ڕاپۆرتی هانا سەبارەت بە کوژرانی مەهدی تەوەکولی و دوو ئەندامی بنەماڵەکەی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە

بەپێی ئەو زانیارییانەی بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا گەیشتوون، دوای نیوەڕۆی یەکشەممە ٤ی گەلاوێژی ١٤٠٥ی هەتاوی، ئۆتۆمبێلی «مەهدی تەوەکولی»، چالاکی کولتووری و هونەریی کورد، کرایە ئامانجی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ئیتلاعاتی سوپای پاسداران. لە ئەنجامی ئەم تەقەکردنەدا، مەهدی تەوەکولی لەگەڵ دایکی بە ناوی «مەریەم ئەسڵانی» و خوشکەکەی بە ناوی «سومەیە تەوەکولی» گیانیان لەدەست دا.

ڕاپۆرتە گەیشتووەکان باس لەوە دەکەن کە تەرمی گیانبەختکردووان لەژێر چاودێریی توندی هێزە ئەمنییەکاندا بۆ سنە گواستراوەتەوە و ڕۆژی دووشەممە ٥ی گەلاوێژی ١٤٠٥ لە گۆڕستانی بەهەشت محەمەدی، لە نێو کەشێکی تەواو ئەمنیدا، نێژراون. هاوکات، بنەماڵەی قوربانییەکان خراونەتە ژێر گوشارەوە تا لە زانیاریبەخشین دەربارەی چۆنیەتیی ڕووداوەکە خۆ بپارێزن و هۆکاری مردنەکەیان وەک «ڕووداوی هاتووچۆ» ڕابگەیەنن.

لە بەرانبەردا، وتەبێژی فەراجا و میدیای حکوومی ئیدیعای ئەوەیان کردووە کە سەرنشینانی ئۆتۆمبێلەکە ئەندامی گرووپێکی چەکداری کورد بوون و لە کاتی تێکهەڵچوونی چەکداریدا کوژراون.

بەڵام، تا کاتی بڵاوکردنەوەی ئەم ڕاپۆرتە، هیچ بەڵگەیەکی سەربەخۆ و ڕاستی‌ئازماییکراو دەربارەی ڕوودانی تێکهەڵچوون، چەکداربوونی گیانبەختکردووان، ئاڵوگۆڕی تەقە یان هەبوونی هەڕەشەیەکی خێرا دژی هێزە چەکدارەکان بڵاو نەکراوەتەوە. نەبوونی هەر جۆرە بەڵگەیەکی سەربەخۆ، هاوکات لەگەڵ کۆنتڕۆڵی ئەمنیی تەرمەکان، سنووردارکردنی ڕێوڕەسمی پرسە، ئەسپەردەکردن و سەپاندنی گوشار بۆ سەر بنەماڵە، بڕواپێکراویی گێڕانەوەی فەرمی دەخاتە ژێر پرسیاری جیدییەوە.

بەپێی پێوەرە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ، بەکارهێنانی هێزی کوشندە تەنیا لە بارودۆخێکدا ڕێگەپێدراوە کە بۆ پاراستنی گیانی کەسەکان لە بەرانبەر مەترسییەکی خێرا و حەتمیدا، تەواو پێویست بێت. تەقەکردنی کوشندە بۆ سەر ئۆتۆمبێلێک کە سێ ئەندامی بنەماڵەیەکی تێدایە، بەبێ خستنەڕووی بەڵگەی باوەڕپێکراو دەربارەی هەبوونی وەها مەترسییەک، نموونەی ئاشکرای زەوتکردنی سەرەڕۆیانەی مافی ژیانە.

مەهدی تەوەکولی بەڕێوەبەری ماڵی وێنەگرانی کوردستان، دامەزرێنەری ناوەندی هونەریی «چاو» و بەندکراوی سیاسیی پێشوو بوو کە پێشتریش بەهۆی چالاکییە کولتووری، هونەری و مەدەنییەکانیەوە ڕووبەڕووی گوشار و مامەڵەی ناوەندە ئەمنییەکان ببووەوە.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا کوشتنی مەهدی تەوەکولی، مەریەم ئەسڵانی و سومەیە تەوەکولی بە توندی شەرمەزار دەکات. ئەم ڕووداوە ناتوانرێت وەک ڕووداوێکی دابڕاو یان دەرەنجامی ئۆپەراسیۆنێکی ئاساییی ئەمنی سەیر بکرێت، بەڵکوو دەبێت لە درێژەی شێوازە بەردەوام و سیستماتیکەکەی بەکارهێنانی نایاساییی هێزی کوشندە دژی هاووڵاتییانی کورد، چالاکانی مەدەنی و بنەماڵەکانیان هەڵبسەنگێندرێت.

تەقەی ڕاستەوخۆ، گواستنەوە و ناشتنی تەرمەکان لەژێر چاودێریی ئەمنیدا، سەپاندنی گوشار بۆ سەر بنەماڵە و هەوڵدان بۆ سەپاندنی گێڕانەوەیەکی ناڕاست دەربارەی هۆکاری مردن، بەشێکن لە میکانیزمێکی ناسراو بۆ کوشتن، شاردنەوەی ڕاستی و گەرەنتی کردنی پارێزبەندیی ئەنجامدەران. بەردەوامیی ئەم شێوازە نیشانی دەدات کە کوشتنە فراقانونییەکان لە کوردستان نەک دەرەنجامی ڕەفتاری تاکەکەسیی مەئموورەکان، بەڵکوو بەشێکن لە سیاسەتی ڕێکخراوی سەرکوتی کۆماری ئیسلامی؛ سیاسەتێک کە مافی ژیان پێشێل دەکات و بنەماڵەی قوربانییەکانیش ڕووبەڕووی تۆقاندن و بێبەشکردن لە مافی زانینی ڕاستی دەکاتەوە.

زۆرتر لەسەر ئەم بابەتە

بە نەرخترین