گواستنەوەی ڕەسول کازمی بۆ بەندیخانەی ناوەندیی خوڕەماباد بۆ جێبەجێکردنی سزای بەندکردنەکەی

​بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا، ڕۆژی پێنجشەممە ٢٨ی جۆزەردانی ١٤٠٥، ڕەسول کازمی، هاووڵاتیی دانیشتووی خوڕەماباد و یەکێک لە بریندارانی شەڕی ئێران و عێراق، بۆ جێبەجێکردنی سزای بەندکردنەکەی دەستبەسەر و بۆ بەندیخانەی ناوەندیی (پارسیلۆن) خوڕەماباد گوازرایەوە.

​بە وتەی سەرچاوە ئاگادارەکان، ئەم کارە دوای دەرچوونی فەرمانی جێبەجێکردن لەلایەن لقی پێنجەمی جێبەجێکردنی سزاکانی دادسەرای گشتی و شۆڕشی خوڕەمابادەوە ئەنجام دراوە. ڕەسول کازمی پێشتر لە ڕەزبەری ١٤٠٤دا بەهۆی بڵاوکردنەوەی بابەتی ڕەخنەیی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرابوو. ناوبراو دوای تەواوبوونی قۆناغەکانی لێکۆڵینەوە و ڕێکارە دادوەرییەکان بە دانانی بارمتە ئازاد کرابوو، بەڵام لە کۆتاییدا لەلایەن دادگای شۆڕشی خوڕەمابادەوە بە تۆمەتی «چالاکیی پڕوپاگەندەیی دژ بە نیزام» و «سوکایەتیکردن بە ڕێبەر لە فەزای مەجازیدا» سزای دوو ساڵ و دوو مانگ بەندکردنی تەعزیریی بەسەردا سەپێندرا. ئەم سزایە لە قۆناغی پێداچوونەوەشدا وەک خۆی پشتڕاست کرایەوە.

​ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا وێڕای دەربڕینی نیگەرانیی خۆی بەرامبەر بە بەردەوامیی دەرکردن و جێبەجێکردنی سزای بەندکردن لەو دۆسیانەی کە پەیوەندییان بە چالاکیی ئاشتیانە و دەربڕینی ڕوانگە ڕەخنەییەکانەوە هەیە، جەخت لەسەر پێویستیی ڕێزگرتن لە مافی ئازادیی دەربڕین و دەستەبەرکردنی دادگاییکردنی دادپەروەرانە دەکاتەوە. هانا هەروەها ئەوەش وەبیر دەهێنێتەوە کە دەبێت لە ماوەی دەستبەسەرکردن و بەندکردندا گرنگی بە دۆخی جەستەیی بەندکراوان بدرێت، بەتایبەت ئەو کەسانەی کە بەدەست بریندارییەکانی شەڕ یان نەخۆشییە درێژخایەنەکانەوە دەناڵێنن، و پێویستە دەستڕاگەیشتنیان بە خزمەتگوزارییە چارەسەرییەکان و چاودێریی پزیشکیی گونجاو مسۆگەر بکرێت.

زۆرتر لەسەر ئەم بابەتە

بە نەرخترین