بەپێی ئەو زانیارییە سەرەتاییانەی بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا گەیشتوون، ئێوارەی پێنجشەممە ٢١ی خەزەڵوەری ١٤٠٥، دەوروبەری کاتژمێر ٢٠:٣٠، خاڵێکی پشکنینی سوپای پاسداران لە ڕێگای میراوا بۆ شێخلەر، سەر بە شارستانی بۆکان، کراوەتە ئامانجی هێرشی چەکدارانەی کەسانی نەناسراو.
لە دوای ئەم ڕووداوە، سەرچاوە خۆجێییەکان باس لە زیادبوونی ئامادەبوونی هێزەکانی سوپای پاسداران لە ئەمیرئاوا و گوندەکانی دەوروبەری و توندکردنەوەی ڕێوشوێنە ئەمنییەکان لە هەندێک لە ڕێگاکانی هاتوچۆی ناوچەکە دەکەن.
هەروەها، ڕاپۆرتە گەیشتووەکان ئاماژە بە بینینی فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان بەسەر گوندەکانی پاشبڵاغ، قەرەڵی، حاشیئاوا و تەرەغەدا دەکەن. هەندێک سەرچاوەش باسیان لە جێگیربوونی ژمارەیەک لە هێزەکانی سوپا لە هۆڵی وەرزشیی ئەمیرئاوا کردووە.
تا کاتی ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە، هانا نەیتوانیوە بە شێوەیەکی سەربەخۆ وردەکارییەکانی پەیوەست بە جووڵە سەربازی و ئەمنییەکانی ناوچەکە پشتڕاست بکاتەوە و زانیارییەکی باوەڕپێکراو سەبارەت بە ناسنامەی هێرشبەران، چۆنیەتیی ڕوودانی هێرشەکە و زیانە گیانییە ئەگەرییەکانی لەبەردەستدا نییە.
