هۆشداریی نووسینگەی یاساییی هانا سەبارەت بە بەسەربازیکردنی قوتابخانەکان و کەڵکوەرگرتنی ئامرازی لە قوتابییان لە پێشوازیی ١٣ی خەزەڵوەردا
نووسینگەی یاساییی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا، لە پێشوازیی ١٣ی خەزەڵوەری ١٤٠٥دا، بە دەربڕینی نیگەرانیی قووڵی خۆی لە پەرەسەندنی دەستێوەردان و بوونی سوپای پاسداران و ڕێکخراوی بەسیجی خوێندکاری لە ناوەندەکانی خوێندندا، سەبارەت بە فێرکردنی چەک بە منداڵان، ڕێکخستنیان لە پێکهاتە نیمچەسەربازییەکاندا و کەڵکوەرگرتنی سیاسی و ئەمنییەتی لە ژینگەی پەروەردە و فێرکردن هۆشداری دەدات. ئەو بەرنامانەی بۆ هەفتەی بەسیجی خوێندکاری ڕاگەیەندراون، هاوکات لەگەڵ بڵاوبوونەوەی وێنەکانی مەشقی سەربازی و بەکارهێنانی چەک بە مێرمنداڵان و بەڕێوەچوونی گەڵاڵەگەلێکی وەک «مێرمنداڵی خەباتکار»، گوزارشت لە ڕەوتێکی مەترسیدار لە فراوانبوونی دەستێوەردانی دامەزراوە سەربازییەکان لە کەرتی پەروەردە و فێرکردندا دەکەن.
بەپێی لێدوانەکانی مەنسوور هاشمی، بەرپرسی بەسیجی خوێندکاریی پارێزگای کوردستان لە ٧ی خەزەڵوەری ١٤٠٥دا، نزیکەی ٩٥٠ بنکە و لقی بەسیج لە قوتابخانەکانی ئەم پارێزگایەدا چالاکن و نزیکەی ٨٠ هەزار قوتابی ئەندامی ئەم پێکهاتەیەن. ناوبراو هەروەها باسی لە پلانی ناردنی زیاتر لە دوو هەزار قوتابی بۆ ناوچە ئۆپەراسیۆنییەکانی باشووری وڵات بە هاوکاریی سوپای بەیتولموقەدەسی کوردستان و پەروەردە و فێرکردن کردووە. لەسەر ئاستی سەرتاسەریش، وەزارەتی پەروەردە و فێرکردن بەڕێوەچوونی بەرنامەگەلێکی بەناو «دژەئیستکبار»ی لە گشت قوتابخانەکاندا دیاری کردووە و بەرپرسانی بەسیج باسیان لە پەرەپێدانی چالاکییە تەشکیلاتییەکان، فێرکاریی ئامادەییی بەرگری و ڕێکخستنی قوتابییان کردووە.
ئەم گۆڕانکارییانە لە کاتێکدا ڕوو دەدەن کە هانا پێشتریش چەندین نموونەی بەڵگەداری لە بەکارهێنانی سەربازی لە ناوەندەکانی پەروەردە لە کوردستان تۆمار کردووە؛ لەوانە، جێگیرکردنی هێزەکانی سوپا لە قوتابخانەی دەستغەیبی بانە هاوکات لەگەڵ ئامادەبوونی قوتابییان، و گۆڕینی بەشەناوخۆییی دواناوەندیی شەوانەڕۆژیی شەهید موتەهەری لە زەڕینەی دیواندەرە بۆ شوێنی حەوانەوە و جێگیربوونی هێزە سەربازییەکان، کە بووەتە هۆی بێبەشبوونی قوتابییانی گوندەکان لە شوێنی مانەوە و دروستبوونی ئاستەنگ لە خوێندنیاندا. ئەم پرسانە، نیگەرانییەکان لەسەر لاوازکردنی ئەمنییەت و شێواندنی سروشتی مەدەنیی ژینگەی خوێندن چەند پاتە دەکەنەوە.
سێزدەی خەزەڵوەر لە ساڵنامەی فەرمیی کۆماری ئیسلامیدا بە داگیرکردنی باڵیۆزخانەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە تاران لە ساڵی ١٣٥٨دا گرێ دراوە. لە درێژەی ئەو ڕووداوەدا، گرووپێک لە خوێندکاران باڵیۆزخانەی ئەمریکایان داگیر کرد و ستافە دیپلۆماتییەکەیان بە بارمتە گرت. ئەم کردەوەیە کە بە پەسەندکردنی دواتری ڕووحوڵڵا خومەینی و پشتیوانیی بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی درێژەی کێشا، یەکێک لە نموونە دیارەکانی پێشێلکردنی پارێزبەندیی شوێنەکان و نوێنەرە دیپلۆماتییەکان بوو لە مێژووی سەردەمدا. دادگای باڵای نێودەوڵەتی لە بڕیاری ٢٤ی مایسی ١٩٨٠دا، پێشێلکردنی بەڵێننامە نێودەوڵەتییەکانی ئێرانی، لەوانە بەڵێننامەکانی سەرچاوەگرتوو لە پەیماننامەکانی ڤییەنا سەبارەت بە پەیوەندییە دیپلۆماتی و کۆنسوڵگەرییەکان، پشتڕاست کردەوە. گۆڕینی ئەم ڕووداوە بۆ بۆنەیەکی فەرمی بە مەبەستی فێرکاریی سیاسیی قوتابییان، بەبێ ڕەچاوکردنی سروشتە نایاسایییەکەی و بەرپرسیارێتیی نێودەوڵەتیی دەوڵەتی ئێران، پرسیاری جیددی سەبارەت بە ناوەڕۆکی فێرکاری و ڕێزگرتن لە بنەماکانی مافی نێودەوڵەتی دەهێنێتە ئاراوە.
لە ڕوانگەی یاسایییەوە، ڕەوایەتیی چالاکیی پەروەردەیی ناتوانرێت تەنیا بە پشتئەستووربوون بە یاسا ناوخۆیییەکان یان ڕەزامەندیی دامەزراوە حکومییەکان بسەلمێنرێت. یاسای پێکهێنان و پەرەپێدانی بەسیجی خوێندکاری، لە ڕێگەی ڕێگەدان بە دامەزراندنی لقی بەسیج لە قوتابخانەکاندا، دەرفەتی دامەزراوەییی بۆ بوونی سوپا لە پێکهاتەی پەروەردە و فێرکردندا ڕەخساندووە. لەگەڵ ئەوەشدا، ڕێگەپێدانێکی لەم شێوەیە بەرپرسیارێتیی دەوڵەت لە پاراستنی مافە بنەڕەتییەکانی منداڵان لانابات. بەپێی ماددەکانی ٣، ١٢، ١٤، ١٩ و ٢٩ی کۆنوانسیۆنی مافەکانی منداڵ، دەوڵەت ئەرکدارە بە پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکانی منداڵ، ئازادیی بیروڕا و ویژدان، مافی دەربڕینی ڕا و پاراستنی منداڵان لە هەر چەشنە زیانێکی جەستەیی و دەروونی. هەروەها پەروەردە دەبێت لە پێناو گەشەی ئازادانەی کەسایەتی، ڕێزگرتن لە مافەکانی مرۆڤ و بەهێزکردنی کولتووری ئاشتی و لێبوردەییدا بێت.
نووسینگەی یاساییی هانا جەخت دەکاتەوە کە لە نێوان فێرکاریی سەلامەتی و پاراستنی مەدەنییانەی قوتابییان، لەگەڵ مەشقی بەکارهێنانی چەک، ڕاکێشانی تەشکیلاتی و ئامادەکردنی منداڵان بۆ ئەرکە سەربازی و ئەمنییەتییەکان جیاوازییەکی بنەڕەتی هەیە. کەڵکوەرگرتن لە دەسەڵاتی قوتابخانە بۆ سەپاندنی ئاراستەی سیاسی، ئاساییکردنەوەی چەک هەڵگرتن و بەشدارپێکردنی منداڵان لە چالاکییە ئەمنییەتییەکاندا، بە تەواوی لەگەڵ ئامانجی پارێزەری سیستەمی پەروەردە و بنەما سەرەکییەکانی مافی منداڵ دژبەیەکە. هیچ پێویستییەکی سیاسی، ئەمنییەتی یان تەبلیغاتی ناتوانێت خستنەبەردەمی منداڵان لە بەرامەر مەترسییەکی لەو شێوەیە تەوجیهـ بکات.
نووسینگەی یاساییی هانا داوای ڕاگرتنی ڕاهێنانی چەک و چالاکییە سەربازی و ئەمنییەتییەکان لە قوتابخانەکان، کشانەوەی هێز و کەلوپەلە سەربازییەکان لە ناوەندەکانی پەروەردە، ئاشکراکردنی گشتیی وردەکاریی بەرنامە هاوبەشەکانی سوپا و پەروەردە و فێرکردن، و دەستەبەرکردنی نەبوونی هەر چەشنە زۆرلێکردن و گوشارێک بۆ سەر قوتابییان بە مەبەستی بەشداریکردن لە ڕێوڕەسم و پێکهاتە سیاسی و سەربازییەکان دەکات. قوتابخانەکان دەبێت وەک ژینگەیەکی ئارام بۆ فێربوون، گەشەی فکری و پەروەردەی کەسایەتیی سەربەخۆی منداڵان بمێننەوە، نەک ببنە گۆڕەپانی سەربازگیری، پرۆپاگەندەی سەربازی یان بەرهەمهێنانەوەی دڵسۆزی و وابەستەییی سیاسی بۆ دەسەڵات.
