بەپێی ئەو زانیارییانەی گەیشتوونەتە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا، ڕۆژی دووشەممە ٢٨ی ڕەزبەری ١٤٠٥، ڕۆژان ئیبراهیمی، تەمەن ٢٠ ساڵ و وەرزشکاری بواری هونەرە جەنگییەکان (MMA) و خەڵکی شاری سەقز، بەهۆی بانگ کردنە بەردەوامەکان و گوشارەکانی ئیدارەی ئیتلاعات بۆ هاوکاریکردن لە ناسینەوە و خستنە داوی چالاکوانانی سیاسیی دەرەوەی ئێران، هەوڵی خۆکوشتنی داوە.
ناوبراو دوای گواستنەوەی بۆ نەخۆشخانە و پێنج ڕۆژ مانەوە لەوێ، لە مەترسیی مەرگ ڕزگاری بوو.
ڕۆژان ئیبراهیمی پێشتر لە ڕۆژی شەممە ١١ی ڕەزبەری ١٤٠٥، لە ئەنجامی هەڵکوتانی هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات بۆ سەر ماڵی بنەماڵەکەی و بەبێ نیشاندانی هیچ بڕیارێکی دادوەری دەستبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار گوازرایەوە. ناوبراو پاش ماوەیەک بە دانانی بارمتە بە شێوەیەکی کاتی ئازاد کرا، بەڵام مۆبایل، سیمکارت و هەژماری ئینستاگرامی ناوبراو هەر لە دەستی هێزە ئەمنییەکاندا مایەوە.
زانیارییە وەرگیراوەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە هێزە ئەمنییەکان دوای دەست پێڕاگەیشتن بە هەژماری ئینستاگرامی ئەم وەرزشکارە گەنجە، بۆ ناردنی پەیام بۆ چالاکوانانی سیاسیی دەرەوەی ئێران کەڵکیان لێ وەرگرتووە. هەروەها، لاپەڕەی نوێ بە ناوی ناوبراوەوە لە ئینستاگرام دروست کراون کە لە ڕێگەیانەوە پەیام بۆ ئەو چالاکوانانە دەنێردرێت. هاوکات، ڕۆژان ئیبراهیمی بۆ هاوکاریکردن لەگەڵ ئیدارەی ئیتلاعاتی سەقز لەژێر گوشاردا بووە.
ئەم گوشارانە لەگەڵ هەڕەشەی وەک دۆسیەسازی، دەرکردنی حوکمی قورس، دەستبەسەر کردنەوە، ئەشکەنجەدان و ئازار و بێزارکردن بوون و ئامانج لێی ناچارکردنی بە هاوکاریکردن لەگەڵ ئەم ناوەندە ئەمنییە ڕاگەیەندراوە. بەردەوامیی ئەم هەڕەشە و گوشارانە لە کۆتاییدا بووە هۆی هەوڵی ناوبراو بۆ خۆکوژی لە ڕێگەی خواردنی حەبەوە. ناوبراو پاش گواستنەوەی بۆ نەخۆشخانە خرایە ژێر چاودێریی پزیشکی لەوانەش شووشتنی گەدە و بۆ ماوەی پێنج ڕۆژ لە نەخۆشخانە خەوێندرا.
جێی ئاماژەیە، ڕۆژان ئیبراهیمی تەنانەت لە کاتی خەواندنی لە نەخۆشخانەشدا بەهۆی بەردەوامیی گوشارەکانی ئیدارەی ئیتلاعات هەستی بە ئەمنییەت نەکردووە و داوای مۆڵەتی پێشوەختە و زوو دەرچوونی کردبوو، پێش ئەوەی قۆناغەکانی چارەسەریی تەواو ببن. تا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم ڕاپۆرتە، زانیارییەکی ورد لەبارەی بارودۆخی ئێستای ناوبراو لەبەردەستدا نییە.
