بەپێی زانیارییە گەیشتووەکان بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا، خالید بەرزنجی، چالاکوانی سیاسیی کوردی خەڵکی سنە و ئەندامی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک)، لە ١٩ی پووشپەڕی ١٤٠٥ تا ئێستا لە دۆخی بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێدایە. بە تێپەڕبوونی ١٠٨ ڕۆژ بەسەر دەستبەسەرکردنی لەلایەن هێزەکانی ڕێکخراوی هەواڵگریی سوپای پاسدارانەوە، هێشتا هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووس، دۆخی جەستەیی و شوێنی ڕاگرتنی لەبەردەستدا نییە.
ڕۆژی ١٩ی پووشپەڕ، هێزەکانی سوپای پاسداران بە گەمارۆدانی باخێک لە گوندی ئۆچتەپە (وەشتەپە) سەربە شارستانی بۆکان، خالید بەرزنجییان لەگەڵ دوو هاووڵاتیی دیکەدا دەستبەسەر کرد. ناسنامەی دوو دەستبەسەرکراوەکەی دیکە نەزانراوە، بەڵام بەپێی زانیارییە بەدەستهاتووەکان، یەکێکیان پاش ماوەیەک ئازاد کراوە.
بنەماڵەی خالید بەرزنجی لە ماوەی زیاتر لە سێ مانگی ڕابردوودا چەندین جار سەردانی ناوەندە دادوەری و ئەمنییەکانی بۆکان و ورمێیان کردووە، بەڵام ئەم دامەزراوانە لە پشتڕاستکردنەوەی دەستبەسەرکردن و ڕاگەیاندنی شوێنی ڕاگرتنی خۆیان پاراستووە. ناوبراو لە کاتی دەستبەسەرکردنیەوە هیچ پەیوەندییەکی بە بنەماڵەکەیەوە نەبووە و لە چاوپێکەوتن و دەستڕاگەیشتن بە پارێزەریش بێبەش کراوە. پارتی پژاکیش ڕۆژی ٣٠ی ڕەزبەر بە بڵاوکردنەوەی ڕاگەیەندراوێک، دەستبەسەرکرانی ئەو ئەندامەی خۆی و بەردەوامیی بێهەواڵی لە چارەنووسی پشتڕاست کردەوە.
لە ڕوانگەی یاسای نێودەوڵەتییەوە، دەستبەسەرکردن لەلایەن مەئموورانی حکوومییەوە، هاوڕێ لەگەڵ حاشاکردن لە دەستبەسەرکردن یان شاردنەوەی چارەنووس و شوێنی ڕاگرتنی کەسەکە، پێکهێنەری سەرەکیی بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێن. لەسەر ئەم بنەمایە، دۆخی خالید بەرزنجی پێکهێنەری توخمە یاساییەکانی بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێیە؛ پێشێلکارییەکی بەردەوام کە تا ڕوونبوونەوەی چارەنووس و شوێنی ڕاگرتنی کەسەکە درێژەی دەبێت.
بەرپرسیارێتیی وەڵامدانەوە سەبارەت بە چارەنووسی خالید بەرزنجی لە ئەستۆی بەرپرسانی کۆماری ئیسلامییە. ئەوان ئەرکدارن دەستبەجێ شوێنی ڕاگرتنی ناوبراو ئاشکرا بکەن، دەرفەتی پەیوەندی لەگەڵ بنەماڵە و دەستڕاگەیشتن بە پارێزەری بۆ فەراهەم بکەن و سەبارەت بە دەستبەسەرکردن و شاردنەوەی چارەنووسی لێکۆڵینەوەیەکی کاریگەر ئەنجام بدەن.
