بەپێی ئەو ڕاپۆرتانەی گەیشتوونەتە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا، بەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە ١٠ی بانەمەڕی ١٤٠٥، سێ بەندکراوی سیاسیی مەحکووم بە لەسێدارەدان بە ناوەکانی ناسر بەکرزادە، یەعقووب کەریمپوور و مێحراب عەبدوڵڵازادە، لە بەندیخانەی ناوەندیی ورمێ بە جیاواز هێنراونەتە دەرەوە و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراونەتەوە. تا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم ڕاپۆرتە، ئەم سێ بەندکراوە نەگەڕاونەتەوە بۆ ئەو بەندانەی لێی ڕاگیرابوون و هیچ زانیارییەک لەسەر دۆخی ئێستا و شوێنی ڕاگرتنیان لەبەر دەستدا نییە.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ناسر بەکرزادە بەیانی ئەمڕۆ لەگەڵ دوو بەندکراوی دیکە بۆ نووسینگەی جێبەجێکردنی سزاکانی بەندیخانە بانگهێشت کراوە و دوای ئەوە بە ئۆتۆمبێلێکی ساردکەرەوە لە بەندیخانە براوەتە دەرەوە. هەروەها یەعقووب کەریمپوور بە بیانووی ناردنی بۆ پزیشکی دادوەری لە بەندیخانە براوەتە دەرەوە و تا ئێستا نەگەڕاوەتەوە.
سەبارەت بە مێحراب عەبدوڵڵازادەش ڕاپۆرت کراوە کە ناوبراو پێشتر بۆ ژووری تاکەکەسی گواستراوەتەوە و ئێستا هیچ زانیارییەکی ورد لەسەر دۆخی جەستەیی، شوێنی ڕاگرتن یان پرۆسەی جێبەجێکردنی سزاکەی لەبەر دەستدا نییە.
گواستنەوەی هاوکات و بەبێ ئاگادارکردنەوەی شەفافی ئەم سێ بەندکراوە مەحکووم بە لەسێدارەدانە، نیگەرانییەکان سەبارەت بە ئەگەری جێبەجێکردنی خێرای سزای لەسێدارەدانیانی بە توندی زیاد کردووە. ئەم نیگەرانییە کاتێک جیدیتر دەبێتەوە کە بەپێی زانیارییەکان، جێبەجێکردنی سزاکەی ناسر بەکرزادە بەم دواییانە ڕاگیرابوو، ماوەی ڕاگرتنی سزاکەی مێحراب عەبدوڵڵازادەش کۆتایی پێهاتبوو، و دۆسیەی یەعقووب کەریمپووریش هێشتا لە دیوانی باڵای وڵاتدا بە هەڵپەسێردراوی مابووەوە.
ناسر بەکرزادە بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە سیخوڕی بۆ ئیسرائیل/مۆساد، یەعقووب کەریمپوور بە تۆمەتی”گەندەڵی لەسەر زەوی” “افساد فیالارض” لە ڕێگەی سیخوڕی بۆ ئیسرائیل، و میحراب عەبدوڵڵازادە بە تۆمەتی “گەندەڵی لەسەر زەوی””افساد فیالارض” لە ڕێگەی بەشداری لە کوشتنی ئەنقەستی ئەندامێکی بەسیج، لەلایەن دادگای شۆڕشی ورمێوە سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێنراوە.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا نیگەرانی قووڵی خۆی بەرامبەر بە گواستنەوەی ئەم بەندکراوانە بۆ شوێنی نادیار و مەترسیی جێبەجێکردنی لەناکاوی سزای لەسێدارەدانیان دەردەبڕێت و داوای ڕاگەیاندنی دەستبەجێی دۆخ و شوێنی ڕاگرتنیان، دەستەبەرکردنی مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر و بنەماڵە، ڕاگرتنی هەر جۆرە کارێکی جێبەجێکردن و ڕەچاوکردنی بنەماکانی دادگاییکردنی دادپەروەرانە لە دۆسیەی ئەم سێ بەندکراوەدا دەکات.
