بەپێی ئەو زانیارییانەی بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا گەیشتوون، «محەمەد ڕایینخوب»، کرێکاری تەمەن ٥٥ ساڵ و باوکی دوو منداڵ، ڕۆژی سێشەممە ٦ی گەلاوێژی ١٤٠٥ی هەتاوی (٢٨ی ژوئیەی ٢٠٢٦)، لە پاشهاتی ڕووداوێکی کار لە یەکەیەکی بەردشکێن لە نزیک ئاوایی «جابەر»ی سەر بە شاری بەدرە لە پارێزگای ئیلام، گیانی لەدەست داوە.
بە گوتەی سەرچاوە ئاگادارەکان، ئەم کرێکارە لە کاتی گواستنەوەدا لە نێو باکێتی لۆدەرێکدا بووە، کە بەهۆی کەوتنی لۆدەرەکە بۆ ناو هەوراز و نشێوێک لە ڕێگەیەکی خۆڵدا، هاوسەنگیی لەدەست داوە و کەوتووەتە سەر زەوی. لەسەر بنەمای زانیارییە گەیشتووەکان بۆ هانا، دوای کەوتنەخوارەوەی، تایەی لۆدەرەکە بەسەر جەستەیدا ڕۆیشتووە و ناوبراو بەهۆی قورسیی برینەکانیەوە هەر لەو شوێنەدا گیانی لەدەست داوە.
ئەم ڕووداوە جارێکی دیکە پێویستیی جێبەجێکردنی وردی ڕێساکانی ئیمنی و پاراستنی تەکنیکی لە ژینگەکانی کاردا وەبیر دەهێنێتەوە. گیانلەدەستدانی کرێکاران لەم جۆرە ڕووداوانەدا، کە زۆرجار دەرەنجامی بەکارهێنانی شێوازی نائەمن، نەبوونی کەرەستەی گونجاو و لاوازیی چاودێری لەسەر ڕەچاوکردنی ستانداردە ئیمنییەکانە، لەو ڕووداوانە ئەژمار دەکرێن کە دەکرێت ڕێگرییان لێ بکرێت و بەرپرسیارێتیی خاوەنکاران و ناوەندە چاودێرەکان لە پاراستنی گیان و تەندروستیی هێزی کاردا بەرجەستە دەکات.
