بەپێی زانیارییە گەشتووەکان بە دەستی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا،ڕۆژی هەینی ٨ی خەزەڵوەری ١٤٠٥،گەنجێکی خەڵکی سنە بە ناوی پژمان عەنایەتی،لە ئەنجامی هێرشێکی توندوتیژانەی سێ کەسدا بەسەختی بریندار بوو و گواسترایەوە بۆ نەخۆشخانەی کەوسەر.ناوبراو نزیکەی شەش کاتژمێر دوای هێرشەکە،بەهۆی سەختی برینەکانیەوە لە بەشی چاودێریی چڕدا گیانی لەدەستدا.سەرچاوەکانی هانا ناوی سێ کەسیان بە ناوەکانی شۆڕش قەشڵاق،سەید ئەمیر و سمکۆ وەک هۆکارانی ئەگەریی ئەم هێرشە هێناوە. هەروەها ڕاپۆرتگەلێک سەبارەت بە بەشداریکردنی پێشووی ئەم کەسانە لە سەرکوتکردنی خۆپێشاندانە جەماوەرییەکاندا گەیشتووە کە پێویستی بە لێکۆڵینەوەی سەربەخۆ هەیە.
ئەم ڕووداوە نیگەرانیی جیدی سەبارەت بە ئاسایشی گیانیی هاووڵاتییان و بەرپرسیارێتیی دامەزراوە حکومییەکان لە پاراستنی ئەوان لە بەرامبەر توندوتیژیدا دەخاتە ڕوو.مافی ژیان و ئاسایشی کەسی،دەوڵەت پابەند دەکات بە گرتنەبەری ڕێوشوێنی کاریگەر بۆ ڕێگریکردن لە توندوتیژییە پێشبینیکراوەکان و ئەنجامدانی لێکۆڵینەوەی سەربەخۆ و کاریگەر سەبارەت بە مەرگە توندوتیژانەکان.
ڕێکخراوی هانا جەخت دەکاتەوە کە ناسینەوە و ڕاودوونانی یاسایی هۆکارانی ئەگەریی ئەم ڕووداوە و لێکۆڵینەوە لە هەر جۆرە پەیوەندییەکی ئەوان لەگەڵ دامەزراوە حکومییەکاندا،بۆ ڕێگریکردن لە بەردەوامیی توندوتیژی و دەربازبوون لە سزا پێویستە.تا ئێستا زانیارییەکی باوەڕپێکراو سەبارەت بە ڕێوشوێنە دادوەرییە ئەنجامدراوەکان لەم دۆسیەیەدا لەبەردەستدا نییە.
