بەپێی ئەو زانیارییانەی بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا گەیشتوون، جەبار مستەفا کوڕی جابر، هاووڵاتیی عێراقی و بەندکراوی نێو بەندیخانەی ئێڤینی تاران، ئێوارەی دووشەممە ١ی پووشپەڕی ١٤٠٥ دوای دەرکەوتنی نیشانەکانی جەڵتەی دڵ، گیانی لەدەستداوە.
لەسەر بنەمای زانیارییە بەردەستەکان، جەبار مستەفا بە تۆمەتی «پڕوپاگەندە دژ بە نیزامی کۆماری ئیسلامی» سزای ساڵێک و نیو بەندکردنی بەسەردا سەپێندرا بوو، و نزیکەی پێنج مانگ لە ماوەی سزاکەی لە هۆڵی ٢ی بەندی ٧ی بەندیخانەی ئێڤیندا بەسەر بردبوو. ڕاپۆرتە گەیشتووەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ناوبراو پێش مردنی پێویستی بە دەستێوەردانی بەپەلەی پزیشکی هەبووە، بەڵام لە دەستڕاگەیشتنی کاتی و کاریگەر بە خزمەتگوزارییە چارەسەرییەکان بێبەش کراوە و لە کۆتاییدا لەناو بەندیخانەدا گیانی لەدەستداوە.
مردنی ئەم بەندکراوە جارێکی دیکە بەرپرسیارێتیی یاسایی بەرپرسانی بەندیخانە و دامەزراوە پەیوەندیدارەکان لە هەمبەر پاراستنی ژیان و تەندروستیی کەسانی دەستبەسەرکراو دەخاتەوە بەرچاو. ئەم بەرپرسیارێتییە لەسەر هاووڵاتییانی بیانی گرنگییەکی دووچەندی هەیە، چونکە دەوڵەتی دەستبەسەرکەر، جیا لە پابەندبوونە گشتییەکانی بەرامبەر بە هەموو بەندکراوان، ناچارە پابەندی پێوەرە تایبەتەکانی پاراستنی ئەو هاووڵاتییە بیانییانەش بێت کە لە ئازادی بێبەش کراون.
لە مافە ناوخۆییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا، ئەسڵی بیست و دووهەمی دەستوور، ژیان، ماف و کەرامەتی کەسانی لە دەستدرێژی پاراستووە، و ئاییننامەی جێبەجێکردنی ڕێکخراوی بەندیخانەکانیش بەرپرسانی بەندیخانەی پابەند کردووە بە دابینکردنی خزمەتگوزارییە چارەسەرییەکان و چاودێریی پزیشکیی پێویست بۆ بەندکراوان. لەم ڕووەوە، هەر جۆرە کەمتەرخەمی، پشتگوێخستن یان دواکەوتنێکی بێ پاساو لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییە چارەسەرییە پێویستەکاندا کە ببێتە هۆی خراپتربوونی دۆخی جەستەیی یان مردنی بەندکراو، دەکرێت ببێتە هۆی بەرپرسیارێتیی یاسایی بەرپرسانی پەیوەندیدار.
له ڕوانگهی مافه نێودهوڵهتییهکانی مرۆڤیشهوه، کۆماری ئیسلامیی ئێران بهپێی ماددهی ٦ی پهیمانی نێودهوڵهتیی مافه مهدەنی و سیاسییهکان، پابهنده به پاراستن و دهستهبهرکردنی مافی ژیانی ههموو ئهو کهسانهی که لهژێر دەسەڵاتی ئەودان، بێ هیچ جیاکارییەک لە نێوان ڕەگەزنامە یان دۆخی نیشتەجێبووندا. لێژنەی مافی مرۆڤی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە لێکدانەوەی گشتیی ژمارە ٣٦دا ڕوونی کردووەتەوە کە دەوڵەتەکان بەرپرسیارن لە پاراستنی ژیانی هەموو ئەو کەسانەی لە ئازادی بێبەش کراون، و لە حاڵەتەکانی مردن لە کاتی دەستبەسەریدا، ناچارن لێکۆڵینەوەی بەپەلە، سەربەخۆ، بێلایەنانە و کاریگەر ئەنجام بدەن. هەروەها ڕێساکانی کەمترین پێوەرەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ بەندکراوان (ڕێساکانی ماندێلا) دەوڵەتەکان ناچار دەکات کە دەستڕاگەیشتنی بەندکراوان بە خزمەتگوزارییە چارەسەرییە گونجاو و بەپەلەکان مسۆگەر بکەن.
سەرباری ئەمەش، لەسەر بنەمای ماددەی ٣٦ی پهیماننامهی ڤییەنا دەربارەی پەیوەندییە کۆنسوڵگەرییەکان، هاووڵاتییانی بیانیی دەستبەسەرکراو مافی ئاگادارکردنەوە و دەستڕاگەیشتنیان بە نوێنەرایەتیی کۆنسوڵگەریی وڵاتی خۆیان هەیە. لەم ڕووەوە، ڕوونکردنەوە لەسەر دۆخی ئەم بەندکراوە هاووڵاتییە عێراقییە، چۆنیەتیی پێڕاگەیشتنی پزیشکی پێی و ئاگادارکردنەوەی بەرپرسانی کۆنسوڵگەریی عێراق، لەو بابەتانەن کە پێویستیان بە لێکۆڵینەوەی سەربەخۆ و شەفاف هەیە.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا وێڕای دەربڕینی داخی خۆی بۆ گیانلەدەستدانی جەبار مستەفا، داوای ئەنجامدانی لێکۆڵینەوەیەکی سەربەخۆ، بێلایەنانە و شەفاف دەکات دەربارەی ئەو بارودۆخەی کە بووە هۆی مردنی، لەوانەش چۆنیەتیی پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییە چارەسەرییەکان، ڕێزگرتن لە مافەکانی وەک هاووڵاتییەکی بیانی و ڕادەی بەرپرسیارێتیی ئەگەریی بەرپرسانی پەیوەندیدار. هانا جەخت دەکاتەوە کە مردنی هەر کەسێک لە کاتی دەستبەسەریدا، بەتایبەت لەو حاڵەتانەی کە گومان لەسەر بێبەشکردن لە چاودێریی چارەسەری دەکرێت، پێویستی بە وەڵامدانەوەی کاریگەر و ڕوونکردنەوەی تەواوی ڕەهەندەکانی ڕووداوەکەیە.
