بەپێی ئەو ڕاپۆرتانەی گەیشتوونەتە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا،لە ڕۆژانی ڕابردوودا هێزە ئەمنییەکان لە شارەکانی ئیلام،سەردەشت،پیرانشار و کرماشان سەردانی ماڵی ژمارەیەک لە هاوڵاتییانیان کردووە و گوشاریان خستووەتە سەریان بۆ ئەوەی بەشداری لە کۆبوونەوەکانی ناسراو بە (گیان فیدا) بکەن.
بەپێی زانیارییە وەرگیراوەکان،ئەم هەڕەشانە بەتایبەت ئاراستەی ئەو هاوڵاتییانە کراون کە پێشینەی چالاکیی سیاسی یان ئەندامێتییان لە حیزبە کوردییەکاندا هەبووە. هێزه ئەمنییەکان بەم کەسانەیان ڕاگەیاندووە کە لە ئەگەری خۆدزینەوە لە بەشداریکردن لەو کۆبوونەوانەدا،ڕووبەڕووی ١٥ ساڵ زیندانیکردن دەبنەوە.
هەروەها،بەپێی ڕاپۆرتە وەرگیراوەکانی هانا، لە هەندێک حاڵەتدا هێزە ئەمنییەکان لە کاتەکانی بەرەبەیاندا چوونەتە سەر ماڵی هاوڵاتییان و لە کاتی پشکنینی ماڵەکاندا،دەستیان بەسەر کەلوپەلی کەسی و موبایلەکانیاندا گرتووە.
ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەم کارانە بێ پێشکەشکردنی هیچ ڕوونکردنەوەیەکی ڕوون لەبارەی بنەمای یاسایی چوونە ناو ماڵەکان،پشکنین و دەستبەسەرداگرتنی داراییەکان ئەنجام دراون.
