بانگهێشتکردنەوەی دوو چالاکوانی مافی ژنان بۆ دادگای پێداچوونەوە بە تۆمەتێکی نوێوە لە سنە

بەپێی ئەو زانیارییانەی گەیشتوونەتە دەست ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا، لەیلا پاشایی و باران ساعیدی، دوو چالاکوانی مافی ژنان و لە دەستبەسەرکراوانی بزووتنەوەی «ژن، ژیان، ئازادی»، لە ڕێگەی ناردنی ئاگادارییەکەوە لەلایەن لقی چوارەمی دادگای پێداچوونەوەی سنە، بۆ ڕۆژی ٣ی سەرماوەزی ١٤٠٥ بە تۆمەتی «کۆبوونەوە و تەبانی بۆ ئەنجامدانی تاوان دژی ئاسایشی ناوخۆ و دەرەوە» بانگهێشت کراون.

ئەم دوو چالاکوانە پێشتر لە ڕەشەمەی ١٤٠٣دا، پەیوەندیدار بە بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمی ڕۆژی جیهانیی ژنان، بۆ ماوەی ١٦ ڕۆژ دەستبەسەر کرابوون و پاشان لەلایەن لقی دووەمی دادگای شۆڕشی سنەوە بە تۆمەتی «پڕوپاگەندە دژی دەسەڵات» سزای سێ مانگ بەندکردنی تەعزیرییان بەسەردا سەپێنرابوو و لە تۆمەتی «پێکهێنانی گرووپی نایاسایی» بێبەری کرابوون.

بەپێی زانیارییە بەردەستەکان، بانگهێشتکردنەوەی ئەوان لە دوای سکاڵایەکی نوێی ئیدارەی ئیتڵاعات و خستنەڕووی بەڵگەی نوێ هاتووەتە ئاراوە. خستنەڕووی تۆمەتێکی نوێ لە قۆناغی پێداچوونەوەدا، بێجگە لە دروستکردنی پرسیار سەبارەت بە بنەمای یاسایی دادگاییکردنەکە، نیگەرانییەکان لەبارەی ڕەچاوکردنی مافی بەرگریکردن، گەرەنتییەکانی دادگاییکردنی دادپەروەرانە و بەردەوامیی گوشاری دەسەڵاتی دادوەری لەسەر چالاکوانانی مافی ژنان زیاتر دەکات.

زۆرتر لەسەر ئەم بابەتە

بە نەرخترین