بەپێی ئەو زانیارییانەی بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا گەیشتوون، «کیومەرس حەسەنبەیگی»، هاووڵاتیی خەڵکی ئیلام، ڕۆژی چوارشەممە ٣١ی پووشپەڕی ١٤٠٥ی هەتاوی، لەلایەن هێزەکانی ئیتڵاعاتی سوپای پاسدارانەوە دەستبەسەر کراوە و دوای تێپەڕبوونی پێنج ڕۆژ، هێشتا هیچ زانیارییەک لەسەر شوێنی ڕاگرتن، باری جەستەیی و چارەنووسی ناوبراو لەبەردەستدا نییە.
لەسەر بنەمای زانیارییە گەیشتووەکان، هێزە ئەمنییەکان بەبێ نواندنی حوکمی دادگا و بە پەنابردن بۆ توندوتیژی، ئەم هاووڵاتییەیان دەستبەسەر کردووە. سەرچاوە ئاگادارەکان ڕایانگەیاندووە کە لە کاتی دەستبەسەرکردنەکەدا، ناوبراو بەهۆی لێدان و کوتانەوە دەستی ڕاستی شکاوە.
بە گوتەی سەرچاوە ئاگادارەکان، کیومەرس حەسەنبەیگی لە کاتی دەستبەسەرکردنییەوە لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر، چاوپێکەوتن و پەیوەندیی تەلەفۆنی بە بنەماڵەکەی بێبەش کراوە. هەروەها، سەرەڕای بەدواداچوونی بەردەوامی بنەماڵەکەی لە ناوەندە ئەمنی و دادوەرییەکان، تا ئێستا هیچ جۆرە زانیارییەک دەربارەی شوێنی ڕاگرتن، باری تەندروستی یان هۆکاری دەستبەسەرکردنی ناوبراو بە بنەماڵەکەی نەدراوە.
