ڕاپۆرتی هانا سەبارەت بە دانانی فەرماندەکانی سوپای قودس وەک باڵیۆزی کۆماری ئیسلامی لە عێراق

لێکۆڵینەوەیەکی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا لە پێشینەی باڵیۆزەکانی کۆماری ئیسلامی لە بەغدا دەریخستووە کە تاران لە ماوەی دوو دەیەی ڕابردوودا، بە شێوەیەکی بەردەوام نوێنەرایەتییە دیپلۆماتییەکەی خۆی لە عێراق بە کەسایەتییە وابەستەکان بە سوپای پاسداران و سوپای قودس سپاردووە؛ ئەو کەسانەی کە پێشینەیان زیاتر لەوەی پەیوەست بێت بە دەزگای دیپلۆماسیی پرۆفێشناڵ و فەرمی، گرێدراوی پێکهاتە سەربازی و ئەمنییەتییەکان و ئۆپەراسیۆنە دەرەوەسنوورییەکانی کۆماری ئیسلامی بووە.

لە کاتی ڕووخانی دەسەڵاتی سەدام حوسێنەوە تا ئێستا، چوار باڵیۆزی یەک لە دوای یەکی کۆماری ئیسلامی لە عێراق بە ناوەکانی: حەسەن کازمی قۆمی، حەسەن دانایی‌فەڕ، ئیرەج مەسجدی و محەممەدکازم ئالی‌سادق، خاوەنی پێشینەیەکی بەڵگەدار یان ڕاپۆرتکراون لە سوپای قودسدا. حەسەن کازمی قۆمی، باڵیۆزی ئێران لە نێوان ساڵانی ٢٠٠٦ تا ٢٠١٠، لە ساڵی ٢٠٠٧ لە لایەن ژەنەڕاڵ دەیڤید پێترایۆس، فەرماندەی ئەو کاتی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق، بە ئەندامێتی لە سوپای قودس تۆمەتبار کرا.

جێگرەکەی، حەسەن دانایی‌فەڕ، جگە لە پێشینەی چالاکیی لە سوپای قودسدا، لە فەرماندە پێشووەکانی سوپا و بنکەی سازندەگیی خاتەمولئەنبیا بوو و تا ساڵی ٢٠١٧ بەرپرسیارێتیی باڵیۆزخانەی ئێرانی لە بەغدا لە ئەستۆ بوو.
ئیرەج مەسجدی، باڵیۆزی دواتری کۆماری ئیسلامی، لە فەرماندە باڵاکانی سوپای قودس و لە نزیکترین ڕاوێژکارانی قاسم سولەیمانی بوو. وەزارەتی داراییی ئەمریکا لە ئۆکتۆبەری ٢٠٢٠دا و هاوکات لەگەڵ وەرگرتنی پۆستی باڵیۆزی، بەهۆی چالاکیی بە نوێنەرایەتی لە سوپای قودس خستیە لیستی گەمارۆکانەوە.

ئەم وەزارەتخانەیە ڕایگەیاند کە مەسجدی دەستی هەبووە لە مەشقپێکردن و پشتیوانیکردنی میلیشیا عێراقییەکان، هاوکاریکردنی ئەو گرووپانەی بەرپرسی پەلامارە چەکدارییەکان بوون و هەروەها ئاسانکاری بۆ گواستنەوەی سەرچاوە دارایییەکان بۆ سوپای قودس، و پێگەی دیپلۆماتیی خۆی بۆ شاردنەوەی ئەم چالاکییە دارایییانە بەکار هێناوە.
محەممەدکازم ئالی‌سادق، باڵیۆزی ئێستای کۆماری ئیسلامی، بەردەوامیی هەمان ڕەوتە. ناوبراو لەدایکبووی شاری نەجەفی عێراقە و وەک کەسێکی نزیک لە قاسم سولەیمانی و ئەبوومەهدی ئەلموهەندیس ناسێندراوە. میدیاکانی کۆماری ئیسلامی پێشتر وەک ئەندامی سوپای قودس و ڕاوێژکاری باڵیۆز ناویان لێ بردووە.

ئالی‌سادق پێش دەستنیشانکرانی وەک باڵیۆز لە ساڵی ١٤٠١دا، جێگری ئیرەج مەسجدی بوو و پەیوەندییەکی بەرفراوانی لەگەڵ فەرماندەکانی حەشدی شەعبیدا هەبووە. بە پێچەوانەی پێگە فەرمییەکەی، هیچ زانیارییەکی ڕوون سەبارەت بە خوێندن و پێشینەی پیشەیی و سەربەخۆی ناوبراو لە دەزگای دیپلۆماسیدا بڵاو نەکراوەتەوە.

ئەم شێوازە بەردەوامەی دانانی بەرپرسان، گومان و پرسیاری جیددی سەبارەت بە سنووری نێوان ئەرکی دیپلۆماتی و چالاکییە ئەمنییەتییەکانی کۆماری ئیسلامی دەهێنێتە ئاراوە. بەپێی پەیماننامەی ڤییەنای ساڵی ١٩٦١ سەبارەت بە پەیوەندییە دیپلۆماتییەکان، ئەرکی نوێنەرایەتییە دەرەکییەکان لەسەر پەرەپێدانی پەیوەندییە فەرمییەکان، دانوستان و پاراستنی یاسایی لە بەرژەوەندییەکانی دەوڵەتی ڕاسپێرەردا جێگیر بووە.

هەروەها ماددەی ٤١ی ئەم پەیماننامەیە دیپلۆماتکاران پابەند دەکات بە ڕێزگرتن لە یاساکانی وڵاتی میواندار و خۆبەدوورگرتن لە دەستێوەردان لە کاروباری ناوخۆییی ئەو وڵاتەدا. هەرچەندە پێشینەی سەربازی بە تەنیا ڕێگرییەکی یاسایی بۆ دانانی باڵیۆز نییە، بەڵام بەکارهێنانی پێگە و پارێزبەندیی دیپلۆماتی بۆ بەڕێوەبردنی ئۆپەراسیۆنی ئەمنییەتی یان پشتیوانیکردن لە گرووپە چەکدارەکان، لەگەڵ سنوورە یاسایییەکانی ئەرکی دیپلۆماتیدا ناکۆکە.

لە نوێترین نموونەدا، ئالی‌سادق لە ٢٠ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٦دا بانگەشەی ئەوەی کرد کە بەغدا و تاران ڕێککەوتوون لەسەر دەرکردنی ئەندامانی حیزبەکانی کوردستانی ئێران لە هەرێمی کوردستان یان ڕادەستکردنەوەیان بە کۆماری ئیسلامی؛ بانگەشەیەک کە لە بەیاننامەی فەرمیی لایەنی عێراقیدا پشتڕاست نەکراوەتەوە. هێنانەئارای بابەتێکی لەم چەشنە لە لایەن باڵیۆزێکەوە کە پێشینەی کارکردنی لە سوپای قودسدا تۆمار کراوە، نیگەرانییەکان سەبارەت بە بەکارهێنانی پەیوەندییە دیپلۆماتییەکان بۆ پەرەپێدانی گوشاری ئەمنییەتی لەسەر نەیارانی سیاسی لە دەرەوەی سنوورەکانی ئێران زیاتر دەکات.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا پێداگری دەکات کە پارێزبەندی و ئیمتیازە دیپلۆماتییەکان بۆ مسۆگەرکردنی جێبەجێکردنی ئەرکە ڕەواکانی نوێنەرایەتیی وڵاتان دانراون، نەک بۆ دابینکردنی پەردەپۆشێکی یاسایی بۆ چالاکییە ئەمنییەتییە فرەسنوورییەکان. بەڵگەداربوونی ئەم دەستنیشانکردنانە، پێویستیی چاودێریی دەوڵەتانی میواندار بەسەر سنووری چالاکیی نوێنەرایەتییەکانی کۆماری ئیسلامی و پێشگرتن بە هەر چەشنە خراپ‌بەکارهێنانێکی پێگەی دیپلۆماتی دژ بە نەیارانی سیاسی و پەنابەران زەق دەکاتەوە.

زۆرتر لەسەر ئەم بابەتە

بە نەرخترین