بەپێی ئەو زانیارییانەی بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا گەیشتوون، ڕۆژی دووشەممە ١٨ی خەزەڵوەری ١٤٠٥ عیسا ئیبراهیم زادە، زیندانیی سیاسی و لە دەستبەسەرکراوانی ناڕەزایەتییەکانی ژن، ژیان، ئازادی خەڵکی ئاوایی دێشەمسی سەر بە شاری شنۆ، دوای نزیکەی سێ بەندکران لە بەندیخانەی ناوەندیی نەغەدە ئازاد کراوە.
بەپێی زانیارییە وەرگیراوەکان، ناوبراو ڕۆژی ٢٩ی خەزەڵوەری ١٤٠١ لەلایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتڵاعاتەوە دەستبەسەر کرا و دوای ٥٢ ڕۆژ بە دانانی بارمتەی ٥٠٠ ملیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی ئازاد کرابوو.
ئەو لە مانگی خاکەلێوەی ١٤٠٢ لەلایەن دادگای شۆڕشی شنۆ بە تۆمەتی “ئەندامێتی لە گرووپە دژبەرەکانی نیزام” و “پڕوپاگەندە دژی نیزام” سەرجەم سزای پێنج ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێندرا کە چوار ساڵی وەک قورسترین سزا جێبەجێ دەکرا.
ئەو لە مانگی ڕێبەندانی هەمان ساڵدا جارێکی دیکە لە ماڵەکەی خۆی دەستبەسەر کرایەوە و بۆ جێبەجێکردنی سزاکەی گواسترایەوە بۆ زیندانی نەغەدە.ئەم زیندانییە سیاسییە ڕۆژی ٢٩ی پووشپەڕی ١٤٠، لە کاتی مەرەخەسی پێنج ڕۆژەدا و دوای دژایەتیکردنی بەرپرسانی زیندان لەگەڵ درێژکردنەوەی مەرەخەسیەکەی، سەرەڕای نەخۆشیی دڵی (ئاریز)ی کوڕی، هەوڵی خۆکوشتنی دا و لە بەشی چاودێرییە چڕی نەخۆشخانەی تاڵەقانی ورمێ خەوێندرا.
ئاریز، کوڕی عیسا ئیبراهیم زادە، لە ماوەی زیندانیکردنی باوکیدا گیانی لەدەستدا. سەرەڕای بەدواداچوونەکانی بنەماڵەکەی، ئیبراهیمزادە لە ئامادەبوون لە دوا ساتەکانی ژیانی کوڕەکەیدا بێبەش کرا و دوای کۆچی دوایی کوڕەکەشی تەنها ڕەزامەندی لەسەر پێدانی پێنج ڕۆژ مەرەخەسی درا. ناوبراو ڕۆژی ٩ی ڕەشەمەی ١٤٠٣ گەڕایەوە بۆ زیندانی نەغەدە.
عیسا ئیبراهیم زادە پێشتریش پێشینەی دەستبەسەرکردن و لێپرسینەوەی دادوەریی هەبووە.
