ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا سەبارەت بە پێشێلکردنی مافی بەرگری و ئاسایشی پیشەیی پارێزەران لەلایەن دامەزراوە حکومییەکانەوە

​ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا، وێڕای ئیدانەکردنی توندی شەپۆلی نوێی گوشارە ئەمنییەکان بۆ سەر پارێزەرانی سەربەخۆ، کردنەوەی دۆسیەی دادوەری بۆ ئەمیر ڕەئیسیان و میلاد پەناهی‌پوور وەک هەوڵێکی سیستماتیک بۆ زەوتکردنی مافی بەرگری لە بەندکراوانی سیاسی لەقەڵەم دەدات.

​بەپێی ئەو ڕاپۆرتانەی گەیشتوونەتە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا، دامەزراوە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ دوو پارێزەری ناسراوی دادگستری، ئەمیر ڕەئیسیان و میلاد پەناهی‌پوور، بەهۆی زانیاریبەخشین لەسەر دۆخی دۆسیەی یەکێک لە دەستبەسەرکراوانی ڕاپەڕینی بەفرانباری ١٤٠٤، دۆسیەی دادوەرییان بۆ کردوونەتەوە. ئەم دوو مافناسانە دوای بانگهێشتکردنیان بۆ دادسەرای ئەمنی تاران و خوێندنەوەی تۆمەتەکان، بە شێوەیەکی کاتی بە بارمتەی کەفالەت ئازاد کراون.

​ئەم دۆسیەسازییە لە ئەنجامی ناڕەزایەتی ئەم دوو پارێزەرە بەرامبەر بە بێبەشکردنی نایاسایی ئیحسان حوسێنی‌پوور لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەری دەستنیشانکراو (هەڵبژێردراو) هاتووەتە ئاراوە. ئیحسان حوسێنی‌پوور، مێرمنداڵێکی تەمەن ١٩ ساڵە کە لە کاتی خۆپیشاندانەکانی بەفرانباری ١٤٠٤ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە ڕفێندراوە، ئێستا لەگەڵ تۆمەتگەلێکی قورسدا ڕووبەڕوویە کە مەترسی دەرچوونی سزای دژەمرۆیی سێدارەی بۆ دروست کردووە.

​ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا جەخت دەکاتەوە کە بێبەشکردنی بەندکراوان لە مافی دادگاییکردنی دادپەروەرانە و ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو پارێزەرانەی ئامادە نین لە ئاست پێشێلکردنی مافی موەکیلەکانیان بێدەنگ بن، پێشێلکردنی ئاشکرای پەیماننامە نێودەوڵەتییەکانە. هانا داوا لە سەرجەم دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان و داکۆکیکارانی مافی مرۆڤ دەکات کە لە بەرامبەر ئەم سەرکوتە ڕێکخراوانەدا بێدەنگ نەبن و بۆ ڕزگارکردنی گیانی ئیحسان حوسێنی‌پوور و کۆتاییهێنان بە ئازار و ئەشکەنجەی دادوەریی پارێزەرانی سەربەخۆ، گوشارەکانیان بۆ سەر کۆماری ئیسلامی زیاد بکەن.

زۆرتر لەسەر ئەم بابەتە

بە نەرخترین