ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا ئاگادار کراوەتەوە کە ئەحمەد تەمۆیی،بەندکراوی سیاسیی خەڵکی شارستانی سەڵماس کە لە بەندیخانەی تارانی گەورە بەندکراوە،لەلایەن لقی ٢٦ی دادگای شۆڕشی تارانەوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر ئیمان ئەفشاری،سەرجەم بە ١٥ ساڵ زیندانیکردن و پێبژاردنی یەک ملیارد و ٢٥٠ ملیۆن تمەن سزای دارایی،سزادراوە.
ئەم حوکمە بە تۆمەتەکانی (کۆبوونەوە و تەبانی دژی ئاسایشی وڵات) و (هەڵگرتن و ڕاگرتنی چەک) دەرچووە و بەپێی ماددەی ١٣٤ی یاسای سزادانی ئیسلامی،١٠ ساڵ زیندانیی تەعزیری وەک سزای هەرە توند جێبەجێ دەکرێت.
بەپێی زانیارییە گەیشتووەکان،ئەحمەد تەمۆیی بەرەبەیانی ڕۆژی دووشەممە ٤ی ڕەشەمەی ١٤٠٤ لە تاران و بەبێ نواندنی حوکمی دادوەری،لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراوە. دەستبەسەرکردنی ناوبراو لە کاتێکدا بووە کە وەک شۆفێری ئەسنەپ خەریکی کار بووە.ئەم بەندکراوە سیاسییە دوای کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی لێپرسینەوە،لە ڕۆژی ١٣ی ڕەشەمەی هەمان ساڵدا بۆ بەندیخانەی تارانی گەورە ڕاگواستراوە.
جێی ئاماژەیە،ئەحمەد تەمۆیی پێشتریش بە تۆمەتی سیاسی دەستبەسەر کرابوو و سزای ١٥ ساڵ زیندانی بەسەردا سەپابوو.ناوبراو لە ڕۆژی ٢٥ی سەرماوەزی ١٤٠٠ دوای تێپەڕاندنی ماوەی سزادانەکەی لە بەندیخانەی ناوەندیی ورمێ ئازاد کرابوو.
