نیگەرانی هانا لە سەر ئەگەری بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێی یوسف محەمەدی لە سەردەشت

زیاتر لە سێ مانگە یوسف محەمەدی هاووڵاتیی خەڵکی سەردەشت بێسەروشوێن بووە و بنەماڵەکەی هێشتا هیچ زانیارییەکیان لەسەر چارەنووس و شوێنی ڕاگرتنی نییە.

بەپێی ئەو زانیارییانەی گەشتوونەتە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا، ناوبراو ڕۆژی ٩ی پووشپەڕی ١٤٠٥ لە ماڵ دەرچووە و لەو کاتەوە هیچ هەواڵێکی نییە.سەردانی بەردەوامی بنەماڵەکەی بۆ لایەنە پەیوەندیدارەکان و بەدواداچوونی یاسایی لە ڕێگەی پارێزەرەوە،تا ئێستا نەبووەتە هۆی ڕوونکردنەوەی دۆخی ناوبراو.

ڕۆژێک دوای بێسەروشوێنبوونی یوسف محەمەدی،چەند کەسێکی نەناسراو چوونەتە سەر ماڵەکەی و کەلوپەلی ناوماڵەکەیان شێواندووە. بنەماڵەکەی چەند وێنەیەکیان لە دۆخی ماڵەکە دوای ئەو ڕووداوە لەبەردەستدایە،بەڵام ناسنامەی ئەو کەسانە و پەیوەندیی کارەکەیان بە بێسەروشوێنبوونی یوسفەوە هێشتا نادیارە.

بە وتەی بنەماڵەکەی لە سیستمی دادوەریی (سەنا)دا دۆسیەیەک بۆ یوسف محەمەدی بە تۆمەتەکانی (پرۆپاگەندە دژی نیزام) و (ئەندامێتی لە گرووپە نەیارەکانی وڵاتدا) کراوەتەوە.سەرەڕای ئەمەش هیچ دەسەڵاتێکی دادوەری یان ئەمنی تا ئێستا ڕوونکردنەوەیەکی ڕوونی لەسەر دەستبەسەرکردنی ئەگەری شوێنی ڕاگرتن یان دۆخی ئەو نەداوە. کردنەوەی دۆسیەی دادوەری بەبێ دیاریکردنی دۆخی کەسێک کە چەندین مانگە هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووسی نییە،نیگەرانییەکانی لەسەر ئەگەری ڕاگرتنی بە نهێنی زیاتر کردووە.

یوسف محەمەدی پێشتریش بەهۆی بەشداریکردنی لە ڕێوڕەسمی نەورۆز و خۆپێشاندانەکاندا دەستبەسەر کرابوو و بەپێی ئەو زانیارییانەی بە هانا دراون پێشینەی زیندانیکردن،هەڕەشە و ئەشکەنجەدانی هەبووە.هەروەها ڕاپۆرت دراوە کە پێش بێسەروشوێنبوونی،لەژێر گوشار و چاودێریی دەزگا هەواڵگرییەکاندا بووە.

کۆی ئەم بەڵگانە،بەتایبەت پێشینەی ڕووبەڕووبوونەوە ئەمنییەکان،بوونی دۆسیەی دادوەری و خۆدزینەوەی لایەنە بەرپرسەکان لە پێدانی زانیاریی ڕوون لەسەر چارەنووسی،نیگەرانییەکی جدی لەسەر ئەگەری ڕوودانی بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێ دێنێتە ئاراوە.ئەگەرچی هێشتا ڕۆڵی ئەگەریی مامۆڕانی حکوومەتی لە بێبەشکردنی لە ئازادی نەسەڵمێنراوە، بەڵام بەردەوامیی بێهەواڵی و بێ وڵامی بەدواداچوونەکانی بنەماڵەکەی،پێویستیی ئەنجامدانی لێکۆڵینەوەی خێرا، سەربەخۆ و کاریگەر دوو هێندە دەکات.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا جەخت دەکاتەوە کە لایەنە بەرپرسەکان ئەرکیانە چارەنووسی یووسف محەممەدی ڕوون بکەنەوە و لەسەر بێسەروشوێنبوونی و چوونەژوورەوەی کەسانی نەناسراو بۆ ناو ماڵەکەی وەڵامدەرەوە بن.ئەگەر ناوبراو لە دەستبەسەریدا بێت،دەزگای دەستبەسەرکەر دەبێ دەستبەجێ شوێنی ڕاگرتن و دۆخی تەندروستیی ڕابگەیەنێت و دەرفەتی پێوەندیکردن بە بنەماڵە،دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاودێریی پزیشکی بۆ دابین بکات.هیچ کەسێک نابێ لە دۆخێکدا ڕابگیرێت کە تەنانەت بنەماڵەکەشی نەزانن زیندووە یان چی بەسەر هاتووە.

زۆرتر لەسەر ئەم بابەتە

بە نەرخترین