ئەرشیفەکان بە بێدەنگی نامێننەوە،لە ئاشکراکردنی سیخوڕ و هەواڵدەرانی مەجارستانەوە تا چارەنووسی حەتمی جاش لە کوردستان

سی و شەش ساڵ دوای کۆتاییهاتنی دەسەڵاتی کۆمۆنیستی لە مەجارستان،ناوی دەیان هەزار کەس کە لە بەڵگەنامە نهێنییەکانی دەزگای ئەمنیی ئەم وڵاتەدا تۆمار کرابوون،بۆ یەکەمجار بە شێوەیەکی گشتی لە ئینتەرنێتدا بڵاوکرایەوە.ئاشکراکردنی ئەم بەڵگەنامانە جارێکی دیکە ئەوەی نیشان دایەوە کە چۆن حکومەتە سەرکوتگەرەکان لە ڕێگەی دروستکردنی تۆڕەکانی سیخوڕییەوە،تەنانەت پەیوەندییە خێزانییەکان و متمانەی نێوان نزیکترین کەسەکانیش دەکەنە ئامڕازی چاودێری و کۆنترۆڵکردنی کۆمەڵگە.

حکومەتی مەجارستان ڕۆژی چوارشەممە ٤ی نوڤامبری ٢٠٢٦،دەرفەتی گەڕانی بەدوای زانیارییەکانی نزیکەی ٦٠ هەزار کەسی سەر بە تۆڕە ئەمنییەکانی سەردەمی کۆمۆنیزم ڕەخساند.یەکێک لە هه‌ژێنەرترین نموونە باوەکان،دۆسیەی مەعدەنچیەکە بەپێی وتەکانی سەرۆک وەزیرانی مەجارستان،بۆ ماوەی ٣٠ ساڵ ڕاپۆرتی لەسەر ئەندامانی خێزان و هاوکارەکانی خۆی بە دەزگای ئەمنی دەدا.ئەم تۆڕە بەربڵاوە،لە ژینگەکانی کار و پەروەردەوە تا کۆڕی هاوڕێیان و ناو خێزانەکان دزەی کردبوو.

ئەم گۆڕانکارییە،بیرهێنەرەوەی یەکێک لە تاریکترین ڕەهەندەکانی سەرکوتە لە کوردستان،دیاردەیەک کە لە یادەوەریی سیاسی و کۆمەڵایەتیی خەڵکدا بە ناوی (جاش) دەناسرێت.کۆماری ئیسلامی لە ماوەی دەیان ساڵی ڕابردوودا بە ڕێکخستن و بەکارهێنانی هێزە مەحەلیە وابەستەکان،بەشێک لە میکانیزمەکانی ناسینەوە،هەڕەشە و سەرکوتی نەیارانی گواستووەتەوە بۆ ناو کۆمەڵگەی کوردستان.هانا پێشتریش سەبارەت بە دووبارە بەرهەمهێنانەوەی ئەم پێکهاتانە و بەکارهێنانی هێزەکانی ناسراو بە (جاش) بۆ چاوترسێنکردنی هاووڵاتیان هۆشداری دابوو.

ئەزموونی مەجارستان ئەم پرسیارە دەخاتە بەردەم کۆمەڵگەی کوردستان کە بە ئەگەرێکی زۆرەوە لەگەڵ کرانەوەی ئەرشیڤە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی،چی ڕاستییەک سەبارەت بە تۆڕەکانی سیخوڕی،ناسینەوەی چالاکوانانی سیاسی و هاوکاریی هێزە خۆجێییەکان لە سەرکوتی هاووڵاتیاندا ئاشکرا دەبێت؟ئەو بەڵگەنامانەی کە ئەمڕۆ بە نهێنی ڕاگیراون،ڕەنگە ڕۆژێک ببنە بەڵگەی گرنگ بۆ ڕوونکردنەوەی چارەنووسی قوربانیان و ناسینەوەی بەرپرسانی پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا جەخت دەکاتەوە کە هاوکاریی هۆشیارانە لە ناسینەوە،ڕاوەدوونان،ئەشکەنجەدان و سەرکوتی هاووڵاتیان،بەبێ ڕەچاوکردنی پێگه‌ و وابەستەیی سیاسیی ئەنجامدەرانی،دەبێت ببێتە بابەتی ڕاستی دۆزینەوە و لێپرسینەوەی یاسایی.لە هەمان کاتدا،خستنەپاڵی نازناوی (جاش) یان تۆمارکردنی ناوی کەسەکان لە بەڵگەنامە ئەمنییەکاندا،بە تەنیا بەس نییە بۆ سەلماندنی بەرپرسیارێتیی تاکەکەسی و هەر بانگەشەیەک دەبێت لەسەر بنەمای بەڵگەی باوەڕپێکراو و لێکۆڵینەوەی سەربەخۆ هەڵسەنگاندنی بۆ بکرێت.

وانەی مەجارستان بۆ کوردستان ڕوونە:دەزگاکانی سەرکوت ڕەنگە ساڵانێکی زۆر ڕاستییەکان بشارنەوە،بەڵام کۆتاییهاتنی دەسەڵاتێک بەواتای کۆتاییهاتنی مێژووی دۆسیە نهێنییەکانی نییە.دادخوازیی قوربانیان نە لەسەر تۆڵەسەندنەوە،بەڵکوو لەسەر ڕاستی،دادپەروەری و لێپرسینەوە جێگیر دەبێت .

زۆرتر لەسەر ئەم بابەتە

بە نەرخترین