەسەر ئەم بابەتە

بە نەرخترین