بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا، رێبوار مارابی شارۆمەندی تەمەن ٢٧ ساڵ، خەڵکی ئاوایی “ماراو”ی سەر بە شاری کامێران و لە دەستبەسەرکراوانی ناڕەزایەتییەکانی بەفرانباری ١٤٠٤ لە تاران، دوای بانگ کرانی بۆ بەشی جێبەجێ کاری سزاکان دەستبەسەر و بە مەبەستی جێبەجێ کرانی سزای بەندکران، بۆ بەندیخانەی تاران (فەشافویە) ڕاگوێزراوە.
بە پێی ئەم ڕاپۆرتە، ئەو شارۆمەندە لە مانگی ڕێبەندانی ١٤٠٤، لە لایەن لقی ٢٨ی دادگای شۆڕشی ئیسلامی تارانەوە بە سەرۆکایەتی دادوەر محەمەد رەزا عەموزادە، بە تۆمەتی “کۆبوونەوە و پیلانگێڕی بە مەبەستی ئەنجامدانی تاوان لە دژی ئاسایشی وڵات” سزای ١٠ ساڵ بەندکرانی تەعزیری بە سەردا سەپێندرابوو. ئەم سزایە لە قۆناغی تێهەڵچوونەوە بۆ شەش ساڵ بەندکرانی تەعزیری و چوار ساڵ بەندکرانی تەعلیقی (هەڵپەسێردراو) کەم کرایەوە.
رێبوار مارابی ڕۆژی ٢١ی بەفرانباری ١٤٠٤، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە بە شێوەی سەرەڕۆیانە لە تاران دەستبەسەر کرا و دوای مانگێک بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی ئازاد کرابوو. ئەو لە ماوەی دەستبەسەریدا لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزە و چاوپێکەوتن و پەیوەندی لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەش کرابوو.
