بڕیاری سەیری دادگای باڵای ئینتزامیی دادوەران سەبارەت بە پێدانی مۆڵەتی پارێزەری بە دەرچوویەکی حەوزەی زانستی بەبێ خوێندنی یاسایی

لە بڕیارێکی جێگەی باسدا، دادگای باڵای ئینتزامیی دادوەرانی کۆماری ئیسلامی، ناوەندی پارێزەرانی دادگوستەریی پارێزگاکانی فارس و کۆهگیلوویە و بۆیەرئەحمەدی ناچار کردووە مۆڵەتی ڕاهێنانی پارێزەری (کارئامووزی) بۆ کەسێک دەربکات کە خاوەنی بڕوانامەی ئاستی دووی حەوزەی زانستییە لە بەشی زانست و مەعاریفی ئیسلامیدا. کانوونی پارێزەران سەرەڕای سەرکەوتنی داواکار لە تاقیکردنەوەی پارێزەریدا، بڕوانامەی خوێندنی ناوبراوی بەبێ مەرجە یاساییە پێویستەکان دانابوو، بەڵام دادگا بە پشتبەستن بە بڕگەی ٤٦ی پەیڕەوی جێبەجێکردنی پڕۆژەیاسای سەربەخۆیی ناوەندی پارێزەران، بڕوانامەی حەوزەی بۆ وەدیهاتنی مەرجی خوێندن بە تەواو زانیوە.
لە ئەڵمانیا، چوونە ناو پیشەی پارێزەری لە بنەڕەتدا پێویستی بە ساڵانێک ڕاهێنانی پسپۆڕانەی یاسایی، ڕاهێنانی دادوەری و سەرکەوتن لە دوو تاقیکردنەوەی دەوڵەتیدا هەیە. لە ئینگلستانیشدا هەڵگرانی بڕوانامەکانی جگە لە بڕوانامەی یاسا دەبێت تاقیکردنەوە پسپۆڕییەکانی پارێزەری تێپەڕێنن و لانیکەم دوو ساڵ ئەزموونی پیشەیی بەدەست بهێنن. تەنانەت لە ڕەوتە ئاوارتەکانی ئەمریکاشدا، وەک ویلایەتی کالیفۆرنیا، پەروەردەی تایبەتیی یاسا لەژێر چاودێری و دەرچوون لە تاقیکردنەوە پیشەییەکاندا بە پێویست دادەنرێت.
بەڵام لە پێکهاتەی فیقهـ‌تەوەرەی کۆماری ئیسلامیدا، بڕوانامەی حەوزە لە بەشی زانست و مەعاریفی ئیسلامیدا دەتوانێت بەبێ سەلماندنی هاوتایی ناوەڕۆکەکەی لەگەڵ خوێندنی پسپۆڕانەی یاسادا، ببێتە جێگرەوەی مەرجی خوێندن بۆ چوونە ناو پیشەی پارێزەری. ئەم ئیمتیازە تەنیا خاڵێکی ئاوارتەی پەروەردەیی نییە، بەڵکوو ڕەنگدانەوەی پێگەی لەپێشتر دانانی دامەزراوە ئایینییەکانە لە سیستەمی یاسایی کۆماری ئیسلامیدا؛ پێکهاتەیەک کە تێیدا برەوی دامەزراوەیی خوێندنی حەوزە دەتوانێت وە پێش پێویستیی هەڵسەنگاندنی ناوەڕۆکی پسپۆڕانەی یاسا بکەوێت.
بابەتەکە دژایەتی کردنی خوێندنی ئایینی یان شیاویی کەسیی داواکار نییە، بەڵکوو ناڕەزایەتی دەربڕینە بەرامبەر بە سیستەمێک کە ئیمتیازێکی یاسایی تایبەت بۆ بڕوانامە ئایینییەکان دادەنێت، بێ ئەوەی هاوتایی زانستیی ئەوان لەگەڵ فێرکاریی یاساییدا بە پێویست بزانێت. دەرچوون لە تاقیکردنەوەی پارێزەریش ئەم نایەکسانییە لە پێوەرەکانی سەلماندنی مەرجەکانی خوێندندا پاساو نادات.
پارێزەری لە سیتەمی داددا ئیمتیازێک نییە بۆ دامەزراوە ئایینییەکان؛ یەکێکە لە بنەڕەتیترین گەرەنتییەکانی مافی بەرگریی کاریگەر، دەستڕاگەیشتن بە دادپەروەری و دادگاییکردنی دادپەروەرانەیە. بەپێی بنەما بنەڕەتییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان سەبارەت بە ڕۆڵی پارێزەران، ڕاهێنانی پیشەیی گونجاو و سەربەخۆیی دامەزراوەکانی پارێزەری بە پێداویستییە بنەڕەتییەکانی پاراستنی کاریگەری مافەکانی هاووڵاتییان دێنە ئەژمار. لاوازکردنی پێوەرە زانستییەکانی چوونە ناو ئەم پیشەیە، بەتایبەت لەو دۆسیانەدا کە ئازادی و ژیانی مرۆڤەکان لە مەترسیدایە، ناکرێت تەنیا وەک پرسێکی کارگێڕی یان پیشەیی سەیر بکرێت.
ئەم بڕیارە نموونەیەکی شایانی سەرنجە لە پێکدادانی نێوان ئیمتیازە پێکهاتەییەکانی خوێندنی ئایینی و پێداویستییە پیشەییەکانی یاسای مۆدێرن لە کۆماری ئیسلامیدا. کاتێک سیستەمی دادوەری ئیعتیباری بڕوانامەیەکی حەوزە بەبێ پێویستیی سەلماندنی هاوتایی ناوەڕۆکە یاساییەکەی بە بەس دەزانێت، بابەتەکە ئیتر تەنیا دەرکردنی مۆڵەتی پارێزەری نییە؛ بەڵکوو باڵادەست کردنی ئیمتیازە ئایدۆلۆژییەکانە بەسەر پێوەرە پسپۆڕییەکاندا لە دامەزراوەیەکدا کە ئەرکی بنەڕەتیی، بەرگری کردن لە ماف و ئازادییەکانی هاووڵاتییانە.

زۆرتر لەسەر ئەم بابەتە

بە نەرخترین