ئازادکردنی کاتیی «مەریەم داوودیان» هاووڵاتیی خەڵکی بۆکان بە دانانی بارمتە لە بەندیخانەی ناوەندیی ورمێ

بەپێی ڕاپۆرتە گەیشتووەکان بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا: مەریەم داوودیان، تەمەن ٥٧ ساڵ و خەڵکی شاری بۆکان، دوای هەشت ڕۆژ دەستبەسەرکران، بە دانانی بارمتەی ٥ ملیار تمەنی، بە شێوەی کاتی و تا کاتی بەڕێوەچوونی دادگا لە زیندانی ناوەندیی ورمێ ئازاد کرا.
خانمی داوودیان ڕۆژی شەممە ٢٩ی خاکەلێوەی ١٤٠٥ی هەتاوی، لە ڕێگەی پەیوەندیی تەلەفۆنییەوە بانگهێشت کرابوو. ناوبراو دوای چوون بۆ ناوەندی پەیوەندیدار، فەرمانی دەستبەسەرکردنی ١٠ ڕۆژەی بۆ دەرچوو. پاشان ڕۆژی دووشەممە ٣١ی خاکەلێوەی ١٤٠٥، دوای سەردانی بو ئیدارەی ئیتلاعات، دەستبەسەر کرا و بۆ زیندانی ناوەندیی ورمێ گواستراوەتەوە.
بە ووتەی سەرچاوەیەکی نزیک لە بنەماڵەی خانمی داوودیان، باری تەندروستیی ناوبراو لە کاتی گەڕانەوەی بۆ ماڵەوە ناجێگیر بووە. بەڵام دوای سەردانی پزیشک، وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی و بەکارهێنانی دەرمان، باری تەندروستیی ڕووی لە باشبوون کردووە.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا، وێڕای ئاماژەدان بە ئازادیی کاتیی خانمی داوودیان، نیگەرانیی یاسایی خۆی بەرانبەر بە شێوازی بانگهێشتکردنی تەلەفۆنی، دەرچوونی فەرمانی دەستبەسەرکردن، گواستنەوەی بۆ زیندان و باری نالەباری تەندروستیی ناوبراو دوای ئازادبوونی ڕادەگەیەنێت. هانا جەخت دەکاتەوە کە بانگهێشتکردن، دەستبەسەرکردن و ڕاگرتنی هاووڵاتییان دەبێت تەنیا لە سەر بنەمای یاسا و بە گەرەنتی کردنی مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر، زانیاریبەخشینی ڕوون بە بنەماڵە و دابینکردنی چاودێریی پزیشکیی پێویست ئەنجام بدرێت.

زۆرتر لەسەر ئەم بابەتە

بە نەرخترین