ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا ئاگادارکراوەتەوە کە ڕۆژی شەممە ٢ی خەزەڵوەری ١٤٠٥ ئیدریس محەمەدزادە،هاووڵاتی خەڵکی شاری مەهاباد، دوای بانگ کردنی بۆ لقی جێبەجێکاری حوکمەکانی دادسەرای گشتی و شۆڕشی ئەم شارە دەستبەسەر کراوە و بە مەبەستی جێبەجێکردنی حوکمی بەندکرانەکەی بۆ بەندیخانەی ناوەندیی مەهاباد ڕاگوێزراوە.
ئیدریس محەمەدزادە پێشتر لە لایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی مەهابادەوە بە تۆمەتی “ئەندامێتی لە گرووپە ئۆپۆزسیۆنەکان” سزای پێنج ساڵ و یەک ڕۆژ بەندکرانی تەعزیریی بەسەردا سەپابوو.
شایانی باسە، ناوبراو لە ڕێکەوتی ٤ی ڕەشەمەی ١٤٠٣دا،دوای بانگ کردنی بۆ بنکەی هەواڵگریی ئیدارەی ئیتلاعاتی مەهاباد دەستبەسەر کرا و بۆ دەستبەسەرگەی ئەم ناوەندە ئەمنییە لە ورمێ گواسترایەوە.ناوبراو دوای ٤٥ ڕۆژ ڕاگرتنی لە ژووری تاکەکەسی و لێکۆڵینەوە،بۆ بەندیخانەی مەهاباد گواسترایەوە و لە ڕێکەوتی ٢٧ی گەلاوێژی ١٤٠٤دا،بە دانانی بارمتەی پێنج ملیارد تمەنی بە شێوەی کاتی ئازاد کرابوو.
