هێرشی چڕی سوپای پاسداران بۆ سەر ناوچە سنوورییەکانی مەریوان

بەپێی ئەو ڕاپۆرتانەی گەیشتوونەتە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا، سەر لە بەیانیی ڕۆژی چوارشەممە ٢٠ی خەزەڵوەری ١٤٠٥، هێزەکانی سوپای پاسداران ناوچە شاخاوی و دارستانییەکانی هەڵکەوتوو لەسەر هێڵی سنووریی شاری مەریوانیان کردووەتە ئامانجی هێرشی تۆپخانەیی و درۆنی.

بەگوێرەی زانیارییە وەرگیراوەکان، ئەم هێرشانە لە دەوروبەری کاتژمێر ٧:٣٠ی بەیانییەوە لە بنکە و پێگەکانی هێزەکانی سوپای جێگیر لە دەوروبەری گوندەکانی «گاگل»، «هانەشێخان» و «قامیشڵە» دەستیان پێ کردووە و بەرزایییە دارستانییەکانی ئەو ناوچانەیەیان کردووەتە ئامانج. هاوکات چەندین درۆنی خۆکوژیش لە بەشە جیاوازەکانی ئەو بەرزایییانە دراون و تەقیونەتەوە. ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەم درۆنانە لە بنکە سەربازییەکانی سوپای پاسداران لە شارەکانی دیکەوە هەڵفڕێنراون.

لە ئەنجامی ئەم هێرشانەدا، زیانێکی بەرچاو بە باخەکانی هاووڵاتییان گەیشتووە و بەشێک لە زەوی و زار و ڕووپۆشی ڕووەکیی ناوچەکە زیانیان بەرکەوتووە. تا کاتی ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە، زانیاریی ورد سەبارەت بە ڕادەی زیانەکان و قوربانیانی ئەگەری لەبەر دەستدا نییە. هەروەها هێزەکانی سوپا هێشتا لە ناوچەکەدا جێگیرن و ئامادەبوونی بەرفراوانی ئەوان بووەتە هۆی توندتربوونی کەشی ئەمنی لە دەوروبەری ئەو گوندانەدا.

سوپای پاسداران لە درێژایی ساڵانی ڕابردوودا چەندین جار بە بیانووی بەرەنگاربوونەوەی ئامادەبوونی ئەگەریی هێزەکانی حیزبە کوردییەکانی دژبەری کۆماری ئیسلامی، ناوچە شاخاوی و دارستانییەکانی مەریوان و خاڵە سنوورییەکانی دیکەی کوردستانی کردووەتە ئامانجی تۆپباران. ئەم هێرشانە لە زۆر حاڵەتدا بوونەتە هۆی ئاگرکەوتنەوە لە دارستانەکان، لەناوچوونی ڕووپۆشی ڕووەکی و زیان گەیاندن بە سەرچاوە سروشتییەکان و زەوییە کشتوکاڵییەکانی هاووڵاتییان.

لە ڕوانگەی یاسای مرۆڤیی نێودەوڵەتییەوە، لە کاتی پێکدادانی چەکداریدا، هێزە سەربازییەکان ئەرکدارن جیاوازی لەنێوان ئامانجە سەربازییەکان و ناوچە نیشتەجێبوونەکان و موڵک و ماڵی مەدەنی دابنێن و لە هێرشی کوێرانە و ئەو هەنگاوانەی کە زیانی ناڕێژەیی بە هاووڵاتییانی مەدەنی و ماڵ و موڵکیان دەگەیەنن، خۆیان بەدوور بگرن. نزیکیی ئەم هێرشانە لە گوندەکان، زیانە گەیشتووەکان بە باخی هاووڵاتییان و ئەگەری زیان گەیاندن بە دارستانەکان و ژینگەی ناوچەکە، پێویستیی لێکۆڵینەوەیەکی سەربەخۆ لە ئامانجەکان و شێوازی جێبەجێ کردنی ئەم ئۆپەراسیۆنە و ڕەچاوکردنی پێوەرەکانی پاراستنی هاووڵاتییانی مەدەنی و ژینگە دەخاتە ڕوو.

زۆرتر لەسەر ئەم بابەتە

بە نەرخترین