هەڵکەندنی زەوی لەلایەن سوپای پاسدارانەوە لە بەرزایییەکانی دەوروبەری شاری سەردەشت

بەپێی ئەو زانیارییانەی بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا گەیشتوون، هێزەکانی سوپای پاسداران لە ماوەی دوو ڕۆژی ڕابردوودا بە بەکارهێنانی ئامێرە قورسەکان، لەوانەش بێڵی میکانیکی، دەستیان بە ئۆپەراسیۆنی هەڵکەندن و گواستنەوەی خاک کردووە لە ناوچەی «جاتراوێ» کە لە بەرزایییەکانی نێوان گوندەکانی شموڵە، دارساوێن و هەورازە، لە سنووری شاری سەردەشت، هەڵکەوتووە.

لەسەر بنەمای زانیارییە گەیشتووەکان، هێزەکانی سوپای پاسداران بە دانیشتووانی ناوچەکەیان ڕاگەیاندووە کە ئامانجی ئەم ئۆپەراسیۆنە، گەڕانە بەدوای تەرمی ژمارەیەک لە هێزەکانی ئەم ناوەندەیە کە لە ساڵانی ڕابردوودا لە تێکهەڵچوون لەگەڵ حیزبە کوردییەکانی نەیاری کۆماری ئیسلامی، لەوانەش کۆمەڵە و حیزبی دیموکرات، کوژراون.

بە گوتەی سەرچاوە خۆجێییەکان، ئەم ئۆپەراسیۆنە بووەتە هۆی نیگەرانیی بەرفراوانی دانیشتووانی ناوچەکە و، جگە لە تێکدانی بەشێک لە سروشت و ڕووپۆشی ڕووەکی، ناڕوونی دەربارەی ئامانجە ڕاستەقینەکانی ئەم هەنگاوانەش نیگەرانییەکان زیاتر کردووە.

بە گوتەی هەمان سەرچاوه، تا ئێستا هیچ کام لە ناوەندە بەرپرسەکان ڕوونکردنەوەیەکی فەرمی یان شەفافیان دەربارەی ڕەهەند و ئامانجی ئەم ئۆپەراسیۆنە بە دانیشتووانی ناوچەکە نەداوە.

زۆرتر لەسەر ئەم بابەتە

بە نەرخترین