نامووس؛ یاسای نەنووسراو بۆ زاڵبوون بەسەر ژناندا

خوێندنەوەیەکی یاسایی و کۆمەڵایەتی لە سیستەمی نامووسی، زەوتی تاکبوونی ژنان و توندوتیژی دژیان لە ئێران

نامووس لە کولتووری پیاوساالاردا تەنها چەمکێکی ئەخلاقی یان خێزانی نییە بەڵکو جۆرێکە لە دەسەڵات بێ ئەوەی لە یاسادا نووسرابێت، ئەرک و پابەندی بەسەر ژناندا دەسەپێنێت، سنووری ڕەفتاریان دیاری دەکات و سەرپێچیکردن لێی بە شایەنی سەرزەنشتکردن، دوورخستنەوە و هەندێک جاریش سزادان دەزانێت. نامووس لەم مانایەدا نەک خەسڵەتێکی تاکەکەسی، بەڵکو میکانیزمێکە بۆ بەکارهێنانی دەسەڵات، سیستەمێکی نەنووسراو کە مافی چاودێریکردنی ژیانی ژنان بە پیاوان دەدات و چاوەڕێی ملکەچبوون لە ژنان دەکات.

هێزی ئەم سیستەمەش بە تەواوی لەوەدایە کە بۆ جێبەجێکردنی پێویستی بە دادگا، پۆلیس یان یاسا نییە بەڵکوو خێزان، خزم و کەسوکار و بڕیاری کۆمەڵایەتی دەتوانن جێبەجێکەرانی بن.

لەو سیستەمەدا، ژن پێش ئەوەی وەک مرۆڤێکی سەربەخۆ و خاوەنی ئیرادە بناسرێت، وەک هەڵگری ئابڕو و شکۆی کەسانی دیکە سەیر دەکرێت. جەستە، جلوبەرگ، پەیوەندییە سۆزدارییەکان، هاوسەرگیری و تەنانەت بڕیاری ئەو بۆ کۆتاییهێنان بە پەیوەندییەکیش، چیتر تەنها هی خۆی نین. وەک ئەوەی پیاوانی خێزان، لە باوک و براوە تا هاوسەر، مافێکی نەنووسراویان هەبێت بۆ چاودێریکردن و بڕیاردان لەبارەی ژیانی ئەوەوە. بەم شێوەیە، نامووس تاکبوونی ژن بە فەرمی ناناسێت و لە شوێنی مرۆڤێکی خاوەن مافەوە، دەیکاتە بابەتی بڕیاردان و حوکمدانی کەسانی دیکە. بەهای ژنیش نەک لەسەر بنەمای کەسایەتی، ئیرادە و هەڵبژاردنی خۆی، بەڵکو لەسەر بنەمای ئەوە دیاری دەکرێت کە تا چەند ڕەفتاری لەگەڵ چاوەڕوانییە پیاوساڵارەکاندا دەگونجێت.

ئەم زاڵبوونە لە زمانی ڕۆژانەشدا بەردەوام بەرهەم دەهێنرێتەوە. دەربڕینگەلێک وەک “کچی پیر”، “بێوەژن” یان سەیرکردنی ژنی تەڵاق‌دراو بە چاوێکی سووکایەتییەوە، تەنها وەسفکردنی دۆخی هاوسەرگیری نین؛ بەڵکو لە بەکارهێنانی سەرزەنشتکارانەیاندا، ئامرازی پۆلێنکردن و هەڵسەنگاندنی کۆمەڵایەتیی ژنانن. ئەو ژنەی هاوسەرگیری نەکردووە، ئەوەی هاوسەرەکەی لەدەست داوە و ئەوەی لە ژیانی هاوبەش دەرچووە، هەر یەکەیان ڕووبەڕووی جۆرێکی جیاوازی حوکمدان دەبنەوە. لە پشت ئەم وشانەوە ئەو بیرۆکەیە هەیە کە بەهای کۆمەڵایەتیی ژن دەبێت بە پێی پەیوەندیی ئەو بە پیاوەوە پێناسە بکرێت. تەنانەت سەربەخۆیی ژنیش، لەبری ئەوەی نیشانەی ئازادی و دەسەڵاتی بڕیاردانی تاکەکەسی بێت، ڕەنگە وەک دەرچوون لە سیستەمی پەسەندکراوی خێزان لێکبدرێتەوە.

نەزمی نامووسی بە هاوسەرگیری کۆتایی نایەت، بەڵکو لە پەیوەندیی هاوسەریدا ڕەنگە شێوەیەکی پابەندکەرتر بەخۆوە بگرێت. لەم پێکهاتەیەدا، پەیوەندیی سێکسی لەبری ئەوەی لەسەر بنەمای ڕەزامەندی و ئیرادەی ئازادانەی دوو مرۆڤ بنیات بنرێت، دەتوانێت ببێتە ئەرکێکی یەک‌لایەنە بۆ ژن. چەمکی “تمکین”،
“ملکەچبوون” لە یاسای خێزانیی ئێرانیشدا ڕەهەندێکی یاسایی بەو نایەکسانییە دەبەخشێت. کاتێک خۆبەدوورگرتنی ژن لە جێبەجێکردنی ئەرکە هاوسەرییەکان، لەو بارودۆخانەی کە یاسا دیاریی کردوون، دەتوانێت ببێتە هۆی بێبەشکردنی لە نەفەقە، سەربەخۆیی و دەسەڵاتی ئەو بەسەر جەستەی خۆیدا دەکەوێتە بەرامبەر پەیوەندییەکی یاساییی نایەکسان.

لێرەدا کێشەکە تەنها پەیوەندیی سێکسی نییە؛ بەڵکو ئەوەیە کە ژن تا چەند لە تایبەتیترین پەیوەندییەکانی ژیانیدا مافی بڕیاردانی سەربەخۆی هەیە. بە تاوان نەناسینی سەربەخۆی دەستدرێژیی سێکسی لە ناو پەیوەندیی هاوسەریدا، یەکێکە لە ئاشکراترین کەموکوڕییەکانی پاراستنی یاسایی بۆ ئەم سەربەخۆییە.

لە بابەتی تەڵاقیشدا، هەمان پلەبەندیی دەسەڵاتە خۆی دەردەخات. لە سیستەمی نامووسیدا، بڕیاری ژن بۆ کۆتاییهێنان بە هاوسەرگیری، ڕەنگە نەک وەک بەکارهێنانی مافێکی تاکەکەسی، بەڵکو وەک سەرپێچیکردن لە دەسەڵاتی پیاو یان زیانگەیاندن بە ناوبانگ و ئابڕووی خێزان لێکبدرێتەوە. تەنانەت خێزانی خۆدی ژنیش هەندێک جار لەبری پشتگیریکردن لە بڕیارەکەی، بە بیانووی ئابڕوو، منداڵ، حوکمی خزم و کەسوکار و قێزەونیی کۆمەڵایەتیی تەڵاق، فشاری لەسەر دەخەن بۆ بەردەوامبوون لە ژیانی هاوبەش و بەرگەگرتنی پەیوەندییە زیانبەخشەکان. ئەم فشارە کۆمەڵایەتییە بەهۆی پێکهاتەی نایەکسانی مافەکانی تەڵاق لە ئێران زیاتر دەبێت؛ پێکهاتەیەک کە تێیدا ژن، بە پێچەوانەی پیاو، بۆ داواکردنی تەڵاقی یەک‌لایەنە ناچارە پشت بە هۆکارە یاساییە دیاریکراوەکان ببەستێت. بەم شێوەیە، دەرچوون لە پەیوەندییەک کە ژن چیتر نایەوێت بەردەوامی پێ بدات، ڕووبەڕووی بەربەستی یاسایی، سزا و فشارێکی کۆمەڵایەتی دەبێتەوە.

توندترین شێوەی ئەم سیستەمە، توندوتیژیی نامووسییە؛ ئەو شوێنەی کە ئیدیعای دەسەڵات بەسەر ژیانی ژندا دەگاتە ئیدیعای دەسەڵات بەسەر ژیانی ئەودا. لە کوشتنە بە ناو نامووسییەکاندا، تاوانبار خۆی نەک تەنها وەک ئەندامێکی خێزان، بەڵکو وەک کەسێک دەبینێت کە مافی حوکمدان و سزادانی ژنی هەیە. ژن ڕەنگە بەهۆی هەڵبژاردنی هاوسەر، داواکردنی تەڵاق، پەیوەندییەکی سۆزداری یان تەنانەت تەنها گومان و بڵاوکراوەیەک لەبارەی ڕەفتاری، بکەوێتە بەر توندوتیژی. لەم لۆژیکەدا، ناوبانگی بانگەشەکراوی خێزان بە شێوەیەک لەسەر ژیانی ژن پێش دەخرێت کە پیاو بۆ خۆی مافی دەرکردن و جێبەجێکردنی حوکمی مردن دەبینێت.

کوشتنی نامووسی لەم ڕوانگەیەوە دەبێت وەک توندترین شێوەی زاڵبوون بەسەر تاکبوونی ژن و مافی ژیانەکەی هەڵسەنگێندرێت، نەک وەک کاردانەوەیەکی پاساوهەڵگر بەرامبەر پێشێلکردنی بەهایەکی خێزانی.

بەڵام کێشەی ئێران تەنها بوونی ئەم هەنجارانە لە بەشێک لە کۆمەڵگادا نییە. کێشەی بنەڕەتیتر، پەیوەندیی ئەم سیستەمە نەنووسراوەیە بە سیستەمی یاساییی وڵاتەوەیە. یاسای مەدەنی لە ماددەی ١١٠٥دا سەرۆکایەتیی خێزان بە تایبەتمەندییەکانی هاوسەر دەزانێت و لە ماددەی ١١٠٨دا، لە حاڵەتی خۆپاراستنی ژن لە جێبەجێکردنی ئەرکە هاوسەرییەکان بەبێ بوونی بیانوویەکی ڕەوا، بێبەشکردنی لە نەفەقە پێشبینی دەکات. لە یاسای سزادانیشدا، ماددەی ٣٠١ی یاسای سزادانی ئیسلامی، باوک و باپیری باوکیی لە جێبەجێکردنی قیساس بەهۆی کوشتنی منداڵەکەیان لەسەریان دەگێڕێتەوە، هەرچەندە بەرپرسیاریەتیی کەیفرییان بە تەواوی لەناو ناچێت. هەروەها ماددەی ٦٣٠ی یاسای سزادانی ئیسلامی، لە بارودۆخێکی تایبەت و سنوورداردا، لەبارەی زینای هاوسەر، حوکمێکی تایبەتی بۆ هاوسەر دیاری دەکات. ئەم ماددانە ناتوانرێن وەک مۆڵەتێکی گشتی بۆ توندوتیژیی نامووسی لێکبدرێنەوە، بەڵام نیشان دەدەن کە یاسا لە هەندێک بواردا نەک تەنها هاوسەنگیی دەسەڵات لەنێوان ئەندامانی خێزاندا مسۆگەر ناکات، بەڵکو ئیمتیازاتی یاساییی نایەکسانیش بە فەرمی دەناسێت.

ناکۆکییە بنەڕەتییەکە لەوەدایە کە سیستەمی یاساییی ئێران لە بابەتی پۆششی ژناندا، تەنانەت لە وردترین هەڵبژاردە تاکەکەسییەکانیاندا دەستێوەردان دەکات و بۆ سەرپێچیکردن لە یاساکانی پۆشین سزا دیاری دەکات، بەڵام لە بەرامبەر توندوتیژیی ناوماڵ و سێکسیدا، پاراستنێکی یاساییی گشتگیر و کاریگەری دابین نەکردووە. بەڵام لێدان و بریندارکردن و کوشتن لە چوارچێوەی ڕێساکانی گشتیی یاسادا دەتوانرێت لێپێچینەوەیان لەگەڵدا بکرێت و یاسا لە هەندێک بارودۆخدا ڕێگەی جیابوونەوە یان داواکردنی پاراستنی دادوەری پێشبینی کردووە. بەڵام ئەم پاراستنانەی پەرتەوازە جێگەی سیستەمێکی کاریگەر بۆ پێشگرتن بە توندوتیژی، پاراستنی خێرای قوربانی و دڵنیابوون لە دەستڕاگەیشتنی بە دادپەروەری ناگرنەوە. لە کرداریشدا، فشار بۆ پاراستنی خێزان یان بە هەژمارکردنی توندوتیژی وەک ناکۆکییەکی ناوخێزانی، دەتوانێت ژن بەرامبەر هەڕەشە، سووکایەتی و ئازاردان بێ‌پشت‌وپەنا بهێڵێتەوە.

لێرەدایە کە پێویستە سنووری نێوان تایبەتمەندیی ژیانی خێزانی و بێبەریبوون لە لێپرسینەوەی یاسایی ڕوون بکرێتەوە. تایبەتمەندیی ژیانی خێزان بۆ پاراستنی ئازادی، کەرامەت و سەربەخۆیی ئەندامانی ئەوە، نەک بۆ شاردنەوەی توندوتیژی دژیان. ماڵ نابێت ئەو شوێنە بێت کە مافە بنەڕەتییەکانی مرۆڤ لە دەرگای ئەودا بوەستن. هەر کاتێک ژن لە ژینگەی خێزاندا ڕووبەڕووی لێدان و بریندارکردن، هەڕەشە، سووکایەتی یان زۆرەملێی سێکسی دەبێتەوە، بابەتەکە چیتر تەنها ناکۆکییەکی خێزانی نییە بەڵکو پێشێلکردنی مافە تاکەکەسییەکان و بەرپرسیاریەتیی دەوڵەت لە پێشگرتن، پاراستن و لێکۆڵینەوەی کاریگەرە.

سیستەمی نامووسی بێگومان لە هەموو خێزانێکدا بە هەمان شێوە کار ناکات و هەموو پیاوانیش هەڵگری ئەو سیستەمە یان بەرگریکاری نین. ژنانێکی زۆر لە بەرامبەر ئەم پەیوەندییانەدا خۆڕاگرییان کردووە و هەندێک جاریش خودی ئەندامانی خێزان، لەوانە ژنان، ڕۆڵ لە بەرهەمهێنانەوەی فشارە نامووسییەکاندا دەگێڕن. لەگەڵ ئەوەشدا، پێکهاتەی سەرەکیی ئەم سیستەمە لەسەر بنەمای نایەکسانیی دەسەڵات و پێشخستنی دەسەڵاتی پیاوان بەسەر سەربەخۆیی ژناندا دامەزراوە. بەردەوامیی ئەم سیستەمە تەنها ئەنجامی باوەڕە نەریتییەکان نییە، بەڵکو بەرهەمی گرێدانی فشارە کۆمەڵایەتییەکان، وابەستەیی ئابووری، پەیوەندییە نایەکسانەکانی ناو خێزان و پاراستنی یاساییی ناتەواوە.

لە ڕوانگەی مافەکانی مرۆڤەوە، بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی نامووسی تەنها بە سزادانی ئەنجامدەرانی کوشتن سنووردار نابێت. پێویستە ئەو سیستەمەش بخەینە ژێر پرسیارەوە کە پێش ڕوودانی توندوتیژی، مافی هەڵبژاردنی ژن سنووردار دەکات، سەربەخۆییەکەی سەرکوت دەکات و سەرپێچیکردنی بە شایەنی سزا دەناسێنێت.

تا ئەو کاتەی ژن نەک وەک مرۆڤێکی سەربەخۆ، بەڵکو وەک هەڵگری ناوبانگ یان ئابڕووی کەسانی دیکە بناسرێت، مەترسیی توندوتیژیی نامووسی بە شێوە جیاوازەکانییەوە بەردەوام دەبێت.

بابەتی بنەڕەتی ئەوەیە کە ژن نامووسی هیچ کەسێک نییە. ئەو مرۆڤێکە خاوەنی ماف، ئیرادە، کەرامەت و ژیانێکی سەربەخۆیە. هیچ پەیوەندییەکی خێزانی، هیچ نەریتێکی کۆمەڵایەتی و هیچ بانگەشەیەک لەبارەی ناوبانگ و ئابڕووەوە، ناتوانێت مافی خاوەندارێتی بەسەر جەستە، ئازادی یان ژیانی ئەو کەسەی دیکەدا بۆ کەسێک دروست بکات. کۆتاییهێنان بە زاڵبوونی نامووسیش لە هەمان ناسینەوەوە دەست پێ دەکات، گۆڕینی تێڕوانین بۆ ژن؛ لە بابەتێکی ملکەچی دەسەڵاتی کەسانی دیکەوە، بۆ تاکێکی سەربەخۆ و خاوەنی مافەکانی خۆی.

زۆرتر لەسەر ئەم بابەتە

بە نەرخترین