کوژرانی کۆڵبەرێک بە هۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی پاسەوانی سنوور لە سنووری باشماخ

بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا، مادح کرمانی، کوڕی سەعید، خەڵکی ئاوایی خەیراوا و دانیشتووی شاری مەریوان، لە جەریانی کۆڵبەری لە سنووری باشماخ، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی پاسەوانی سنووری کۆماری ئیسلامی ئێران کوژراوە.

بە پێی ئەم ڕاپۆرتە، مادح کرمانی چەند ڕۆژ لەمەوبەر بۆ کۆڵبەری ڕووی لە سنووری باشماخ کردووە، بەڵام دوای تەقەی هێزەکانی پاسەوانی سنوور بێسەر و شوێن بووە و بنەماڵەکەی ماوەی سێ ڕۆژ لە هەواڵێکیان لە سەر بارودۆخ و چارەنووسی ئەو نەبووە.

بە گوێرەی زانیارییەکانی هانا، هێزە ئەمنییەکان ئەمڕۆ لە ڕێگای پەیوەندی تەلەفۆنیەوە بە بنەماڵەی ئەم کۆڵبەرەیان ڕاگەیاندووە کە بە مەبەستی وەرگرتنی تەرمەکەی سەردانی پزیشکی دادوەری بکەن. بنەماڵەی کرمانی دوای ئەم پەیوەندییە تەلەفۆنیە زانیویانە کە گیانی لە دەستداوە.

مادح کرمانی خێزاندار و باوکی دوو منداڵ بوو.

تا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم ڕاپۆرتە، هیچکام لە دامودەزگا سەربازی، ئەمنیەتی و دادوەرییهکانی کۆماری ئیسلامی ئێران ڕوونکردنەوەیەکیان سەبارەت بە کاتی وردی کوژرانی، چۆنیەتی بەکارهێنانی چەک لەدژی، هۆکاری ئاگادار نەکردنەوەی بنەماڵەکە بۆ سێ ڕۆژ سەبارەت بە چارەنووسی و شوێنی ڕاگرتنی تەرمەکەی، هەروەها هۆکارەکانی دواکەوتنی ئاگادارکردنەوەی کەسوکارەکەی، نەخستووەتەڕوو.

زۆرتر لەسەر ئەم بابەتە

بە نەرخترین