هۆشداریی هانا سەبارەت بە بوونی مین لە تەپەی شێڕەلیی دیواندەرە و مەترسی لەسەر گیانی هاووڵاتییان

بەپێی ئەو وێنە و زانیارییانەی کە لەلایەن ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هاناوە بەدەست گەیشتوون و ڕاستییان پشتڕاست کراوەتەوە، شتێکی تەقەمەنی گوماناوی کە پێدەچێت مین بێت لە سنووری تەپەی شێڕەلیی شاری دیواندەرە، نیگەرانییەکی قووڵی سەبارەت بە ئاسایشی گیانیی هاووڵاتییان و ئەگەری بوونی مین و تەقەمەنییە نەتەقیوەکانی تر لەم ناوچەیەدا دروست کردووە.

تەپەی شێڕەلی لە سنووری باخی باواحاجی و بێسان‌جار، لە تەنیشت ناوچەی نیشتەجێبوونی شاریی دیواندەرە هەڵکەوتوە و پێشتر بۆ پەرەپێدانی فەزای سەوز و دروستکردنی پارکێکی دارستانی لەبەرچاو گیرابوو. بەپێی زانیارییە پشتڕاستکراوەکانی هانا، ئەم ناوچەیە لە ڕابردوودا شوێنی جێگیربوونی هێزەکانی سوپای پاسداران بووە و دوای کۆتاییهاتنی بەکارهێنانی سەربازی، پاککردنەوە و بێمەترسیکردنی پێویستی تێدا نەکراوە.

ئەمە لە کاتێکدایە کە هانا پێشتریش لە ڕاپۆرتێکی خەرمانانی ١٤٠٤دا هەواڵی برینداربوونی چوار منداڵی بەهۆی تەقینەوەی مین لە ڕووداوێکی جیاوازدا لە شاری دیواندەرە بڵاو کردبووەوە. دووبارەبوونەوەی ئەم جۆرە مەترسییانە نیشاندەری لێکەوتە مەترسیدارەکانی هەبوونی کەرەستەی تەقینەوەیە لە ناوچە نیشتەجێبوون و گشتییەکاندا، هەروەها نەبوونی هەنگاوی پێشگیرانەی کاریگەر بۆ پاراستنی هاووڵاتییان.

کۆماری ئیسلامیی ئێران هێشتاش لە پەیوەستبوون بە پەیماننامەی قەدەغەکردنی مینە دژەکەسییەکانی پەسەندکراوی ساڵی ١٩٩٧ (پەیماننامەی ئۆتاوا) خۆ دەپارێزێت و بەکارهێنانی ئەم چەکانە بە پاساوی ئەمنی تەبریر دەکات. لەگەڵ ئەوەشدا، نەبوونی ئەندامێتی لەم پەیماننامەیەدا، بەرپرسیارێتیی حکوومەت لە پاراستنی مافی ژیانی هاووڵاتییان لانابات. بەپێی مادەی ٦ی پەیماننامەی نێودەوڵەتیی مافە مەدەنی و سیاسییەکان، دەوڵەت ئەرکدارە بەرامبەر بەو مەترسییە پێشبینیکراوانەی کە لەسەر گیانی مرۆڤەکان هەن، ڕێوشوێنی پاراستنی کاریگەر بگرێتە بەر.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا جەخت لەوە دەکاتەوە کە بەردەوامبوونی مەترسیی مین لە نزیک ناوچە شارییەکان، دەرکەوتەیەکی نیگەرانکەرە لە پێشخستنی ڕوانگە سەربازی و ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی بەسەر گیان و تەندروستیی هاووڵاتییانی کوردستاندا. هانا داوای پشکنینی بەپەلەی ناوچەکە لەلایەن هێزە پسپۆڕەکانی مینهەڵگرتنەوەوە، هێماکردن و سنووردارکردنی دەستگەیشتن بە خاڵە مەترسیدارەکان و پاککردنەوەی تەواوەتیی ناوچەکە دەکات.

هانا هەروەها داوا لە هاووڵاتییانی دیواندەرە دەکات تا کاتی پشتڕاستکردنەوەی بێمەترسیبوونی ناوچەکە، بە توندی لە چوونە ناو شوێنە گوماناوییەکان، نزیکبوونەوە لە شتومەکی نەناسراو و هەر جۆرە دەستکارییەکیان خۆیان بەدوور بگرن.

زۆرتر لەسەر ئەم بابەتە

بە نەرخترین