گیانلەدەستدانی کرێکارێکی خەڵکی سەقز بەهۆی کەوتنەخوارەوە لە به رزایی بینایەک لە شاری بۆکان


بەپێی ڕاپۆرتە گەیشتووەکان بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا، ڕۆژی چوارشەممە ٩ی بانەمەڕی ١٤٠٥ی هەتاوی (٢٩ی ئاوریلی ٢٠٢٦)، کرێکارێک بە ناوی “لەتیف محەممەدزادە”، خەڵکی شاری سەقز، خێزاندار و باوکی دوو منداڵ، لە کاتی کارکردن لە پڕۆژەی ڕووخاندنی بینایەک لە شاری بۆکان، بەهۆی کەوتنەخوارەوە لە بەرزایی تووشی ڕووداو بوو و گیانی لەدەست دا.
بە گوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەم کرێکارە کە بە شێوەی “ڕۆژانە” کاری دەکرد، بۆ پەیداکردنی بژێوی ژیان چووبووە شاری بۆکان. ناوبراو لە کاتی کارکردندا بەهۆی نەبوونی کەرەستە و پێداویستییەکانی ئیمەنی و پاراستنی کار، لە بەرزایی کەوتووەتە خوارەوە و بە سەختی بریندار بووە.
ئەم سەرچاوەیە لە درێژەدا گوتی: لەتیف محەممەدزادە دوای گواستنەوەی بۆ نەخۆشخانە، بەهۆی قورسیی برینەکانیەوە گیانی لەدەست داوە.
شایانی باسە لە ساڵانی ڕابردوودا، بەهۆی نەبوونی ئیمەنیی ژینگەی کار و کەمتەرخەمیی خاوەنکارەکان بەرانبەر بە بنەماکانی پاراستن و سەلامەتی، ئاماری ڕووداوەکانی کار لە کوردستان و ناوچەکانی دیکەی ئێران ڕووی لە زیادبوون کردووە.
بەپێی کۆنڤانسیۆنەکان و پێوەرە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ و مافی کار، حکوومەتەکان ئەرکدارن بەوەی کە تەندروستی و سەلامەتیی ژینگەی کار بۆ کرێکاران دابین بکەن.

زۆرتر لەسەر ئەم بابەتە

بە نەرخترین